دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 16/05/2023

ئەوەی کە نوقسانیە و نیمانە هەر بە نوقسانی دەمێنێتەوە

شارا تاهير

ئەستەمە بگەیتە تەمەنێک تەواو بەر ئەو حەقیقەتە تاڵە بکەوێت کە خۆشەویستی لە ژیانتدا نیە یان هەر نەبووە سەڕەرای ئەوەی کە لەوانەیە لە ناو پەیوەندییەکدا بیت، یان ئەزمونی زیاد لە پەیوەندییەکت کردبێت، یاخود جارێک یان دوو جار هاوسەرگیریت کردبێت و مناڵ هەبێت و هاوڕی و کەسوکار لە دەورو بەر بن. چونکە ڕێز، ئاگالێبوون، بۆ گرنگیبوون هەموو ئەمانە بەشێکن لە خۆشەویستی وەلێ  خودی خۆشەویستی خۆی نییە. دەکرێت چەندین جار لە کەسێکەوە یان کەسانێکەوە بەرگوێت کەوتبێت کە عاشقتە و خۆشیدەوێیت، کەچی دوا جار دەزانیت کە خۆشەویست نەبوویت و خۆشنەویستراویت.  هەستکردن بە نەبوونی خۆشەویستی یەکێکە لە هەستە کوشندەکان کە مرۆڤ پەژموردە ودڵشکاو دەکات. ئازار و دەردێک کە دەرمان و چارەکەی هەر خۆشەویستییە. وەک سەرەتا و بەشێک لە  چارەسەرکردنی زامەکە قبوڵکردنی ئەو ڕاستییە کە خۆشەویستی خۆی نوقسانیەکەی مرۆڤە و خۆی نادات بەدەستەوە. 

ژنە نوسەری ئەمریکی بێڵ هووکس لە کتێبی( هەموو شتێک دەربارەی خۆشەویستی)، باس لە خۆشەویستی دەکات و دەڵێت بۆ ئەوەی سەرەتا باس لە خۆشەویستی بکەین وەک هەر بابەتێکی تر ئەوا بەر لە هەر شتێک  پێویستە پێناسەی بکەین. پێناسەیەک کە بتوانێت هەموو دیوە جوان و بریقەدارەکەی خۆشەویستیمان بۆ بخاتە ناو چوارچێوەیەکەوە. پێناسەیەک کە بتوانێت دیوە پاتۆلۆژی و بەدەکەی تری خۆشەویستیمان  نیشان بدات. پێناسەیەک کە هیچ نەبێت، لانی کەم وە بیرمان بهێنێتەوە لە کوێدا لە گەڵ کێیدا خۆشەویست نەبووین. چونکە دوا جار دەبێت قبوڵی نوقسانیەکە بکەین، ئەوەی کە نیمانە خۆشەویستییە. هووکس دەلێت لە ناوەڕاستی بیستەکانی تەمەنمدا بووم کاتێک بۆ یەکەم جار تێگەشتم کە خۆشەویستی واتا ( ویستی گەشەکردنی خودە بەمەبەستی گرنگیدان بە گەشەی ڕۆحی خۆت و ئەویتر)...واتە خۆسەویستی ئاکتە زیاتر وەلی بە جۆرێک تێکەڵ بە هەستوسۆز دەبێت کە ناتوانین لە ساتەوەختی پەیوەندی خۆشەویستیدا لە یەکتریان جیابکەینەوە. هووکس باس لە ئەزمونی خۆی دەکات و دەڵێت: یەکێک لەو ئاستەنگ و کێشانە کە وایدەکرد بکەومەوە ناو ئەزمون و ئەو  پەیوەندییانەوە کە بە تەواوی توانای وەرگرتن و بەخشینی خۆشەویستیمی نەدەهێشت و لە پەل و پۆی دەخستم ئەوەبوو کە هەمیشە لە گەڵ ئەو پیاوانەی کە لە ڕووی سۆز و خۆشەویستییەوە بریندارو لێدراوبوون دەکەوتمە خۆشەویستییەوە. ئەو پیاوانەی کە زۆر باکیان بەوە نەبوو عاشقیان بی ئەگەرچی مەیل و ئارەزووی ئەوەیان نیشان دەدا کە خۆشت بوێن و سەرسام بیت پێیان.

منیش دەڵێم ئاساییە کە پیاوە ڕۆح بڕیندار و زامدارەکان زیاتر لە سەر خۆشەویستی قسە بکەن وبنوسن، وەکچۆن ئاسایشە کە ژنان خوێنەر، گوێگر و کڕیاری باس و خواسەکانی پیاوە عاشق و بریندارەکان بن….. بەرکەوتنی ئێمە بۆ عەشق و خۆشەویستی بەرکەوتنێکی شاعیرانەیە و لە ڕێی تێکست و نوسینی پیاوە خێرنەدیو و زامدارەکانی ڕێگەی عەشقەوەیە، ئەو ڕێگەیەی کە کەس بە سەلامەتی لێی نەگەڕاوەتەوە تەنانەت ئەوانیش…

پیاوە زامدارەکان ڕەنگە لە ساتەکانی یەکەمی پەیوەندییەکەدا لە گەڵ تۆدا بە زمانی شیعر بە ڕۆحێکی شاعیرانە  بە شان و باڵتا هەڵبدەن، بتخەنە وەهمی ئەوەی کە خۆشیاندەوێت و عاشقتن…. تۆ تاقانەترین یاریت و کەس ناتوانێت بێتە شوینی تۆ،جێی تۆ بۆ ئەوان  بگرێتەوە… ڕەنگە لە ئێوارەیەکی ئەرخەوانیدا بە گوێتا بچرپێنێت و بڵێت تۆ  لە کەس ناچیت،  تۆ لە خوا دەچیت و وەک خوا بەرمکەوتییت، ڕۆحت کردەوە بە بەرمدا. ساڵانیکە سەری خۆمم کزکردوە و هیچ شتێک نامجووڵێنێت……تۆ هاتیت گڕت لە جەستەم بەردا! تۆ هاتیت هەموو پیاوەتیت زیندووکردمەوە ! تۆ هاتیت بیرتخستمەوە کە خوام هێشتا دەتوانم ڕۆح بکێشم و ڕۆحیش ببەخشمەوە !…. تۆ هاتیت و بیرخستمەوە کە هەموو کەون هی خۆمە!.. تۆ جوانترین و نازدارترین ژنییت ئێستا هی منیت!  … من بە تەنیا بە سنوری ژنێتیدا دەچمە خوارێ لە ناو تۆدا جارێکی تر دەبمەوە بە خۆم  وەک  بە زەبرترین و بەهێزترین پیاو بە خۆم شاد دەبمەوە.. … ئەو پیاوەی کە پارچەکانیم لە باوەشی ژنەکانی تردا بەجێهێشت….. ئەو ژنانەی کە گرێی عەشقیان تیادا دروستکردم وەک باڵندەیەکی زامدار و بێ پەڕو باڵ بەجێیان هێشتم… …..حەزم لێتە تا  دوا سنورەکانی حەزو لەزەت… تا دوا سنورەکانی چێژ..لە بەرئەوەی تۆیت حەزدەکەم داگیرت بکەم.. تۆ ئێستا هی منیت!……تۆیش  لەو کاتانەدا کە سەرمەستیت بە خۆت و وێنای خۆت لە چاوی ئەوی عاشق، وەک تاقانەترین یار، ئەوەی خۆشتدەوێت وێنای خۆتە نەک ئەو…ئەوەی سەرسامیت پێ و ئارەزووتە بەریکەویت وێنای خۆتە. 

پیاوە بریندارەکان زیرەکن لە ڕاوکردنی نێچرەکانیان، دەزانن کام ژنانە دەکەنە قوربانی و چۆن وایان لێدەکەن ببنەوە بە گوێگرێکی باشی ئەوان، ئەوەی کە ئەوان گەرەکیانە گوێگرێکە نەک خۆشەویستێک… لە کاتێکدا تۆ دەتەوێت زیاتر و زیاتر پڕت کات لە خۆی و خۆیشی لە تۆ…لە کاتێکدا هێشتا بە سەر هەورەکانەوەیت وا هەستدەکەیت ئەمە ئەو عەشقەیە کا چاوەڕێت دەکرد و دواجار پێگەشتیت، ئەو دەستت لێ بەردەدات تا بەتەنیا بکەویتە خوارەوە و بکەویتە داوییەوە…. پیاوە بریندارەکان هەمیشە پڕ چیرۆکن،هەمیشە پاڵەوانن وەلێ پاڵەوانێکی شکستخواردوون، قوربانی دەستی عەشقە مەحاڵ و دۆڕاوەکانن ….شەهرەیارن وەلێ گوێ ناگرن بەڵکو بەردەوام قسە دەکەن…بەردەوام خۆیان دەگێڕنەوە تا مەرگی خۆیان دوابخەن…مەرگی یەکەم عەشقی لەدەستچوویان.....

دیسان پێت دەڵێتەوە: تۆ هی منیت وەلێ گوی بۆ شکستەکان و ئازارەکانم  بگرە….یەک، دوو، سێ، چوار.. لیستەکە درێژە…ئەو باس لە یەکەم عەشق و یەکەم چێرۆک و یەکەم شكستی خۆی دەکات، داخ و ئاخ هەلدەکێشت کە چۆن نەگەشتنی بە عەشقەکانی پێشووی کردوویەتی بەچۆڵەوانی و خەرابات ،بە پیاوێکی بریندار و و پرزەلێبڕاو…  ئەستەمە بزانیت لە کوێ ئەو لیستەدایت…چونکە تۆش عەشقێکی مەحاڵیت لە زەمەنێکی مەحاڵدا بەریدەکەویت… کاتێک بۆت دەردەکەوێت کە تۆ لە سەرەتاوە نەدەبوو لە ناو لیستەکەدا بیت… ئەوا کار لە کار ترازوە چونکە تووشی خۆی کردوویت و تۆی لە ناو برین و ئازارەکانی خۆیدا بە تەنیا بەجێهێشتووە…….



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP