دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 28/05/2023

گێڕانەوەی پاشەکەوت یان نەهێشتنی ئەو موچەیەش کە ئێستا دەدرێت؟

جارێکی تر دەنگی نەشازی بەشێک لە شیعەکان دژ بەهەرێم و شایستە داراییەکانی بەرز بووە، بەڵام کارەسات ئەوەیە ئەمجارەیان لایەنێکی کوردی یارمەتیدەر و هاوهەڵوێستیانە، بەبێ ئەوەی گوێ بە قەوارەی هەرێمی کوردستان بدات و تەنانەت بیر لەبچوککردنەوە و لاوازکردنی ئەو حکومەتەش بکاتەوە، کەخۆی شەریکە تیایدا.

گێڕانەوەی پاشەکەوت یان نەهێشتنی ئەو موچەیەش کە ئێستا دەدرێت؟ یەکێتی خەڵەتێنرا یان مەبەستیەتی قەوارەی هەرێم لاواز بکات؟

پرۆژە یاسای بودجە شەوی 26-5_2023 لە لیژنەی دارایی دەنگی لەسەر درا. دواتر هەریەکە لەیەکێتی و نەوەی نوێ کردیان بەشایی و لۆغان کە پاشەکەوتی موچە خۆران دەگێڕنەوە و کردیانە دەسکەوتی خۆیان. نەوەی نوێ ئەگەرچی نوێنەری لەلیژنەی دارایدا نییە، بەڵام ئەو پێشنیاری گێڕانەوەی پاشەکەوتی موچەی کردووە. هەرچی یەکێتیشە جگە لەنەرمین مەعروف کە ئەندامی لیژنەی داراییە، هەرێمی کەمال ئاغای سەرۆکی فراکسیۆنەکەی واژویان لەسەر پێشنیاری لیژنەی دارایی کردووە بەبیانوی ئەوەی ئەگەر هەر پارێزگایەک هەستیکرد بەشە بودجەی خۆی بۆ ناچێ دەتوانێ راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ عێراقدا بکات و عێراق بەشە بودجەی ئەو پارێزگایە بەجیا بنێرێت.

نوێنەری یەکگرتووش لەگەڵ هەردوو نوێنەرەکەی پارتی لەلیژنەکە هاتووەتە دەرەوە و دەنگیان نەداوە. پرۆژە یاسای بودجەی حکومەتی عێراق تاڕادەیەکی باش زامنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کردبوو، ئەویش بەهۆکاری ئەوەی رەچاوی رێککەوتننامەی حکومەتی هەرێم و بەغدای کردبوو، بەڵام دواتر پرۆژە یاساکە لەناوەرۆکی پێشووی بەتاڵکراوەتەوە و بەجۆرێک کە مەترسی جدی دروستکردووە لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم، ئەندازیاری ئەم کارەش نوێنەرانی لایەنە شیعە توندڕەوەکانن بەدەستلەپشدانی ئێران، کە نەک هەر دژی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمن، بەڵکو دژی هەموو جۆرە مامەڵەیەکی حکومەتی عێراق و هەرێمن.

یەکێتیش کەوتووەتە داوەکەیانەوە، جا بەئاگایی بێت یان بەبێ ئاگای. ماددەکانی 13 و 14ی لە پرۆژە یاسایی بودجەدا ماف و ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دیاریکردووە، بەجۆرێک هەرێم کراوەتە پارێزگایەک، کە ئەمەش بەتەواوەتی دژی رێککەوتننامەی حکومەتی هەرێم و عێراقە و دژی دەستوری هەمیشەیی عێراقە، کەلەوێدا بەروونی دانی مافی هەرێمدا ناوە.

پرۆژە یاساکە لەلیژنەی دارایی، دەستکاری جەوهەری هەندێ لەبرگە و مادەکانی کردووە، کە ئەمەش لەدەسەڵاتی پەرلەماندا نییە، چونکە پێشتر عەبادی کەسەرۆک وەزیرانی عێراق بووە لە دادگای فیدراڵی دوو سکاڵای لە پەرلەمان بردەوە، بەهۆکاری ئەوەی دەستکاری جەوهەری پرۆژە یاسایی بودجەیان کردبوو. پێشتر لە پرۆژە یاساکەی حکومەتدا هاتووە کە کەحکومەتی هەرێم قەرزەکانی بانکی ( تی بی ئای) بەماوەی حەوت ساڵ بداتەوە، بەڵام لیژنەی دارایی کردویەتی بە پێنج ساڵ.

لە پرۆژەکەی حکومەتدا هاتووە ئەگەر کێشە لەنێوان هەرێم و بەغدا روویدا، ئەوە سەرۆک وەزیران لیژنە پێکدەهێنت بۆ چارەسەر و لەماوەی مانگێکدا راپۆرت دەدەنە سەرۆک وەزیران و سەرۆک وەزیران بریار دەدات، بەڵام لە هەموارەکەی لیژنەی دارایدا هاتووە کەکێشە دروست بوو، لەماوەی 15 رۆژدا چارەسەر نەبوو، ئەوە شایستەکانی هەرێم رادەگیرێت. سۆران عومەر، پەرلەمانتاری عێراق لەسەر فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لەبارەی ئەم برگەیەوە دەڵێت، من بەبرادەرانی یەکێتیم وتووە چۆن ئەمە قبوڵ دەکەن؟

هەر کەس هەستێ و شایستەکانی هەرێم ببڕێت، ئەمە نەک هەر پاشەکەوت بەڵکو خودی موچەش دەخاتە بەردەم مەترسی. دوابەدوای دەنگدانی لیژنەی دارایی لەسەر پرۆژە یاساکە و شایستەکانی هەرێم، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، ئەو گۆڕانکارییانەی لە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵیدا کراون، ناپاکی و ستەمکاری و پیلانگێڕییە لە دژی هەرێمی کوردستان، بەڵام بە هەموو شێوەیەک ڕووبەڕووی ئەو پیلانگێڕییە دەبینە و ناهێڵین سەر بگرێت. هەروەها وتیشی، ئەوەی جێی داخە ئەو دەستە ناوخۆییەیە کە بەشدارە لەم پیلانگێڕییە، لەوەش خراپتر کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان بەدەسکەوت بۆ خۆیان بزانن.

هاوکات، شوان داودی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت، هەر لایەنێکی کوردی دەستی هەبێت لە گۆڕانکاریەکانی پرۆژە یاسای بودجەدا بە خۆی بزانێ یان نەزانێت کارێکی خراپ و نا نیشتمانی ئەنجام داوە. هەروەها وتوشیەتی، گەر وا بیر بکرێتەوە کەمکردنەوەی هەیبەت و لاواز کردنی هەرێم زەرەر دانە لە پارتی و بچوک کردنەوەی پارتیە ، ئەوە لە خۆ هەڵخەڵتاندن و خۆڵکردنە چاوی خەڵک زیاتر هیچ شتێکی تر نیە.

بۆیە ئاماژەکان بۆ دەچن، کە ئەم دەستکاریکردنەی لیژنەی دارایی، سەرکەوتوو نابێ و پێشتر حکومەتی هەرێم، قەیرانی قورستری تێپەڕاندووە و نەکەوتووە. بەپێی زانیارییەکان ئەمریکییەکان هاتونەتەسەرخەت و داوای پەسەندکردنی پرۆژە یاساکەی حکومەتی عێراق دەکەن، چونکە ئەوە هەم رێککەوتنی هەرێم و بەغدای لەبەرچاو گرتووە و هەمیش شایستەکانی هەرێم پاراستووە، تەنانەت بەشێک لە شیعەکانیش پێیان وایە دەستکاریکردنی پرۆژە یاسای بودجە بۆ تێکدان و هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتننامەی هەرێم و بەغدایە و پێش هەموو شتێ مەترسی لەسەر حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی دروست دەکات، کەنوێنەرایەتی بەشێکی زۆری شیعەکان دەکات.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP