دواین هەواڵ

عێراق‌

 22/05/2023

عێراق هاوردەکردنی نۆ بەروبومی کشتوکاڵی قەدەغەکرد

هەرێم نیوز

ئەنجومەنی وەزاری ئابوری عێراق بڕیاریدا هاوردەکردنی (تەماتە، پەتاتە، خەیار، پیاز، باینجان، کەرەوز، بامیە، کولەکە و شوتی) بەهۆی پێگەیشتنیان لە ناوخۆ و دابینکردنی رێژەی خواست قەدەغە بکات، بڕیارەکەش لەسبەینێوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق  لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، فوئاد حسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە، ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی 15هەمین دانیشتنی ئەنجومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابوری کرد، بەئامادەبونی هەریەک لە وەزیری پلاندانان، وەزیرانی دارایی، پیشەسازی و کشتوکاڵ، ئەمینداری گشتی لە ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی دەستەی نیشتمانی وەبەرهێنان و ڕاوێژکارانی سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری ئابوری و یاسایی و سەرۆکی دەستەی پەڕاوی دارایی بە وەکالەت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنجومەنی وەزاری ئەو بڕگانەی لە بەرنامەی کارەکەیدا بون تاوتوێکردوە و بڕیاری گونجاوی لەبارەیانەوە دەرکردوە، یەکێک لەبڕیارەکانیش لەسەر داوای وەزارەتی کشتوکاڵ، بڕیاریدا هاوردەکردنی بەروبومی (تەماتە، پەتاتە، خەیار، پیاز، باینجان، کەرەوز، بامیە، کولەکە و شوتی) قەدەغە بکات تا ئاگادارکردنەوەی زیاتر، بەهۆی زۆری بەرهەمی ناوخۆیی بە بڕی پێویست بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕی ناوخۆیی.

ئەوەشیخستەڕو، ئەنجومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابوری میوانداری بەڕێوەبەرە گشتییەکانی بانکی ڕافیدەین و رەشید و بەڕێوەبەری گشتی بەشی کارگێڕی لە دەستەی وەبەرهێنانی نیشتمانی کرد بۆ گوێگرتن لە ئاستەنگ و کێشەکانی بەردەم بەرەوپێشچونی کارکردن لە پرۆژەی بەسمایە و قەرزکردن و میکانیزمی پارەدان بۆ سودمەندانی ئەم پڕۆژەیە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP