هەرێم نیوز
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی هێزی پێشمەرگە لە ڕێگەی بانکەکانەوە بە شێوازە تەقلیدییەکەی پێشوو کۆتایی پێ هاتووە و لەمەودوا سەرجەم مووچەکان لە ڕێگەی پڕۆژەی (هەژماری من)ـەوە دەبێت.
لیوا توانا سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی بوودجە و بەرنامەکان (ژمێریاریی سەربازی) لە وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرای کرد، نزیکەی ٩٩%ـی ئەندامانی هێزی پێشمەرگە لە پرۆسەی (هەژماری من) تۆمار کراون و لە ئێستادا بە شێوەیەکی ئاسان و ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ئامێرەکانی (ATM)ـەوە دەستیان بە مووچەکانیان دەگات.
بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاریی سەربازی، وێڕای دەستخۆشی لە ستافی تیمی (هەژماری من)، سوپاسی بەڕێوەبەر و کارمەندانی بانکەکانی هەرێمی کوردستانی کرد کە لە ماوەی ڕابردوودا بە هاوکاری و هەماهەنگییەکی بەردەوام، تەنانەت لە کاتەکانی پشووشدا، ئەرکی دابەشکردنی مووچەیان لە پێناو خزمەتکردنی هێزی پێشمەرگەدا لە ئەستۆ گرتووە.
لیوا توانا سدیق ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەنگاوەی دیجیتاڵکردنی مووچە، کارئاسانییەکی زۆری بۆ هێزی پێشمەرگە دروست کردووە و کۆتایی بەو شێوازە تەقلیدییانە دەهێنێت کە پێشتر پەیڕەو دەکران.