هەرێم نیوز
وەزیری بەرگری ئەمریکا دەڵێت هێشتا دەرگاکان کراوەن بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران.
پیت هێگسێت، وەزیری بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند، ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات و یەکەم ڕۆژی هێرشەکانیش سەرکەوتوو بوو.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکی ئەمریکا بەدوای ئاشتیدا دەگەڕێت. هێگسێت وتی: ئێران ئاگاداری بژاردەکانی خۆیەتی و دەزانێت ئەگەر بیەوێت بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان، دەتوانێت ئەو کارە بکات.
وەزیری بەرگری ئەمریکا هەروەها هەواڵەکەی دوێنێی پشتڕاستکردەوە کە ئەمریکا پێکهاتەی سەربازی هێزەکانی لە ناوچەکەدا گۆڕیوە بۆ ئەوەی تا دەتوانێت بەرژەوەندییەکانی و هاووڵاتیانی ئەمریکی بپارێزێت.
پێشتریش باس لەوە کرابوو کە کەشتییەکانی ئەمریکا لە دەریای ناوەڕاست زیاتر لە ئیسرائیل نزیکبوونەتەوە.
وتیشی، هێرشی ئیسرائیل و وەڵامدانەوەی تاران شتێک نییە کە ئەمریکا تووشی سەرسوڕمان بکات و ئەمریکا ئاگاداری توانا سەربازییەکانی ئێران و ئیسرائیلە.
لەم چاوپێکەوتنەدا وەزیری بەرگری ئەمریکا ئاماژەی بە بەیاننامەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد کە چەند کاتژمێرێک دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بڵاوکرایەوە و تیایدا ڕوبیۆ جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا هیچ ڕۆڵێکی لە هێرشەکەدا نییە.
ئێران ڕایگەیاندووە لەم دۆخەدا دانوستان بێمانایە و ڕەتیکردووەتەوە.
لەلایەکی دیکەشەوە پوتین و ترەمپ پەیوەندی تەلەفۆنی ئەنجامداوە.
ئاژانسی هەواڵی تاس بە پشتبەستن بە بەرپرسێکی کرێملین بڵاویکردەوە: ترەمپ پوتینی ئاگادارکردووەتەوە کە دانوستانکارانی ئەمریکی ئامادەن هاوکاری لەگەڵ نوێنەرانی ئێران دەستپێبکەنەوە.