دواین هەواڵ

عێراق‌

 12/09/2023

دامەزراندن لە ریزەکانی سوپای عێراق دەستپێدەکات

هەرێم نیوز

وەزارەتی بەرگریی عێراق فۆرمی بوون بە سەرباز لە ریزکانی سوپای عێراق دەکاتەوە، ئەندامێکی لێژنەی بەرگری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، هاوڵاتییانی هەرێمى کوردستان دەتوانن داواکارى پێشکەش بکەن.

وەزارەتی بەرگریی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، کاتژمێر یەکی بەیانیی رۆژی 15ـی ئەیلوولی 2023، فۆرمی ئەلیکترۆنی کارا دەبێت و تاوەکو کاتژمێر 12ـی شەوی پێنجشەممە 21ـی ئەیلوولی 2023 بە کارایی دەمێنێتەوە. 

لینکی فۆرمەکە

مەرجەکانی پێشکەشکردن

1- هەبوونی وڵاتینامەی عێراقی.
2- تەمەنی لە 18 ساڵ کەمتر و لە 25 ساڵ زیاتر نەبێت. 
3- خاوەن رەوشت و رابردووی باش بێت.
4- توانای جەستەیی و سەلامەتیی تەندروستی هەبێت.
5- لە رابردوودا سزا نەدرابێت بەهۆی ئەنجامدانی تاوان، تیرۆر، تاوانی پەیوەندار بە ئاسایشی دەوڵەت.
6- لانیکەم بڕوانامەی سەرەتایی و ناوەندیی هەبێت.

تێبینی:

1- پێشکەشکار مافی دەفەوتێت ئەگەر لە وادەی دیاریکراودا بەڵگەنامەی پێویست پێشکێش نەکات.
2- پێدانی زانیاری ناڕاست دەرفەتی وەرگرتنی پێشکەشکار ناهێڵێت.
3- دەبێت پێشکەشکار ژمارەی فۆرمە ئەلیکترۆنییەکە و کۆپییەکی لای خۆی هەڵبگرێت.
4- پێویستە کەسوکاری شەهیدان نووسراوی فەرمی دەزگای شەهیدان لەگەڵ خۆیان ببەن.

سەگڤان سندى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، بەگوێرەى ئەو بڕیارە، 10 هەزار سەرباز وەردەگیرێن و کەمترین مووچەش 750 هەزار دینار دەبێت.

دەشڵێت، فۆڕمەکان جیادەکرێنەوە و چاوپێکەوتن لەگەڵ پێشکەشکار دەکرێت، پشکنینى تەندروستییان بۆ دەکرێت و ئەوانەى وەردەگیرێن بۆ ماوەى سێ مانگ مەشقیان پێدەکرێت.

ئەوە یەکەم جارە لە ساڵى 2014ـەوە سوپاى عێراق دەرگەی دامەزراندن بۆ سەربازانى سوپا بکاتەوە و دامەزراندنى ئەو 10 هەزار سەربازەش لەنێو یاسای بودجەى عێراقى بۆ ساڵانى 2023، 2024، 2025 جێگیر کراوە.

جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق وتیشی، هاوڵاتییانی هەرێمى کوردستان دەتوانن داواکارى پێشکێش بکەن بۆ دامەزراندنیان وەک سەرباز لە ریزى سوپا، بەڵام ئەگەر هەیە ببرێنە پارێزگا هاوسنوورەکانى هەرێمى کوردستان لە نەینەوا و کەرکووک و سەلاحەدین و دیالە.

 
 
 
 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP