دواین هەواڵ

کلتور‌

 27/05/2023

ژیان وەك دادگاییەكی بەردەوام -فرانتس كافكا و فیلسە باوەر-

شوان ئەحمەد

ڕۆژی 13 - ئۆگۆستۆسی - 1912، ئێوارەیەكی درەنگ وەخت لە شاری پراگ، كابرایەكی باریكەلەی باڵابەرز، خۆی بەماڵی هاوڕێكەیدا دەكات. لەگەڵ چونەژورەوەیدا، لوتی بەلوتی خانمێكدا دەتەقێ‌ كە یەكەمجارە بیبینێ‌ و لە مەتبەخەكەدا لەسەر كورسیەك دانیشتووە.

سەرەتا وادەزانێ‌ خزمەتكارە. دواتر و كاتێك بە یەكتریان دەناسێنن، دادەنیشێ‌ و لە ژێرەوە لێی ورددەبێتەوە. ئەوەی زیاتر لەو خانمەدا سەرنجی ڕادەكێشێ‌، دانی شاش و ئێسك پانی و گەردن بەرزیەكەیەتی. ئەو كابرایە فرانتس كافكایە و خانمەكەش فیلسە باوەرە و ماڵەكەش ماڵە باوانی ماكس برودە.

یەكتر بینینی ئەو دوو بوونەوەرە، دەبێتە سەرەتای پەیوەندیەكی دورودرێژی پێنچ ساڵ و سێ‌ مانگ و سیانزە ڕۆژی، پڕ لە ناسۆر و ئێش و ئازارێكی بێحەد و حیساب. لەو ماوەیەدا دیدار و یەكتر بینینی كەم ڕوودەدات، بەڵام لێشاوێك نامە لە نێوانیاندا دێت و دەچێت. نامەی ئەوینداری، بەڵام لە ڕاستیدا نامەی ئەوینداری نین بەمانا زۆر باو و تەقلیدیەكەی. ئەو نامانە دەبنە هەوێنی ئەم كتێبە نایابەی ئەلیاس كانیتی (دادگاییەكی دیكەی كافكا)، خاوەن خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات 1981.

كافكا لەتەمەنی لاوێتیدا هێندە تەنیاو بێ‌ پەیوەندی بووە(كە فیلسە باوەر دەناسێت تەمەنی بیست و نۆ ساڵان دەبێت)، ناچار بەدوای ژنانی وەك فیلسە و مێلینا دەكەوێت، تا جێگای خاڵی دایكی بۆ پڕكەنەوە. لەنێوان ئەو پێنچ شەش ژنەی لە تەمەنی كورتی خۆیدا ناسیونی (كافكا تەنها چل ساڵ و یانزە مانگ ژیا)، فیلسە باوەر كاریگەرترین ژنێك بووە لە ژیانیدا.

لە ئێوارەی 13/8/1912 دەیناسێت و لە 25/11/1917، بەیەكجاری كۆتایی بە پەیوەندی نێوانیان دێت. لەماوەی ئەو پێنچ ساڵەدا، سەدان نامەو پۆست كارت لەنێوان پراگ و بەرلیندا دێت و دەچێت (فیلسە سكرتێری كۆمپانیایەك دەبێت لە بەرلین). هەروەها ئەو قۆناغی یەكترناسین و ئەوینداریەش، بەبڕشترین و پڕ بەرهەمترین قۆناغی نوسینی كافكا ئەژمار دەكرێت.

دوای ئەوەی لە 20 – ئەیلولی - 1912 یەكەمین نامە بۆ فیلسە باوەر دەنوسێت، لە شەوی 22 لەسەر 23 ئەیلولی هەمان ساڵدا (بەیەك نۆبەو لەیەك دانیشتندا)، چیرۆكی (دۆز - داوەری) دەنوسێت كە بەدرێژترین و ئەفسوناویترین و تۆكمەترین، چیرۆكی كافكا حیساب دەكرێت.

هاوكات لەنێوان ئەیلولی 1912 تا سەرەتای ساڵی 1913، پێنچ بەش لە ڕۆمانی ئەمریكا دەنوسێت. لە تشرینی دووەم و كانونی یەكەمی هەمان ساڵدا (بەڕموزنبوون) دەنوسێت و نوسینی سێ‌ هەفتە دەخایەنێت (لە 18 تشرینی دووەم بۆ 6 كانونی یەكەم).

واتە سەرباری هەموو شتێ‌، ئەو خانمە گۆڕانكاریەكی نەوعی لە ژیانی كافكادا دروست دەكات و وزەیەكی گەورەی نوسینی پێدەبەخشێت. بەوەش دەتوانێت بەرهەمگەلێك بخوڵقێنێ‌ (وەك ماكس برود لەنامەیەكدا بۆ فیلسە باوەری دەنوسێت) كە خودا لە ڕێگەی مێشكی ئەوەوە دەیەوێت، هەموو بەندەكانی بیبینن.

هەرچەندە کافکا بەچاوی ژنی دڵخوازی خۆی، سەیری فیلسەی دەكردو دەیویست مارەیی ببڕێت و هاوسەرگیری لەگەڵدا بكات، بەڵام وەك بڵێی دەستێكی نادیار هەبووبێ‌ و هەموو جارێك بەری بەو پرۆسەیە گرتبێ‌ و ئەو پلانەی هەڵوەشاندبێتەوە.

كافكا پێیوابوو فیلسە خانمێكی تەندروست و بەدەماغ و باوەڕ بەخۆیە، لە كاتێكدا خۆی لەش بەبار و ڕەش بین و بەچەشنێک بڕوا بەخۆ نەبوو بوو، نەیدەتوانی لەسەر پێی خۆی ڕابووەستێ‌. لەبەرئەوەی نوسین و ئەدەبیات بۆ ئەو، بووبووە جۆرێك لە عیبادەت و چارەنوسی خۆی بەپرۆسەی نوسینەوە گرێدابوو، دەستبەرداری هەمووشتێك بوو بوو لە ژیاندا، فیلسەش قوربانیەكی ئەو دۆخەبوو.

كافكا بەوپێیەی بونەوەرێكی گۆشەگیر و تەنهابوو، پەرۆشی پەیوەندی بوو، وەلێ‌ دەستەوستانبوو لەوەی ئەو پەیوەندیانە تاكۆتایی بەرێت. لەگەڵ فیلسەدا دوو جار تا مارەبڕی دەڕوات (حوزەیرانی 1914 و تەموزی 1917)، بەڵام فۆبیای هاوسەرگیری و خێزان دروستكردن و منداڵ خستنەوە، ڕێگەی نادەن لەوە زیاتر پڕکێشی بکات.

ڕۆژی 16 – حوزەیرانی – 1913، بۆیەكەمجار داوای هاوسەرگیری لە فیلسە دەكات و ئەویش لە نامەیەكدا زۆر بەكورتی، بە (بەڵێ‌) وەڵامی دەداتەوەو ڕەزامەندی خۆی نیشان دەدات. ڕازی بوون و وەڵامدانەوەی بە (بەڵێ‌)، كافكا شپرزە دەكات و سەری دنیای لێدێتەوە یەك و نامەیەكی دیكەی بۆ دەنێرێت و پێی دەڵێت: (داوای هاوسەرگیریت لێدەكەم و هەستدەكەم لە ناخەوە دادەهێزرێم. كە بە بەڵێ‌ وەڵامت دامەوە، ئەژنۆم دەلەرزی).

كافكا پێنچ هەفتە دوای بینینی فیلسە لەماڵە باوانی ماکس برودی هاوڕێی، دەست بەنامە ناردن دەكات بۆی و دەیەوێت لەڕێی نامەنوسینەوە ڕامی بكات. وەك نامەكانی فێرناندۆ پێسوا بۆ ئۆڤیلیا كیرۆشی خۆشەویستی، نامەیەكی كافكا نییە بۆ فیلسە پڕ گلەیی نەبێت و دادوبێداد لە حاڵی ناهەموار و دەردەداری خۆی نەكات.

لەپاڵ ئەوەشدا دەیان پرسیاری لێدەكات و دەیەوێت هەرچی هەیە و نییە، لە بارەی ژیانی ڕۆژانەیەوە بیزانێت... لە ئۆفیس چی دەكات؟ ئەی لە ماڵەوە چی دەخوات و چی لەبەردەكات؟ ناوی هاوڕێ‌ ژن و پیاوەكانی چین؟ چی دەخوێنێتەوە؟

كافكا وەك خۆی بەپیتی درشت لە یاداشتەكانیدا دەنوسێت: (ژیان لە ماڵەوەیاندا دادگاییەكی بەردەوام بووە بۆی). سەروەختێكیش لەیەكەم مارەبڕینی فیلسە پەشیمان دەبێتەوە، ماڵە باوانی ئەو خانمە لە ئوتێل (ئەسانیش هۆف) لە بەرلین و لە ڕۆژی 12 – تەموزی - 1914 دادگاییەكی بۆ ڕێكدەخەن و وەك تاوانبارێك بەدڵی خۆیان سەرزەنشتی دەكەن. دواتر ئەوە دەبێتە هەوێنی نوسین ڕۆمانی (دادگایی).

كەچی هەموو ئەوانە ڕێی لێناگرن جارێكی دیكە دەست پێبكاتەوە و سێ‌ ساڵ دواتر لەگەڵ فیلسەدا ئەڵقە بگۆڕنەوە، ئەوەش هەر بەناكامی كۆتایی دێت و بە یەكجاری كۆتایی بە پەیوەندی نێوانیان دێت. بەتایبەت كاتێک لە ئەیلولی 1917دا پزیشكەكان پێی دەڵێن: (سیەكانت نەخۆشن). ئەمە وادەكات لە 25 -تشرینی دووەمی- 1917، ئەو دوو ئەویندارە لەیەك جیاببنەوە. دوو ساڵ دوای ئەوە، فیلسە شوو بە بازرگانێكی دەوڵەمەندی شاری بەرلین دەكات و چل و سێ‌ ساڵ دوای جیابوونەوەی لە كافكا (1960)، لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەردەنێتەوە.

ئەوەی بەدەسكەوتێكی گرنگ بۆ فیلسە حیساب دەكرێت ئەوەیە، لەساڵی 1955(واتە پێنچ ساڵ بەر لە دنیا دەرچوونی)، سەرجەم نامەكانی دەفرۆشێت بەخانەی وەشانی بەرهەمەكانی فرانتس كافكا و ئەو نامانەش دەبنە دیكۆمێنت و سەرچاوەیەكی ئەدەبی گرنگ بۆ كافكا ناسان. وەك چۆن بوونە سەرچاوەی ئەم كتێبە گرنگەی ئەلیاس كانیتی و دەبنە سەرچاوەی بەرهەمگەلێكی دیكەش لە ئێستا و داهاتوودا.




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP