دواین هەواڵ

ئابوری‌

 22/05/2023

وەزارەتی دارایی: پرۆژەی دڵنیایی ئۆتۆمبێل کاری لەسەر دەکرێت و لە داهاتودا جێبەجێ دەکرێت

هەرێم نیوز

بەڕێوەبەری گشتی کاروباری دڵنیایی لە وەزارەتی دارایی رایگەیاند، پرۆژەی دڵنیایی ئۆتۆمبێل کاری لەسەر دەکرێت و لە داهاتودا جێبەجێ دەکرێت.

ئەمڕۆ دووشەمە، وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە،تێیدا هاتووە،  لەسەر بانگهێشتنامەی فەرمی (الاتحاد الأردني لشركات التأمين) بەمەبەستی گرنگیدان بە سیستەمی دڵنیایی لە هەرێمی كوردستان و سود وەرگرتن لە ئەزمونی وڵاتانی ناوچەكە لەو بوارەدا، شاندێكی وەزارەتی دارایی و ئابوری كە پێكهاتبون لە هەریەك لە د. هاورێ كەمال محەمەد ڕاوێژكار لە وەزارەتی دارایی و ئابوری لەگەڵ جەمیل ئەبوبەكر عەزیز بەڕێوەبەری گشتی كاروباری دڵنیایی بەشداریان كرد لە نۆیەمین كۆنگرەی ساڵانەی نێودەوڵەتی لە (عەقەبە/ وڵاتی ئوردن) كە نوێنەری زیاتر لە (30) وڵات تیایدا بەشداربون كە لە ڕۆژانی 15-18ی ئەم مانگە بەڕێوەچو.

جەمیل ئەبوبەكر بەڕێوەبەری گشتی كاروباری دڵنیایی ڕایگەیاند، "گرنگی ئەم كۆنگرەیە لەوەدایە ئێمە وەك هەرێمی كوردستان لەسەرەتای كاری دڵنیاییداین، هەروەها ئەزمونی وڵاتی ئوردن هۆكارێكە بۆ بەرەوپێشبردنی كەرتی دڵنیایی لە هەرێم، بەهۆی ئەوەی وڵاتی ئوردن وڵاتێكی زۆر بەهێزە لەڕوی بەڕێوەبردنی كاری دڵنیایی، ساڵانە كۆنگرەی نێودەوڵەتی ئەنجام دەدات".

وتیشی، "بەشداریكردنمان بوە هۆكارێك بۆ  زیاتر ناساندنی هەرێمی كوردستان بەو وڵاتانەی كە خاوەن سیستەمی دڵنیایی پێشكەوتون و وەرگرتنی زانستی تازە بەمەبەستی چارەسەركردنی گیروگرفتەكانی بواری دڵنیایی".

بەڕێوەبەری گشتی كاروباری دڵنیایی ئاماژەی بەوەشكرد، وڵاتی ئوردن ئەزمونێكی سەركەوتویان هەیە لە بواری دڵنیایی ناچاری ئۆتۆمبێل، ئێمە وەكو حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت كاری لەپێشینەمان بریتی بێت لە جێبەجێكردنی دڵنیایی ناچاری ئۆتۆمبێل بەمەبەستی قەرەبوكردنەوەی زیانە ماددی و گیانیەكان".

جەمیل ئەبوبەكر ئەوەشیخستەڕو، "ساڵی ڕابردو وەك نوێنەری وەزارەتی دارایی هەرێم لە گۆنگرەی ساڵانەی هەشتەم (ئوردن/عەقەبە) بەشداریمان كرد و لە ئەنجامی بەشداریكردنمان پڕۆژەیەكمان پێشكەش بە وەزارەتی دارایی و ئابوری كرد بەمەبەستی جێبەجێكردنی دڵنیایی ناچاری (التأمین الالزامی) كە ئێستا لە وەزارەتی ناوخۆیەو كاری لەسەر دەكرێت، بۆئەوەی بتوانین كەرتی دڵنیایی ببەینە ئاستێكی باش بۆ بوژاندنەوەی ئابوری وڵات".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP