دواین هەواڵ

جیهان‌

 22/05/2023

سینان ئۆغان پشتگیرى لە ئەردۆغان دەکات

هەرێم نیوز

عەبدولقادر سێلڤی، نوسەری نزیک لە پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا (ئاکپارتی) رایگەیاند، سینان ئۆغان لە هەڵبژاردنی خولی دوەمی سەرۆکایەتی تورکیادا پشتیوانی رەجەب تەیب ئەردۆگان، کاندیدی هاوپەیمانی گەل دەکات و رێککەوتنێکی چوار خاڵیان واژۆکردوە.

سینان ئۆغان، کاندیدی سەرۆکایەتی تورکیا لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا 5.17%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و پێشبینی دەکرێت بەمنزیکانە ئەو لایەنە ڕابگەیەنێت کە لە خولی دوەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا پشتگیری دەکات، کە رەجەب تەیب ئەردۆگانە.

عەبدولقادر سێلڤی، نوسەری رۆژنامەی حوڕییەتی تورکی و نزیک لە پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا (ئاکپارتی) کە لەلایەن ئەرۆدگانەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، لە وتارێکدا نوسیویەتی، "بەپێی ئەو زانیاریانەی دەستم کەوتوە، ئەمڕۆ سینان ئۆغان رایدەگەیەنێت کە لە خولی دوەمی هەڵبژاردنەکاندا پشتیوانی سەرۆک ئەردۆگان دەکات، ئەو رایدەگەیەنێت کە بەهۆی پشتیوانی رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە پشتیوانی لە کلیچدارئۆغڵو ناکات".

هەرچەندە تائێستا سینان ئۆگان هیچ لێدوانێکی لەوبارەیەوە نەداوە، بەڵام عەبدولقادر سێلڤی دەڵێت، سینان ئەو رێککەوتنە ڕادەگەیەنێت کە لەگەڵ سەرۆک ئەردۆگان ئەنجامیان داوە کە لە چوار خاڵ پێکهاتوە.

لە خاڵی یەکەمی رێککەوتنی نێوان سینان و ئەردۆگاندا هاتوە، نابێت دەستکاری ماددەی یەکەمی دەستور بکرێت و رێگە نەدرێت بە لابردنی پێناسەی تورکی لە دەستوردا، لە خاڵی دوەمیشدا هاتوە، دەبێت بەرەنگاربونەوەی هەمو جۆرە "ڕێکخراوێکی تیرۆریستی و تیرۆر" بەردەوامی هەبێت.

لە خاڵی سێیەمی رێککەوتنەکەدا هاتوە، دەبێت وردە وردە پەنابەران لە چوارچێوەی پلانێکدا رەوانەی وڵاتەکەیان بکرێنەوە، خاڵی چوارەمیش باس لە داڕشتنی سیاسەتێکی ئابوری دەکات کە لەگەڵ بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا بگونجێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP