دواین هەواڵ

کلتور‌

 11/09/2023

شۆڤینیزم و هونەر: یادەوەریی و لەبیرچوونەوە لەنێوان کورد و جووەکاندا

«من بانگی تووڕەکان دەکەمەوە» - ئەیمی سیزار

پێشڕەو محەمەد

١.

ئەوەی دەتوانێت نەتەوەیەک، گروپێکی مرۆیی قڕبکاتەوە، تەنها هێزە داگیرکەر، فاشیست، ڕاسیست و جەنگخوازەکان نین، بەڵکو هەروەها «فەرامۆشیی و لەبیرکردن»ە کە ڕۆڵێکی بنچینەیی هەم لە لاوازکردن، بێ ئیرادەکردن، لەسیاسەتداماڵین و دواجار تواندنەوە و لەناوبردن هەیە. یەکێک لەو بیرمەندە جووانەی زۆرترین کاریگەریی لەسەر «ڕادیکاڵیزەکردن و بەشۆڕشگێڕکردنی یادەوەریی» هەبووە واڵتەر بنیامینە، کاتێک پێیوایە یادەوەریی تەنها ئامرازێکی ڕووت نییە بۆ شیکردنەوە و پیشاندانەوەی ڕابردوو، بەڵکو سەکۆیەکی شانۆیە کاری خۆی لە ساتی ئێستادا ئەنجام دەدات. وادەوەریی نێوانگرێکی ئەزموونی ڕابردووە، وەک چۆن بناغەی زەوی نێوانگر/ناوبژیوانێکە تێیدا شارە مردووەکان لەگەڵ هەڵکۆڵیندا دەردەکەونەوە. لەم ڕووەوە ئەوەی فەرامۆش دەکات و یادەوەریی بێ بەها دەبینێت، نەک توانای ڕزگارکردنی خەبات و خەونی نەوەکانی ڕابردووی نییە، بەڵکو هەروەها خەونی نەوەکانی داهاتووش دەکوژێت و ئێستاش بە نەگۆڕیی و کارەساتباریی خۆی دەهێڵێتەوە. بەبێ ڕادیکاڵیزەکردنی یادەوەریی، ئاسانترین ڕێگەی لەناوچوون، فەرامۆشیی دەبێت. 

٢. 

لە هیچ شوێنێکی ناو مێژووی مرۆییدا هێندەی لای جووەکان، یادەوەریی ڕۆڵێکی گرنگی لە بیناکردن، بیناکردنەوە، پاراستن و گۆڕانکارییدا نەبووە. لای ئەوان ئەوەی سیاسەت پاڵ دەنێت هەمیشە بەرەو بەهێزترکردنیان ببات بریتییە لەو ڕۆڵەی یادەوەریی لە ژیانی تاک و کۆی ئەواندا دەیگێڕێت. ئەگەر یادەوەریی بەرهەمی بەریەککەوتنی تاکەکانیان بێت، ئەو تاکانە بەشداریی لە پێکهێنانی پەیکەرە و وشیارییەکی کۆییدا دەکەن و نەک ناهێڵن ئەو گەلە بمرێت، بەڵکو ڕۆژ بەڕۆژ بەهێزتر بێت و مۆدێلێکیش بێت بۆ ئەوانەی دەیانەوێت خەبات بۆ داهاتوویەکی مرۆییتر و باشتر بکەن و ڕێگە نەدەن جارێکی دیکە جینۆساید بکرێنەوە. یادەوەریی لە ژیانی جووەکاندا هەم ڕۆڵی لە بونیادنانی دەوڵەت-نەتەوە و هەمیش لە خەباتی شۆڕشگێڕییدا هەبووە و هەیە. بۆ نموونە ئێستای خەباتی جووەکان دژی سیاسەتی سەرەڕۆیانەی بنیامین ناتانیاهوو بۆ شکاندنی بنەماکانی دیموکراسیی. جووەکان بەیەک دەنگ یادەوەریی بانگدەکەنەوە و دەڵێن: «بەبێ دیموکراسیی، جوو دەمرێت و نامێنێت». جووەکان نەک نەیانهێشت ئەو هونەرمەند، نووسەر، ڕۆشنبیر و سیاسەتمەدارانەی دەستیان لە قڕکردنیاندا هەبوو، لە وڵاتی خۆیان ستایش بکرێن، بەڵکو وایانکرد، تەنانەت لە ئەڵمانیای وڵاتی نازیزمشدا شەرمەزاریی بێت تۆ شانازیی بە هونەرمەندێکەوە بکەیت بەباڵای هیتلەر و نازیزمدا گوتبێتی. لە سیاقی ئێستای ئێمەدا: هونەرمەندێکی سینەماکاری مەزنی وەک لێنی ڕیفنشتال، نەک تەنها لە وڵاتی ئیسرائیل زیندوو نەکرایەوە، بەڵکو لە ئەڵمانیای وڵاتی خۆشیدا بوو بە شەرم و پەڵەیەک بەسەر جەستەی وڵاتەکەوە. [ئەگەر دەتانەوێت ڕۆڵی ڕۆشنبیرانی جوو لە پاشەکشێکردن بە فاشیزمی شەیداکەر لە پەیوەندیدا بە ڕیفنشتالەوە بزانن بگەڕێنەوە بۆ هەردوو کتێبەکەم: لەکۆدگۆڕینی کانتەوە بۆ تیۆری فیلم و دیالەکتیکی هونەری سێیەم]

٣.

کورد کە لە ئازار و مەینەتیی و تراژیدیا و تاوانکردن بەرانبەری و جینۆساید هاوشێوەی جووەکانی بەسەر هاتووە، لە ئەزموون وەرگرتن لەوان ڕێک بەڕێگەی پێچەوانەدا ڕۆیشتووە. لەبری پەنابردن بۆ ڕادیکاڵیزەکردنی یادەوەریی، پەنای بۆ فەرامۆشیی بردووە و شانازیشی پێوە دەکات. بۆ نموونە فەرامۆشکردنی ڕابردووی ستەمکاران و لەبیرکردنی ئەو تاوانانەی بەرانبەری کراون، هێندە چووەتە پێشەوە، داهێنانی لە «ڕادیکاڵیزەکردن و بەشۆڕشگێڕییکردنی فەرامۆشیی»دا کردووە. هەمووانیش لەمەدا بەشدارن: لە سیاسەتمەدارێکەوە بگرە بۆ زۆرینەی هونەرمەندان و ڕۆشنبیرانی. لە شۆڕشی ژینادا بینیمان چۆن بەخێرایی ویستیان کۆی مێژووی کورد بخەنەوە گیرفانی شایەکی فاشیست کە بەشداریی لە گەورەترین تاوانەکان دژی کورد کردووە تا دەگاتە ستایشکردنی هەموو ئەو تاوانبارانەی ڕۆژێک لە ڕۆژان بە باڵای سەدام حوسەین و حزبی بەعسدا گوتوویانە. کورد پێیوایە فەرامۆشیی شانازیی و پێشکەوتنە و یادەوەریی دواکەوتوویی و کۆنەپارێزییە. ئەوەی ئێستا چ لە باشووری کوردستان و چ لە پارچەکانی دیکەدا ڕوودەدات، بەشێکی سەرەکیی دەگەڕێتەوە بۆ بێباکیی و تەمەڵیی ئێمە بەرانبەر بە ڕابردوو و یادەوەریی. ئێستا لە ساتی مردنی گۆرانیبێژێکی عێڕاقییدا کە تا ساڵی ٢٠٠٣ هەمیشە بە باڵای سەدام و حزبی بەعسدا چڕیویەتی، دەیسەلمێنێت لە ئاستی کۆییدا ئێمە نەگەیشتووین بە سەرەتاییترین ئەو بنەمایانەی دەتوانن کۆمەڵێکی مرۆیی یەکسانییخواز و پێشکەوتووخواز دابمەزرێنن. لە هەموو ئەو هونەرمەند و ڕۆشنبیرە تورک و ئێرانیی و عەرەبانەوە بگرە تا دەگاتە ئەم دواییانە، ئێمە بەهیچ شێوەیەک یادەوەرییمان نەکردووە بە بەشێک لە سیاسەت بۆ ئێستا و داهاتوویەکی باشتر.

٤. 

گەر بەڕاستیی دەتانەوێت لە ئێستای کارەسات ڕزگارتان بێت، لە ئەزموونی ئەوانیدیکەوە فێرببن. بخوێننەوە، فێرببن، فێرببن، جارێکی دیکە فێرببن. کاتێک ئێوە شەقامی شارەکانتان بۆ ئیبراهیم تاتلیساس دەڕازێننەوە کە چەند ساڵێک پێش ئێستا بە جلی سەربازییەوە پێش ئەردۆغان دەکەوێت بۆ داگیرکردنی عەفرین، و ڕازاندنەوەی شاری دهۆک بۆ کچەکەی، هیچ جێگەی سەرسوڕمان نییە نەزانن ڕابردووی حزبێکی فاشیستی وەک بەعس و پێکهێنەرەکانی چی بوون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP