هەرێم نیوز
خواجە ئاسف وەزیری بەرگریی پاکستان رایگەیاند وڵاتەکەى لە پشتى ئێرانە لە بەرامبەر خواستە دوژمنکارانەکەى ئیسرائیل دا و ئەمەى لەبەردەم کۆبوونەوەى گشتى ئەنجوومەنی نیشتمانى وڵاتەکەیدا گوت کە هێرشەکەی سەر ئێرانى مەحکوومکرد، بووە هۆی وێرانکردن و تێکدانى دامەزراوە سەربازیی و ئەتۆمییەکان و کوژرانى ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازییەکان.
لەگوتارەکەیدا خواجە گوتى: ئێران وڵاتێکى دراوسێمانە چەندین سەدەیە پێکەوەین، لەم نەهامەتی و ناخۆشییەدا بەرۆکی گرتووە ئەرکی ئێمەیە بیپارێزین ، ئێرانیەکان برامانن بەشداریی ناخۆشى و نەهامەتییەکانیانین.
وەزیری بەرگریی پاکستان گوتیشى: ئیسرائیل لەیەک کاتدا پەلاماری یەمەن، فەلەستین و ئێران دەدات، هەربۆیە لە هەموو کات یەکگرتنی نەتەوە ئیسلامییەکان پێویستترە و بووەتە شتێکى حەتمی، ئەگەر ئەمڕۆ بێدەنگی هەڵببژێرین ئەوا هەموومان دەکرێینە ئامانج.
جەختیشى کردەوە کۆبوونەوەى رێکخراوى هاریکاریی ئیسلامیی زۆر پێویستە ئەنجام بدرێت و پێویستە هەموو وڵاتانى ئیسلامی یەکهەڵوێست بن لەبەرامبەر ئیسرائیل دا. گوتیشى گەل و نەتەوە ناموسڵمانەکان لە رۆژئاوا خۆپیشاندان دەکەن و نیگەرانن لەبەرامبەر سیاسەتەکانى ئیسرائیل و ئەمەش پێچەوانەیە لەگەڵ سەرجەم وڵاتانى ئیسلامیی.
ئاسف جەختیشى کردەوە پاکستان پێگەى خۆی دەپاریزێت لەیەکەم رۆژەوە کە ئیسرائیل دامەزراوە و تا ئێستاش دانى بەو دەوڵەدا نەناوە و بەهیچ شێوەیەک پەیوەندیی لەگەڵدا گرێ نەداوە، سەرجەم وڵاتانى ئیسلامیشى هاندا دەست بکەن بە بچڕانى پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل و ئەگەر ئیسرائیلیش دەستى هێنا ئەوا ئەوان دەستەکەى رەتبکەنەوە.