دواین هەواڵ

عێراق‌

 21/05/2023

سەبارەت بە پرۆژەیاسای بودجە چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ سوودانی کۆدەبێتەوە

هەرێم نیوز

سەرکردەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرای کرد، بڕیارە ئەم هەفتەیە چوارچێوەى هەماهەنگى لەبارەی چارەسەرکردنى کێشەکانى ناو پڕۆژەیاساى بودجە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانى عێراق کۆببنەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، تورکى جەدعان سەرکردە لە چوارچێوەى هەماهەنگى بە میدیاى عێراقى راگەیاندووە، لە ماوەى ٤٨ کاتژمێرى داهاتوودا، کۆبوونەوەیەکى گرنگى سەرکردەکانى چوار چێوەى هەماهەنگى لەگەڵ محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق بەڕێوە دەچێت.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە تاوتوێكردنی شەش خاڵە لە بودجەی گشتیی ٢٠٢٣، ئەوانیش كورتهێنانی دارایی و پەرەپێدانی هەرێمەكان و ئاسانكاری بەرامبەر بە داواكاریی پارێزگاكان کە رێژەیەكی گەورەی هەژاری و بێكاریان تیادایە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "بودجە گەیشتووەتە قۆناغی پێشكەوتوو لە رووی لێوردبوونەوە لە بڕگەكانی لەلایەن لیژنەی داراییەوە، بۆیە ئەگەری هەیە خستنەڕووی لە پەرلەمان بكەوێتە رۆژانی سێشەمە یاخود چوارشەممەی داهاتوو، لەو كۆبوونەوەیەش زۆر خاڵ یەكلا دەكرێنەوە كە مایەی ناكۆكین."

ئەمە لە کاتێکدایە،لە ماوەکانى رابردوودا، ئەنجومەنى نوێنەران خوێندنەوەى یەکەمى بۆ پرۆژەیاسای بودجەى عێراق کرد، کە لەلایەن محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراقەوە بۆ ساڵانى ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ رەوانەى پەرلەمان کرابوو.

سەبارەت بە خوێندنەوەی دووەمی پرۆژەیاسای بودجە، لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، ماددەکانى بودجە تەواو بووە، تەنیا سی بڕگە ماوە کە پەیوەستە بە هەرێمى کوردستانەوە، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە فراکسیۆنەکان لەسەرى رێک بکەون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP