دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 30/08/2023

رەفتاری خراپی منداڵ لە پۆلدا

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە - محەمەد بەرزی

یەکێک لە کێشە گەورەکانی ناو پۆلی خوێندن، چۆنییەتی مامەڵەکردنە لەگەڵ هەڵسوکەوتی خراپی منداڵی بزێو و لاساردا. منداڵەکە نەک تەنها کاریگەریی لەسەر مامۆستا و ئارامی ناو پۆلەکە دەبێ، بەڵکو ڕاستەوخۆش کاردانەوەی زۆر خراپی بۆ هەموو خوێندکارەکانی ناو پۆلەکە دەبێ، بەهۆی بە فیڕۆدانی کات، یان تێنەگەیشتنییان لە وانەکان. بێگومان ئەو منداڵانەی ئەو جۆرە ڕەفتارانە دەکەن، هەر لە خۆیانەوە ئەو کارانە ناکەن، بەڵکو بە گشتی هۆکارێک بزوێنەری ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانەیە. یان لەوانەیە تاکە ڕێگا بێ، بە مامۆستاکەی بڵێ: ( شتێک لە مندا هەڵەیە ). هەربۆیە نابێ بە تووڕەیی و هەڵچوون و سەرکۆنەوە وەڵامی بدرێتەوە و ڕووشکێن بکرێ ، بەڵکو پێویستە مامۆستاکەی بە وردی لە هۆکارەکانی بکۆڵێتەوە، تا ڕێگایەکی لەبار و گونجاو بۆ چۆنییەتی مامەڵەکردنی بدۆزێتەوە.

بەگشتیش هەندێک لـە هۆکارەکانی ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانە بریتیین لــە:

1– باری تەندروستی: ئەگەر منداڵێک کێشەی تەندروستی هەبێ، یان ئەگەر تووشی ئازارێک بووبێ، یان شتێک دڵتەنگی کردبێ، لەوانەیە بێزار بووبێ و بیەوێ بەو جۆرە هەڵسوکەوتانەی هەست و ئازارەکانی خۆی دەرببڕێ. هەر بۆیە ناکرێ ئەمجۆرە منداڵانە پشتگویێ بخرێن. پێویستە بە زوویی چارەسەریان بۆ بکرێت، تا کێشە و هـەڵسوکـەوتیان خـراپتر نەبێ.

2– گۆڕانکاریی: دەبێ بیربکەینەوە و بە دواداچوونیان بۆ بکەین، تا بزانیین منداڵەکە لە ماوەی پێشوودا هیچ گۆڕانکارییەکی سەرەکی بەسەردا هاتووە، تا هۆکاری ئەو هەڵسوکەوتە نائاساییانە بێ. بۆ نموونە خوێندنگاکەی گۆڕابێ، ئافەرۆز کرابێ، دایک و باوکیان جێابووبنەوە، یان کەسێکی نزیکی کۆچی دوایی کردبێ و… هتد.

3– چاولێکەری: ڕەنگە منداڵەکە فێری چاولێکەری بوو بێت، وابزانێ بە نواندن دەتوانێ ئەوەی دەیەوێت بەدەستی بهێنێت. یان لە ناو خێزانێکدا ژیابێت هەموویان بە هەمان شێوە هەڵسوکەوت بکەن. یان لە ناو خێزانەکەیدا کێشەی تەندروستی و دەروونی و توندوتیژی و هاوار هـاوار و ئـاژاوە و دەمەقاڵێ هەبێ، یـان ماددەی هۆشبەری تێدا بـەکاربێ. دیارە ئەو کێشانە بە ئاشکرا و ڕاستەوخۆ لە پەروردەکردن و هەڵسوکەوتی منداڵەکەدا ڕەنگدەداتەوە.

4– بێزاری: زۆرجار هەڵسوکەوتی نامۆ و خراپی ناو پۆل، منداڵەکە بێزاردەکات. پاشان پشتگویێ خستنی بەهرە و توانا و زیرەکی و بیرتیژی منداڵی بەهرەمەند، وا لەو منداڵانە دەکات پەرچەکردار و ڕەفتاری نامۆ و خراپیان هەبێ.

5– کرداری نادورست: کرداری نامۆ و نادروست لە ژینگەی ناو ماڵدا، کاردانەوی زۆر خراپ لەسەر هەڵسوکەوتی منداڵ بەجێدەهێڵن، بۆ نموونە: دواکەوتنی کاتی خەوتن، یان نەخەوتنی پێویست. ئاژاوە و هات و هاوار و هەلوەسە، نەبوونی یارمەتی و پشتگیری پێویست، پاشان نەبوونی سنورێک بۆ ڕێگرتن لە ڕەفتار و هەڵسوکەوتی خراپ و نەشیاو.

‌هەوڵەکانی چارەسەرکردنی ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانە

لە ناو پۆلدا چۆن مامەڵە لەگەڵ هەڵسوکەوتی نالەباری ئەمجۆرە منداڵانەدا دەکەی. جا لەگەڵ ئەوەشدا ڕەنگە نەتوانرێت بە تەواوی بەسەر کێشەکانیاندا سەرکەوتوو بی، بەڵام ئەم ڕێنماییانەی خوارەوە یارمەتیدەرە بۆ هەوڵی چاسەرکردنیان.

1– گۆڕینی نەرێنی بۆ ئەرێنێ: بە وریاییەوە دەستەواژەیان بۆ بەکاربهێنە. بۆ نموونە کاتێک منداڵێکی وەک ئالان، لە ناو پۆلدا هاوار هاوار و قیژە قیژ دەکات. وا چاکە بڵێی: تکایە ئالان تۆزێک بە نەرمی و لەسەرخۆ قسە بکە، نەک: واز لە قیژە قیژ و هاوار هاوار بێنە. لێرەدا وەڵامەکەت بە شێوەیەکی ئەرێنیی، کاردانەوەی زۆر باشی لەسەر ئالان دەبێت.

سەرباری ئەوەی ئەگەر منداڵێک بە شێوەیەکی نەرێنی هەڵسوکەوتی کرد، لە جیاتی ئەوەی سزای بدەیت، هەوڵبدە هۆکارەکانی دەستنیشان بکەیت. پاشان باشترین ڕێگا بدۆزەرەوە بۆ چارەسەرکردنی.

بۆ نموونە:

ئەگەر منداڵێک هەڵسوکەوتێکی خراپی کرد، چونکە گرنگی پێ نەدراوە، وا چاکە دەرفەتی زۆری بۆ بڕەخسێنرێت، تا زیاتر قسەبکات. بەمەش منداڵ بە زوویی فێری هەڵسوکەوتی نوێ دەبێت و یارمەتی دەدات، کە دەتوانێ ئەوەی دەیەوێت بێ کێشە و سزا بەدەستی بهێنێت و ئارامی بدات بە دەروونی.

  1. 2– فێری شێوازی ئەرێنی بکە

لە جیاتی نەهێشتنی هەڵسوکەوتە نەخوازراوەکان، وا باشترە سەرنجت لەسەر ئەو ڕەفتارە باشانە بێت، کە دەتەوێت لە ناو پۆلەکەدا ڕەنگبداتەوە. لەناو پۆلدا گفتوگۆ لەسەر هەڵسوکەوتی باشی ئەرێنی بکە. هەستە بە دروستکردن و هەڵواسینی پۆستەری ئامۆژگاری و بیرخستنەوە بۆ پۆلەکە. بەمەش وا لە خوێندکارەکان دەکەیت، کە خۆیان بەشداری لە چالاکییەکاندا بکەن، بەبێ ئەوەی ڕاستەوخۆ پێیان بووترێت ئەو چالاکییانە بکەن. کە دیارە ئەمەش دیاردەیەکی هیوا بەخشە و کاردانەوە و ئەنجامێکی زۆر باش و بەنرخی دەبێت.

3– نموونەی ئەو ڕەفتارانە بە، کە چاوەڕێی دەکەیت

نموونەیەکی ناوازەی ئەو ڕەفتارانە بە، کە بۆ خوێندکـارەکـانی دەخوازی. کاتێ داوا لە خوێندکارەکان دەکەیت لە کاتی دیاریکراودا ئامادەبن، پێویستە بە هەمان شێوە خۆشت ڕێز لە کات بگریت. یان کاتێک داوایان لێدەکەیت ڕێک و پێک و خاوێن بن، ئەوا پێویستە خۆت و پۆل و خوێندنگاکەش بە هەمان شێوەبن.

4– دانانی بنەماکانی هەڵسوکەوتی بە کۆمەڵ

لە سەرەتای ساڵی نوێی خوێندندا، پێویستە خۆت و خوێندکارەکان پێکەوە کار بکەن، بۆ دیاریکردنی هەڵسوکەوتەکانی ناو پۆل. باسی ئەو ڕەفتارانە بکە، کە باشن و ئەوانەی خراپن. پاشان ئەو هەڵسوکەوتانەی حەزدەکەیت خوێندکارەکان بەرامبەر یەکتری بیکەن. وەک ئاکاری چاک و ڕێز لە یەکتری گرتن، ئەمەش بنووسە و لەناو پۆلدا بە جوانی هەڵیواسە. تا بەردەوام لەبەرچاوی خوێندکارەکان بێ. بەشداریکردنی خوێندکارەکان لەو جۆرە چالاکییانەدا گرنگ و پێویستن. چونکە هەست بەوە دەکەن خۆیان ڕاستەوخۆ هاوبەشبوون لەو چالاکییەدا و زیاتر پەیڕەوی بنەماکانی دەکەن و پێوەی پابەند دەبن.

5– پەیوەندی باش

هەمیشە هەوڵبدە بە بەردەوامی پەیوەندی باشت هەبێ. قسە و داواکارییەکانت دەتوانێ کاریگەریی گەورەیان لەسەر منداڵان هەبێت. بۆ نموونە کاتێک کارێکی باش دەکەن سوپاس و ستایشییان بکە، وەک: سوپاس بۆ تۆ، کە پاکەتە خاڵییەکەی نوقوڵەکەت خستە ناو تەنەکەی خۆڵەکەوە. یان ( تکایە لە سەرەتای وانەکانی ڕۆژی دووشەمەدا، ئەرکی ماڵەوەتانم بۆ بهێنن ) گونجاو و باشتر و تایبەتترە لەوەی بڵێی: ( تکایە ڕۆژی دووشەممە ئەرکی ماڵەوەتانم بۆ بهێنن ). چونکە لە یەکەمیاندا بە تەواوی کاتی وەرگرتنی ئەرکەکانت بۆ خوێندکارەکە دیاریکردووە، کە سەرەتای دەستپێکردنی وانەکانە.

6– پێزانینی ڕەفتار و هەڵسوکەوتی باش

ئاشکرایە جار بە جارێک منداڵان هەڵسوکەوتی خراپ دەکەن، کە ئەمەش ڕاستییەکی سەردەمی منداڵییە. بەڵام لە هەمان کاتدا فێری شتی تازەش دەبن. ڕۆژانەش بە باشی پەرەی پێدەدەن، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا سەرکەوتن و دەستکەوتە. کاتێک منداڵێک کارێکی باش دەکات، واچاکە ئاشکرای بکەیت. پێی بڵێ بە ڕاستی کارێکی باشت کردووە. شانازی پێوە بکە و نیشانی هاوپۆلەکانی بدە. ئەمەش هاندەرێکە، تا هاوپۆلەکانی چاوی لێ بکەن و هەمان ستایش و کاردانەوە بیانگرێتەوە.

7– پەرەپێدانی پەیوەندی نێوان مامۆستا و خوێندکار

کاتی تەواو بۆ ناسینی خوێندکارەکان تەرخان بکە. پەیوەندییان لەگەڵدا دروست بکە. باسی حەزە هاوبەشەکانی نێوانتان بکە. گفتوگۆیان لە گەڵدا بکە. لە هەواڵیان بپرسە، چونکە هەرچی لە دەمی تۆ دەرچێ بە دڵیانەوە دەنووسێ و ئارامی دەدا بە دەروونیان. پاشان جار بە جارێک داوای ئامۆژگارییان لێبکە و ڕایان دەربارەی بابەتێکی دیاریکراو وەربگرە. بۆ نموونە بڵێ: دەمەوێت کتێبێکی نوێ بخوێنمەوە، ئایا لەم ڕۆژانەدا چ کەسێکتان کتێبێکی باشی خوێندۆتەوە؟.

8– گۆشەیەکی هێمن

شوێنێک، یان گۆشەیەک لە ناو پۆلدا دیاری بکە، تا منداڵ لە کاتی ڕەفتاری خراپدا بۆی بچێ. نابێ ئەو شوێنە وەک شوێنی سزا تەماشای بکرێت. بەڵکو پێویستە شوێنی ئیسراحەت و هێوربوونەوە و بە خۆداچوونەوە بێ. دەکرێت بە منداڵەکە بوترێت یارییەک، یان وێنەی ئاژەڵێکی ماڵیی خۆی، بۆ خۆشی لەگەڵ خۆیدا بەرێت، تا بە هێمنی و لەسەرخۆ بە ڕەفتارەکانیدا بچێتەوە و دڵ و دەروونی داسەکنێ.

9– پارێزگاری لە ئارامی ناو پۆل

کاتێک داوای خوێندکارێک دەکەیت بۆ لێپرسینەوە لە ڕەفتارەکانی، بە شێوەیەکی وا داوای بکە، ئاژاوە لە پۆلەکەدا دروست نەبێت. لەوانەیە قسەی ڕەق و زەق و هات و هاوار بەسەر خوێندکاردا بە هۆی ڕەفتارە خراپەکانییەوە، تەریقی بکاتەوە و هەست بە شەرمەزاری و نائارامی و دڵە ڕاوکێ بکات. دوورنییە لەو کاتەدا لێت بێزاربێ و نەیەوێ گوێ لە قسەکانت بگرێ. هەر بۆیە پێویستە بە شێوەیەکی ئاسایی گفتوگۆی لەگەڵدا بکەی، بە شێوەیەک بزانێ ئاگاداری هەموو هەڵسوکەوت و ڕەفتارە نەخوازراوەکانی، خۆ ئەگەر هەر وا بەردەوام بێ، ئەنجامی خراپ و لێکەوتەی زیاتری دەبێ.

10– پەیوەندی لەگەڵ دایک و باوک

پاراستنی پەیوەندی لەگەڵ دایکان و باوکانی منداڵان بە بەردەوامی، کارێکی زۆر گرنگ و سودبەخشە. بە تایبەتی بۆ چارەسەکردنی کێشەی گەورە و ڕەفتاری نامۆ و نەخوازراوی منداڵەکانییان. پێویستە پەیوەندییان لەگەڵدا بکرێت، تا لەو کردەوانە ئاگاداربن و یارمەتی دەربن بۆ چارەسەرکردنیان. پاشان لەوەش دڵنیابن، کە لە ماڵەکانیانیشدا هەمان یاسا و ڕێنماییەکانی قوتابخانە هەیە و بە چاکی جێبەجێ دەکرێن.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP