دواین هەواڵ

کلتور‌

 22/08/2023

پێنج دەستەواژەى زمانی ئەمریكی بۆ پۆلێن كردنى فيلم

هێژا دڵشاد
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لەبواری سینەما و پیشەسازی فیلمەوە مێژوویيەكی دێرین و ناوبانگییەكی فراوانیان لەسەرتاسەری جیهان هەیە.

بێگومان گەلی ئەمریكا كلتورێكی تایبەت بەخۆیان دەربارەی سینەما و بینیی فیلم هەیە و رێژەی بینەری فیلم بەراورد بە وڵاتانیتر زیاترە.

لەو ساڵانەی وانەی زمانی(ئینگلیزی-ئەمریكی)م دەخوێند، لە سكوڵەكە مامۆستاكانم سەرجەمیان ئەمریكی بوون، بۆیە بەدەر لە تۆپيكى وانەكانم، گفتوگۆی زۆرمان لەسەر سینەما بەگشتی دەكرد.

یەك لەو مامۆستایانەم ناوی (جوان) بوو، تەمەنی لە حەفتا ساڵان بوو، بینەرێكی عەجیبی فیلم بوو، بە وتەی خۆی لە مناڵییەوە ئەوان وەك كلتوری سینەما و بینینی فیلمیان هەبووە. جوان بەو تەمەنەيەوە ھەميشە بينەرى فيلمى نوێ و مەراسيمى ساڵانەى خەڵاتى ئۆسكار دەبوو، زۆربەى جار باسى فيلمى نوێ و تەنانەت سينەما كلاسيكەكەى ئەمريكاشمان دەكرد، بەو هۆیەوە بەدەر لە دەقی مەنهەجی کتێبەکە، دەرفەتی زیاتر دەڕەخسا لەسەر بابەتی دڵخوازی خۆم لەبواری سینەما و کتێب گفتوگۆ بکەین.

لە قۆناغى ئەدڤانس بوو، لە وانەیەكمان پێنج دەستەواژەی باوی ئەمریكیمان خوێند لەسەر تایپەكانی فیلم و پۆلێنكردنيان لەزمانى ئەمريكيدا، لێرەدا بە كورتی ئاماژەیان پێدەدەم بۆ ئاشنابونی بینەری فیلم بەو وشە باوانە.

Blockbuster

بەو فیلمانە دەوترێ‌ لە تایپی هەرە فیلمە بەناوبانگ و ناسراوەكانی جیهانن و لە سینەماكان دەنگدانەوەی گەورە دروسدەكەن، ئەم دەستەواژەیە بۆ فیلمێك بەكاردێت كە تێچوویەكی خەیاڵی دەبێت و ئاكتەرێك یاخوود چەند ئاكتەرێكی بەناوبانگ رۆڵی تیادەگێڕن و فیلمەكە داهاتێكی باش پەیدادەكات.

بە كورتییەكەی ئەم دەستەواژەیە لە زمانی ئەمریكیدا بۆ فیلمێكی زۆر نایاب و سەركەوتوو بەكاردێت.

B-movies

ئەو فیلمانەی بە بودجەیەكی كەم بەرهەمدەهێنرێن و ناوبانگییەكی ئەو تۆیان نییە، كاتێك ئەم دەستەواژەیە دەخەیتە پاڵ ناوی فیلمێك كە هیچ ئاكتەرێكی بەناوبانگ رۆڵی تیانەگێڕابێت.

تایپی بى موڤيس، زۆرجار وەك فیلمێكی لۆكاڵی دەمێنێتەوە و سنورەكانی وڵاتەكەی تێناپەڕێنێت. چانسی بەشداری لە هیچ فێستیڤاڵێكدا نابێت. هەروەها سيناريست و دەرھێنەرێكى باش لە پشت بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە فیلمەوە نییە و تەنانەت

بە كەمترین تێچوو فیلمەكە بەرهەمدێت و داهاتی زۆر كەم دەبێت. گفتوگۆى لاواز و ريتمى رووداوەكان بە ھێواشى دەڕۆن لەناو فيلمەكانى بى موڤيسدا.

Mainstream

بۆ ئەو فیلمانەیە كە رێچكەیەكی سەركەوتویان گرتووە و رادەبەدەر بەناوبانگە لەسەرئاستی جیهان. زیاتر فیلمە ناسراوەكانن كە وەك زنجیرە بەرهەمدەهێنرێت. ئەم فيلمانە ناوەكەيان بەجۆرێك بونەتە ئايكۆنى سينەمايى كە پێويست بەھيچ جۆرە ريكلامێكى سينەمايى ناكات بە ئەندازەى ئەوەى لاى بينەر ئاشنايەتى تەواوى ھەيە.

Indie

مەبەست لەم دەستەواژەیە بۆ بەكارهێنانی ئەو فیلمانەیە كە سەربەخۆ لەلایەن كەسێكەوە بەرهەمدەهێنرێت، واتە گرێبەستی هیچ كۆمپانیایەكی فیلم نییە و باكگراوندێكی پیشەسازی فیلم و سینەمایشی نییە. ئەم فیلمانە لە لۆكەیشنی ئاسایی وێنەی بۆ دەگیرێت و زۆرجار هیچ ئاكتەرێك بەشداری پێناكرێت ياخوود فیلمەكە بەبێ‌ گفتوگۆیە، بێگومان بە كەمترین بودجە بەرهەمدەهێنرێت لەگەڵ ئەوەشدا دەشێ فيلمێكى باش بێت و ريتينگى بەرز بێت.

Chick flick

لە دەستەواژە باوەكانی زمانی ئەمریكی بۆ فیلم، بۆ ئەو تایپانەیە لە فیلمی رۆمانسی و درامییە، ئەم فیلمانە فرمێسك رژێنە و بە تایبەت خانمان بینەری دەبن و پیاوان خۆیان بەدوور دەگرن لە بینینی ئەم جۆرە فیلمانە چونكە لەگەڵ تایپی فیلم و ئارەزووی ئەوان نایەتەوە. وشەكە سلانگە و وشەیەكی باوە.




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP