دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 26/08/2023

بەندەی ئارەزوو

هێمن عەبدولقادر

ئەڵێن ڕۆژێک پاشا لە گەڵ دەست و پێوەندەکانی، بۆ گەشتێک لە کۆشک هاتنە دەرەوە ، لە ڕێگا توشیان بوو بە تووشی حەکیمێکی شرۆڵە لە بن کوخێکدا دانیشتبوو ،دەستور درا و قافڵە وەستا و پاشا کەوتە گفتوگۆ.

پاشا شێوازی ئاخاوتن و بیرکردنەوەی کابرای زۆر لا پەسەند بوو ، وەختێک هەستان و ویستیان بەڕێکەون ، پاشا وتی:- ( داوای شتێکمان لێبکە تا پێت ببەخشین) ،
کابرا وتی (خەجالەتم، تۆ چۆن ئەتوانیت پێداویستی من پڕبکەیتەوە ، لە کاتێکدا من دوو بەندەم هەیە ، هەردوکیان لە تۆ گەورەترن) دارودەستەی پاشا بە توڕەییەوە وتیان (ئەوە تۆچی دەڵێیت هەی پیرە مێردی گەوج کێ لە پاشا گەورەترە ؟)

پیرەمێرد ووتی (توڕەیی) و (شەهوەت) من هەردوکیانم کۆنترۆڵ کردووە ، بۆیە پیویستیم بە هیچی تر نییە
یەکەم:
*ئەوەی توڕەیی خۆی کۆنترۆڵ بکات ، کەمتر پەشیمانی دەردەبڕێت ، کەمتر ناچار بە گەڕانەوە و دەست ماچکردن ئەبێت ، کەمتر پێویستی بە تەکلیف و خەڵک ڕاسپاردن ئەبێت کە هەڵەکانی بۆ ڕاست بکەنەوە ، کەمتر شت ئەسسرێتەوە.
تورەیی لە دادوەری و کارگێڕیشدا بڕیاری هەڵە بە مرۆڤ دەردەکات ، بۆیە دەڵێن لە کاتی توڕەیدا هەرگیز نابێت قەزاوەت و بڕیار بدرێت کە ڕەنگە تەمەنێک پەشیمانی بە دوادابێت ، یان سەری لە زوڵم و ستەمکاری دەرچێت.
**کورد ئەڵێت (دەفری بچووک زوو گەرم ئەبێت) مرۆڤی کەم فام زوو هەڵدەچێت ، ئەوەی کە بیرکردنەوەی بچووکە لە کۆمێنت و لە پۆست و لە مالەوە و لە جادە و لە شوێنان زوو داخ دەبێت.

دووەم:

*شەهوەت و ئارەزوو هەرکات کۆنترۆڵ و سنوردار کرا هیچ کەسێک ناتوانێت شتێک بە تۆ ببەخشێت کە بەلاتەوە گرنگ و سەرنج ڕاکێشبێت.

نە بەژن و باڵا ، نە ڤێلا و شوقە ، نە ئوتومبیل و پۆست و پلەو پایە ، هەموویان وا سەیر دەکەی کە لە بیرکردنەوەی تۆ بچوکترن ، وەلێ هەرکات مرۆڤ ئارەزووەکانی بۆ سنوردار نەکرا ئەو کات بەچاوی خۆت ژن و پیاوی گەورە گەورە ئەبینیت بۆ پۆستێک یان پلەو پایەیەک یان پاداشتێک ، قیستێک ، ئوتومبیلێک ، وەک پێنج هەزاری ڕۆژانە دەیان جار ورد ئەکرێنەوە.

**(بەندەیەکی ڕەش پێست ، لەبەندەی شەهەوەت و ئارەزوو ئازادترە )، بەندەی ڕەشت پێست ڕەنگە لەشەڕدا بە دیل گیرابێت ، بۆیە هەموو چرکەیەک ئەگەری شۆڕش و ئازاد بوونی هەیە ، بەڵام بەندەی پاوپوز و عەشیقە ، بەندەی پۆست و پایە ، بەندەی ئوتومبیل و خانوو ناو بانگ و نەسریە و تەندەر و مێز و کورسی لەناو شیرینی فریودراودا وەک مێروولە سەری تێناوە تا دەخنکێت.

*** ژیانی زۆر سادە و ساکاری خێزانیمان بینی بەهۆی تەماعەوە بە شەو ڕۆژێک تێک چوو ، برایەتی و خوشکایەتی زۆرمان بینی بەهۆی میراتەوە بوو بە تۆز و چوو بە ئاسماندا و کەس قسە لەگەڵ کەس ناکات ، پیاوی گەورەمان بینی بە هۆی شەهوەتەوە مناڵ و کچ پارەی لێئەستێنن و ئەیڕوتێننەوە ، ژنی خانەدانمان بینی بە هۆی ئارەزوەکانی کەوەتە پەناو پاسار و بوو بەشتی تر ،

هێمنی موکریانی وتەنی :-
( ژینی کورتم دی پڕا و پڕ بوو لە شانازی و شەرەف
عومری زۆرم دی کە دوایی هات بە ڕیسوایی و نەدەم)

**** پێشینان ئەڵێن (هاتنە ماڵ بەلیباسە و ڕۆشتن بەعەقڵە) یەکەم جار سەیری پرۆفایل و سویچ و سناپ و ستۆری و قافلەی ئوتومبیل و شانازی بنەماڵە و عەشیرەت و بڕوانامەکانت دەکەن ، لە دوایشدا وورد وورد تەماشای ئەو سەری شێتی و کیشەکانت و دەردەداریی و بەد بەختیەکانت دەکەن.
نوقتە سەری دێڕ ...

مرۆڤ لەکاتی توڕەیدا هەمیشە دەبێتە بەندەی پەشیمانی و پەنجە گەستن و خەجالەتی، چرکەیەک توڕەیی و عومرێک پەشیمانی
لە کاتی ئارەزوشدا هەمیشە ناچارە ببێتە دەرگاوان ، دەست لەسەر سنگ ، خادیم ، خواجە ، ئەشمابیلا ، بەلێ قوربان ، پارەی وردە

گەرچی (قانع)ی زۆر زۆر هەژارە
بەحەمدیلا ، بەکەس ناڵێ (بەلێ خان)



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP