دواین هەواڵ

کلتور‌

 12/05/2023

پێنچ كتێب كاریگەرییان لەسەر ژیانم هەبووە -گفتوگۆ لەگەڵ لەیلا سلێمانی-

شوان ئەحمەد كردوویەتی بەكوردی

لەدایكبووی ساڵی 1981. بەڕەگەز مەراكیشیەو هەڵگری ناسنامەی فەرەنسییە. نوێنەری تایبەتی ئیمانویل ماكرۆنی سەرۆكی فەرەنسایە، لەڕێكخراوی نێودەوڵەتی بۆ فرانكفۆنیەت. ژۆرنالیست و ڕۆماننوس و مافناس و و چالاكوانێكی دیاری فەرەنسایە. خاوەنی چەند بەرهەمێكە: (لای لایە، لە پاركی دیۆەکەدا، سێكس و ئەو درۆ و دەلەسانەی پێیەوە پەیوەستن).

ساڵی 2016 وەك سێیەمین كارەكتەر و وەك یەكەمین خانمی عەرەب، لەدوای هەریەك لە (تاهیر بن جەلۆن و ئەمین مەعلوف)، لەبەرامبەر نووسینی ڕۆمانی(لای لایە) خەڵاتی گۆنكۆری فەرەنسی بەدەست دێنێت. هاوكات ڕۆمانی (لەپاركی دیۆەکە)یش خەڵاتی (فلور) و خەڵاتی (مەئمونیە)ی ساڵی 2015 پێدەبەخشرێت و بەوەش دەبێتە یەكەمین خانمە براوەی ئەو خەڵاتە.

دەربارەی (خوێندنەوە)، ڕۆژنامەی (گاردیان)ی بەریتانی ئەم گفتوگۆیەی لەگەڵدا سازداوە.

دەقی گفتوگۆكە:

*ئەوە كام كتێبە بوو ژیانی تۆی گۆڕی؟

- هەتا ئێستاش ئەو دۆخی شڵەژان و شپرزەییەم لەبیرە، كاتێك بۆ یەكەمجار ڕۆمانی (ئانا كارنینا)ی ڕۆماننوسی ڕوسی لیۆ تۆلستۆیم خوێندەوە. ڕۆمانێكی عەجیب و غەریبە. سەرەتا لە مەغریب خوێندمەوە.

*حەزت دەكرد كام كتێبە تۆ بتنووسیایە؟

- ناتوانم لە دووبارە خوێندنەوەی ڕۆمانی (بلۆند)ی جۆیس كارۆڵ ئۆتس، ڕابوەستم. ڕۆمانەكە باسی چیرۆكی ژیانی مارلین مۆنرۆ دەكات. ئەو خانمەی سەرسامبووم پێی. بەخەمەكانی و بەجوانیە بێ‌ حەدو حیسابەكەی و بەو ژیانەی پڕی بوو لە تەلیسم و نهێنی.

*وەك نوسەرێك چ كتێبێك كاریگەری لەسەر جێهێشتیت؟

- ڕۆمانی (نامۆ)ی ئەلبێر كامۆ. شێوازی ڕۆمانەكە سادە و ڕاستەوخۆیە.

*ئەو كتێبە كامەیە كە لە سەردەمی منداڵیدا دڵخوازت بووە؟

- ( دەردەسەریەکانی سۆفیا)، ئەوەش كتێبێكە بۆ منداڵان. كۆنتێسە سیگۆر نوسیویەتی و هێریس كاستلی وێنەكانی كێشاوە.

*كتێبێك نەتوانیبێت تا كۆتایی لەگەڵیدا بڕۆیت و تەواوی بكەیت؟

- كتێبی ( پیاوێکی بێ ئەدگار)، لەنووسینی ڕۆبێرت مۆزێل. سەیرمكرد كتێبێكی بێتامە، وەلێ‌ لەوانەیە كاتێكی تر بچمەوەسەری و بیخوێنمەوە، چونكە چەند هاوڕێیەك زۆر باسی دەكەن.
* كامە كتێب بیركردنەوەتی گۆڕێ‌؟

- كتێبی (پەیامێك دەربارەی خۆ بەكۆیلەكردن) كە ئێتیان دی لابوتێ‌ نووسیویەتی.

* ئەو كتێبەت كامەیە دەتەوێت بۆ هەمیشە لە بیر و هۆشی خوێنەرەكانتدا بمێنێتەوە؟

- هێشتا نەمنووسیووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP