دواین هەواڵ

کوردستان‌

 21/08/2022

خزمەتگوزاریی دەگەیەنرێتە 8 ی حەسارۆک

هەرێم نیوز

وەزارەتی شارەوانیی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان گرێبەستێکی بە گوژمەی 7 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بە مەبەستی گەیاندنی چەند خزمەتگوزارییەک بۆ گەڕەکی 8ی حەسارۆکی هەولێر لە گەڵ کۆمپانیایەکی ناوخۆیی ئیمزا کرد.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیى هاوبەشدا لەگەڵ پارێزگاری هەولێر و کۆمپانیای گەلیاوە، دووپاتی کردەوە کە لەسەر گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بۆ ئەو گەڕەکە سوون.

گرێبەستەکە، دروستکردنی شەقامی شەست مەتری و دەرکردنی ئاوەڕۆی ئەو شەقامە لەخۆ دەگرێت. بە گوێرەی زانیارییەکانی وەزیری شارەوانی، شەقامە شەست مەترییەکە، بە درێژایی 2.8 کیلۆمەترە و هەر سایدیشی 60 مەتر پانە. هەروەها ئاوەڕۆیەکی بە درێژایی 1.4 کیلۆمەتر و بەرزی و پانیی سێ مەتر، ئاوەڕۆیەکی دیکە بە درێژایی 800 مەتر و بەرزی و پانیی دوو مەتر و ئاوەڕۆیەکی بوریی بە درێژایی 1.2 کیلۆمەترە. ئەو شەقامە شەست مەترییە، دووسایدی لاوان بە گەڕەکی پێنجی حەسارۆک دەبەستێتەوە.

بە پێی گرێبەستەکە، کۆمپانیای جێبەجێکرا پێویستە لە ماوەی 110 رۆژدا، پرۆژەکە تەواو بکات.

کۆمپانیای گەلیاوە، بەڵێنی داوە کە پرۆژەکە زووتر لە کاتی دیاریکراودا، تەواو دەکات.

ماوەی زیاتر لە 18 ساڵە زەوییەکانی گەڕەکی هەشتی حەسارۆک دابەشکراوە، بەڵام خزمەتگوزاریی پێنەگەیشتووە.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی مەیدانی بۆ ئەو گەڕەکە کرد و چاوی بە بەشێک لە خاوەن زەوییەکان کەوت. ئەو کات سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، موژدەی بە خاوەن زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک دا کە لە ئایندەیەکی نزیکدا، کێشەکانیان چارەسەر دەکات و بوار بۆ پێدانی مۆڵەتی بیناکردن دەکرێتەوە و پرۆسەی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ئەم زەوییانە بەپێی پلانێکی گونجاو دەست پێ دەکات. 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP