دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 25/05/2023

ململانێکانى سەرۆکایەتى تورکیا لەبەرژەوەندی ئەردۆگان یان کلیچدار ئۆغلو کۆتایی دێت؟

کەمتر لەهەفتەیەکی ماوە بۆ گەری دووەم هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، دوو ئاراستە و دنیابینی جیاواز ململانێی توند دەکەن لەسەر عەرشی سوڵتان. ئەردۆگان و کلیچدار ئۆغلو، هەریەکەی بەبەرنامە و روئیایی جیاوازەوە دەیانەوێت تورکیای نوێ ئاراستە بکەن، بەڵام هێشتا دیار نییە داڵەکە لەسەر شانی کێ دەنیشێتەوە و کێ دەبێتە کاپتنی کەشتییەکەی تورکیا.

بردنەوەى ئەم هەڵبژاردنەى تورکیا بۆ هەردوو کاندیدی سەرۆک کۆمارى تورکیا گرنگە، بەڵام بۆ ئەردۆگان گرنگترە، لەبەر ئەوەى تورکیا لە دوو ساڵی پێشوودا ڕوبەڕووی کێشەى گەورەبوەتەوە، جگە لە کێشە ئابوری، سیاسی، دبلۆماسیەکانى تورکیا، لە چەند مانگی پێشوودا بومەلەرزەیەک عەرشی ئەردۆگانى هێنایە لەرزە و لە کۆمەڵێک لاوە حکومەتەکەی خستە ژێر پرسیارەوە و ئەرکەکانى دەوڵەتى هێندەى تر گرانکردووە، ئەوە جگە لەوەى هێشتا ئەردۆگان لەگەڵ بەشار ئەسەد سەبارەت بە دۆسیەى ئاوارە سورییەکان نەگەشتونەتە بڕیارێکی یەکلاکەرەوە .

ماوەی ساڵێک دەبێت کە هەردوو لایەنى ڕکابەرى هەڵبژاردنەکانى تورکیا کاردەکەن بۆ ئەوەى خۆیان لەسەر کورسی سەرۆکایەتى تورکیا دابنیشن و هەریەکەشیان بەجۆرێک بەڵێن بە دەنگدەرەکانى داوە، هەربۆیە دەکرێت ئەم هەڵبژاردنە بە دوو جەمسەرى ناوببرێت. هەرچەندە  لەگەڕی یەکەمى هەڵبژاردنەکاندا ئەردۆگان کەمێک لەپێشی کلیچدار ئۆغڵۆوە بوە، بەڵام چاوەڕوانى نەکردنى ئەردۆگان و حیزبەکەى لەو ئەنجامە وایکردوە کە ترسێکی تریان لێ بنیشێت و هەوڵی زیاتر بدەن ، هەربۆیە وەک شارەزایان باسی دەکەن بردنەوەى سەرۆکایەتى هەروا ئاسان نابێت،لەبەر ئەوەى ئەردۆگان هەرچییەکی لەدەست بێت دەیکات بۆ ئەوەى ئەم خولەش بباتەوە لە کەمترین دەستپێشخەریدا پەیمانى داوە ئەگەر ئەو دەربچێتەوە لە کرێی یەک مانگی کارەباى هاوڵاتیان خۆش ببێت، هەروەها بەڕێژەیەکی بەرچاو موچەى موچەخۆران بەرزبکاتەوە لەسەر ئاستى دەرەکیش مەولود چاوەش ئۆغڵۆی وەزیری دەرەوەى تورکیا لەتیمەکەی ئەردۆگان، دواى گەڕانەوەى لە سوریا کۆبونەوەى لەگەڵ کۆمکاری عەرەبی، لەگەڵ وەزیرە هاوتاکانى خۆی ئێران، روسیا لە مۆسکۆ کۆبوەتەوە و بەشێک لە کۆبونەوەکانیان بۆ ئەو مەبەستە تەرخانکردوە.

هەندێک لەسەرچاوەکان باس لەوە دەکەن بە شکستى ئەردۆگان و سەرکەوتنى کلیچدار ئۆغڵۆ سەرەڕای هەموو گۆڕانکارییە ناوخۆییەکان گەورەترین گۆڕانکاریی لە سیاسەتى دەرەکی تورکیادا دێتە ئاراوە ، بەتایبەتى لە بارەى سوریاوە، وەک خۆی باسی کردوە بەخێرایی باڵیۆزخانەکەیان لە دیمەشق دەکەنەوە. ئەوەى کە دۆخەکەى زیاتر ئاڵۆزکردوە دەنگە خۆڵەمیشییەکەى تورکیایە کە دور نیە ئاڵۆگۆڕیی گەورە بێننە ئاراوە، کە هێشتا نازانرێت پشتیوانى لەکامیان دەکەن؟

وەک هەندێک لە چاودێران باسی دەکەن دەوڵەتى قوڵ (ئەرگەنەکۆن) رۆڵی یەکلاکەرەوە دەبینن لە دیاریکردنى سەرۆکی نوێی تورکیادا، بەوپێیەى لەپشتى هەموو ڕوداوە گەورەکانەوەن و بەرژەوەندی باڵای وڵات دیاری دەکەن، لێرەشدا ئەوە یەکلایی بوەتەوە کە هەریەکەیان بەرژەوەندی تورکیا لە دونیا بینى خۆیانەوە لێکدانەوەى بۆ دەکەن.

وەک شارەزایان باسی دەکەن ئەردۆگان بەر لە کڵیچدار لەو ڕاستییە تێگەشتوە کە ئەرگەنەکۆن فلتەرە سەرەکییەکەى بردنەوەى سەرۆکایەتى تورکیایە، ئەوانن کە دەتوانن ڕێگەکە دیاری بکەن، یان ڕەوڕەوەى روداوەکانى بەرەو ڕوو ئاراستە بکەن. لە تورکیا ئەرگەنەکۆن دوو باڵی سەرەکی هەیە، باڵی یەکەم بە باڵی ئەتڵانتیکی دەوڵەتی قووڵ ناسراون و کە خۆیان بەلایەنگری رۆژئاوا دەزانن، دەوڵەت باخچەلی یەکێکە لە دەستڕۆشتوەکانی ئەم باڵە و باڵی دووەمیش، بە ئەوراسیاییەکان ناسراون، کە پێشتر لایەنگری سۆڤییەت و ئێستاش روسیای پۆتینن.

هەرچەندە ترسەکانى ئەردۆگان بۆ بردنەوەى ئەم خولەى تری سەرۆکایەتى کەم نین و زۆرن بەڵام لە راستیشدا کلیچدارئۆغلو دەبێت ئەوە بزانێت کە ئەو بێ خاوەنە و ئەردۆغانیش خاوەنی هەیە، خاوەنێک کە ناوی ئەرگەنەکۆنە و خاوەنێک کە لە ڕواڵەتدا هیچ کارەیەو و هەمە کارەیشە. بەڵام لە هەمانکاتدا پەیوەندیەکانی نیوان ئەمریکاو تورکیا  ئەوەندە بەرەو خراپی رۆشتوە کە بەردەوام بەرپرسەکانی تورکیا ئەمریکا تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە پشتیوانی کودەتاچیەکان دەکات کە مەبەستیان فەتحوڵا گولەنە و وەک خۆیان پێی دەڵێن فەتۆ، هاریکاری  گروپە  تێرۆریستیەکان ئەکات ، ئەمریکاو ئەوروپا  باشتر ئەبن  ئەگەر ئەردۆگان هەژمونی نەبێت لە کاروبارەکانی جیهاندا، لەم کاتەدا کە بەریەککەوتنەکانیان لەگەڵ فلادیمیر پۆتین دا کە گەیشتۆتە  دۆخێکی هەستیارەوە.

هەرچەندە لە ڕواڵەتدا لەوانەیە زۆربەی پێشبینییەکان ڕوو لە سەرکەوتنی ئەردۆگان بن، بەڵام پێشبینی بە تەنیا لەسەر بنەمای ئەنجامەکانی گەڕی یەکەم، مەرج نییە ڕاست دەرچێت، بۆیە ئەگەری پێشکەوتنی کەمال کڵچدار ئۆغڵوو و دووبارەکردنەوەی نموونەی شارەوانی ئەستانبوڵیش، ئەگەرێکی زیندووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP