دواین هەواڵ

کلتور‌

 03/05/2023

لەبارەی مەرگی ناودارانەوە

  1. كوردۆ شابان

هونەرمەندێک لە سلێمانی كۆچی دوایی كرد؛ نە كاتی نوێژخوێندن لە مزگەوت خەڵكی بە دەورەوە بوو، نە سەر گۆڕەكەی قەرەباڵغ بوو، كەچی لە فەیسبووک هاوخەمییەكی زۆری بۆ دەردەبڕدرێت. هەندێكیش ئەو دوو وێنە جیاوازە بە دووفاقی دەبینن و گلەیی دەكەن. ئەم دیمەنە، پێشتریش لەسەر مەرگی نووسەران و هونەرمەندان بینراوە و بەردەوامیش هەر وا دەبێت. پرسیارەكە ئەوەیە، داخۆ بەڕاست ئەمە نادروستە یان ئاسایییە؟

بەشداریكردن لە پرۆسەكانی پرسە: نوێژخوێندن، چوون بۆ گۆڕستان، دانیشتن لە ڕۆژانی پرسە لە مزگەوت و ماڵ، بەتەواوی كۆمەڵایەتیی خزمانە و خێزانین، زۆر فرەوان بێت، بازنەی هاوڕێیانیش دەگرێتەوە. ئەم هەستی بەرپرسیارییەتییە پێوەستە بە قەرز و قەرزدانەوە. لە پرۆسەی خزمان و هاوڕێیاندا، دەچیت، بۆیە بێنەوە؛ تەنانەت با پێشت وا بێت بۆ ئەو مەبەستە نییە. لە پرسەی ئەو نووسەرەی خۆشت دەوێت یان ئەو هونەرمەندەی بەردەوام گوێت بۆ شل كردووە، جۆری هەستەكان بەو شێوەیە ناجووڵێت، بۆیە زۆر سروشتی و ئاسایییە، لە سۆشیاڵمیدیادا تەواوی هاوخەمیی خۆت بۆ ناودارێک دەرببڕیت، بەڵام هەرگیز ئامادە نەبیت بچیتە پرۆسەكانی بەهێكەیەوە، چونكە پێوەندیی تۆ و ئەو، لە شوێنێكی دیكە دروست بووە، بۆیە هەر لەو شوێنەش كۆتایی دێت.

ڕەنگە یەكێک بپرسێت، ئەدی بۆچی لە پرسەی هونەرمەندان و ناودارانی وڵاتەیلی جیهاندا، خەڵكی بە لێشاو بەشداری دەكەن؟ هۆكارەكەی بۆ خاڵێكی دیكەی زۆر لەم بابەتە قووڵتر دەگەڕێتەوە، ئەویش شاربوون و شارنەبوونە. ئێمە خەڵكی وڵاتێكی بێ شارین؛ ئەم شوێنە گەورانەی لێی دەژین، لە ڕووی شەقام، نەخۆشخانە، زانكۆ و هەندێک شتی دیكەی بەرجەستەوە بوونەتە شار، لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە، تەنیا خڕبوونەوەی گوندنشینانە لەم شوێنە زلانەدا، چونكە وەک جاران بەرهەمی گوندەكان نایان ژیێنێت، ئیدی هاتوون لێرە بە هەمان پرەنسیپەكانی گوند و عەشرەت، دەژین. هەر بۆیە، ئینتیمای خەڵكەكان تەنانەت لەم بەناو شارانەشدا، تەنیا بۆ ئەوانەیە كە خزمیانن و لە هەمان گوند و عەشرەتەوە هاتوون.

هونەرمەندان و نووسەران، لەپێناو پانتایییەكی گەورەتر كە كۆمەڵگەیە، ئەو بازنە داخراوەی پێی دەگوترێت خزمایەتی، فەرامۆشی دەكەن. ئێ هونەرمەندێک یان نووسەرێک كە خەڵكی وڵاتێكی بێ شار بێت، كاتێک دەمرێت، كەسی نییە، چونكە خزمەكە نایناسێت، جەماوەرەكەش هیچ هەستێكی بەرپرسیارییەتی بەرانبەری نییە. من و هەموو نووسەرانی دیكەش، گشت هونەرمەندانی تر، ئاوا دەمرین.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP