دواین هەواڵ

تەندروستی‌

 30/08/2023

دابەزینی بەرگری لەش…بە هەڵەداچوونێکی دیکە

د. زانیار ئاغال پزیشکی پسپۆڕی هەناوی

جار جار نەخۆش دەبینین کە پرسیاری لێ دەکەیت چی نەخۆشییەکی پێشتری هەیە، دەڵێت پێیان وتووم بەرگری لەشت کەمە.

ئایا کەمی یان دابەزینی بەرگری لەش چۆن درووست دەبێت و بۆ هەڵەی تیا کراوە لێرە؟

یەک: ڕاستە نەخۆشییەک هەیە کە گروپێکی گەورەیە و پێی دەوترێت (کەمی یان نەبوونی بەرگری)، بەڵام ئەوەی زۆرجار لێرە بە خەڵکیان ووتووە تەنها لەبەر ئەوە بوو خڕۆکەی سپی کەمە یان بە کەسانێک کە دایم دەپژمن و لووت تەڕن و لە ڕاستیدا نەخۆشی ئاڵۆشییان هەیە بەڵام وایان زانیوە ئەمە هەڵامەتە زوو زوو دەیگرن و دەڵێن بەرگری کەمە.

دوو: نەخۆشی نەبوونی بەرگری ڕێ و شوێن و خاڵبەندی خۆی هەیە هەتا دەستنیشان بکرێت و تەنها بە کەمی خڕۆکەی سپی نییە. دوو گرووپی گەورەن، یەکەمیان لە منداڵدا زۆرترە، دووەمیشیان لە هەموو تەمەنێکدا هەیە بۆ نمونە وەکو نەخۆشی شەکرە بۆیە برینیان دڕەنگ چاک دەبێتەوە کاتێک شەکرەیان کۆنترۆڵ ناکەن.

سێ: کەمی بەرگری، بە تایبەت ئەو گروپەیان کە لە منداڵدا زۆرە، بەشێکیان مەترسیدارن گەر پشتگوێ بخرێت چوونکە دەبنە نێچیرێکی ئاسان بۆ میکرۆبەکان، بەڵام لێرە لەبەر خوێندنەوەی فەحسێک بە بێ بنەمای زانستی بە گەنجێک دەڵێن بەرگریت کەمە.

چوار:کەمی بەرگری زۆربەیان لە ئێستادا چارەسەریان هەیە هەر یەکەو بە پێی دۆزینەوەی جۆرەکەی کە ئەمەش تەنها کاری پزیشکی منداڵان و پزیشکانی هەناوییە و لەوێشەوە بۆ پزیشکانی پسپۆڕی نەخۆشی بەرگری.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP