دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 13 کاتژمێر پێش ئێستا

دەیان دۆنم دانەوێڵە سوتا و جوتیارەکانیش سکاڵایان تۆمارکرد

هەرێم نیوز

وەرزی دروێنەى دانەوێڵە (گەنم و جۆ) لە ناوەڕست و باشوورى عێراق دەستپێکردوە، لە هەندێک ناوچەشدا رووى لە کۆتاییە، خەریکە لە ناوچە گەرمەسێرەکانى هەرێمى کوردستانیش وەرزی دروێنە دەستپێدەکات، وەک شارەزایانیش ئاماژەى پێدەکەن گەورەرترین مەترسیش لەسەر دەغڵ و دان کەوتنەوەى ئاگرە، لەبەر ئەوەى لەم وەرزەدا بەهۆکاری جیاواز زۆر دەبێت و زیانى گەورە بە هاووڵاتییان دەگەیەنێت. بەگوێرەى گوتەى شارەزایان کەوتنەوەى ئاگر لەم وەرزەدا کۆمەڵێک هۆکاری هەیە، یەکێکیان کەمتەرخەمی هاووڵاتیانە لە کاتى کردنەوەى ئاگردا یان نەکوژاندنەوى ئاگرە لەدواى ئەنجامدانى گەشت و سەیران، یان لە نێوجامی ئۆتۆمبێلەکانیانەوە جگەرە بە نەکوژاوەیی فڕیدەدەن و دەکەێتە نێو پوش و پاوانى کەنارى شەقامەکان و لەو رێگەیەشەوە ئاگر پەرە دەسەنێت و ساڵانە هەزاران دۆنم کشتوکاڵى پێشگەشتوو زیانیان بەردەکەوێت و زیانى سەرەکیش لە جوتیارەکان دەکەوێت.

یەکێکى دیکە لە هۆکارەکانى کەوتنەوەى ئاگر کەمتەرخەمى فەرمانگەى کارەباى ناوچەکەیە لەبەر ئەوەى بەشێکى زۆر لە کارەباى ئەم وڵاتە هێشتا لەڕێگەى ستوون و تەلى کارەباوەیە و لەبەر ئەوەى نۆژەنکردنەوەیان وەک پێویست نییە لەو رێگەیەوە ئاگردەکەوێتەوە، لەو بارەیەوە بەهۆی شۆرتێکى کارەباوە لە پارێزگاى دیوانیەى عێراق دەیان دۆنم دانەوێڵە بوونە قەرەبرووت و رەنجی ساڵێکى جوتیارانى کردە سوتماک، ئەوە لە کاتێکدا لە پارێزگاکانى بەسرەو دیالەش ئاگر کەوتەوە و زیانی بەجوتیارانى سنورەکە گەیاندووە. بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەى زەمانى عێراقى ترسی کەوتنەوەى ئاگر لە وەرزی پێگەشتن و دروێنەدا لەناوەڕاست و باشوورى عێراق لە لایەن جوتیارانەوە زیاتری کردووە، بەجۆرێک ئەو زەوییانەى لە رێگە سەرەکییەکانەوە نزیکن بەردەوام ئێشکیان دەگرن، بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە دواى کەوتنەوەى ئاگرەکە جوتیارەکانى دیوانیە سکاڵاى یاساییان لەسەر بەڕێوەبەرایەتى کارەباى پارێزگاکەیان تۆمارکردووە لەبەر ئەوەى بەشێوەیەکى زانستیانە هێڵەکانى کارەبایان رانەکێشاوە و نۆژەنی هێڵەکانیان نەکردوەتەوە و شۆرتێکى کارەبا بووەتە زیان بۆیان، رۆژنامەى زەمان ئاماژەى بەوەشکردووە ماوەیەکە وەرزی دروێنەى پارێزگاکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق و هەندێک لە پارێزگاکانى کەرکوک و دیالەش دەستى پێکردووە و ترسى جوتیارانیش لەوەیە رەنجی ساڵێکیان بسوتێت، سەرجەم فەرمانگەکانى ئاگرکوژێنەوەش ئاگادارکراونەتەوە کە هەردەم لە ئامادەباشیدابون بۆ رووبەڕوو بوونەوەى هەر ئەگەرێک و ئەو شوێنانەش کە لە گەشتیارییەوە نزیکن پرۆشەرى ئاگادارکردنەوەیان پێدراوە و ئاگارداری هەرموو لایەکیشیان کردووەتەوە لایەنى کەمتەرخەم و تاوانبار رووبەڕووى یاسا دەکەنەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP