دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 22/09/2023

‎هەرێمی کوردستان لە ئەجێنداى گفتوگۆکانى ئەمریکا و عێراق دا

ئەمریکا دواین هۆشداری دەداتە عێراق لەبارەی مافە دەستورییەکانی هەرێمەوە ماوەی چەند رۆژێکە سودانی لە نیۆرکە و دەیەوێت بایدن ببینێ، پێش دیدارەکەی بایدن ‎کارتی سور بە حکومەتەکەی سودانی درا لەبارەی هەرێمەوە، ئەگەرچی هێشتا دیارنییە سودانی لەم سەردانەیدا بۆ ئەمریکا چاوی بە بایدن دەکەوێت یان نا، هەرچەندە سودانی داوای بینینی بایدنی کردووە، بەڵام تیمی پرۆتۆکۆڵی کۆشکی سپی پێیان وتووە، هەوڵ دەدەین دیدارت بۆ رێکبخەین، بەڵام سەرۆک بایدن هیلاکە و ئەگەر ئەم سەردانەش نەگونجا دەکرێت لە داهاتوودا ئەو دیدارە ساز بکرێت.

‎بەو پێیەى کە پەیوەندییەکانى نێوان هەرێم و ناوەند لە گێرمەوکێشەدایە و لەسەر ئاستى ناوخۆیی عێراقیش ئێران زیاد لەپێویست هەژمونی بەسەر عێراقدا کردووە، ئەوەش لەبەرژەوەندیی ئەمریکا و رۆژئاواو داهاتووی عێراقیشدا نییە بۆیە گفتوگۆکانیان زیاترن لەوەى چاوەڕێ دەکرێت.

‎ لە سەردانەکەی سودانیدا ئەگەرچی بۆ بەشداریکردن بووە لە کۆبونەوەی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵام هەوڵی زۆریداوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکدا کۆببێتەوە، چونکە کۆمەڵێک کێشە لەنێوان ئەمریکا و عێراقدا هەیە هەردولا دەیانەوێت چارەسەری بکەن، ئەمریکا زیاتر مەبەستیەتی ئەو وڵاتەی کە بەسەدان سەربازی ئەمریکی بۆ بەکوشتدا و دەیان ملیار دۆلاری تێدا خەرجکرد، نایەوێت هەروا بە ئاسابی دەستبەرداری ببێت، بۆیە لە ئەگەرى نەچوونە ژێرباری عێراقدا بۆ وەسیەت و ڕێگەچارەکانى ئەمریکا باجی قورستری دەبێت و دووریش نییە سودانی هاوشێوەی عادل عەبدولمەهدی پێش تەواوکردنی وادەی خۆی دەستیپێلەکار نەکێشنەوە.

لەکۆبونەوەی نێوان سودانی و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆمەڵێ پرسی گرنگ و تایبەت بەعێراق و هەرێمی کوردستان باسکراوە کە ئاماژەی گرنگی تێدایە بۆ پشتیوانی ئەمریکا لە هەرێم. لە بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە، لەچوارچێوەی رێککەوتنی ستراتیژی نێوانماندا پشتیوانی لە عێراق دەکەین، هەروەها دەڵێت، پێویستە عێراق پەرە بەتواناکانی خۆی بدات لەبواری وزەدا.

لەبەشێکی تری بەیاننامەکەدا هاتووە، هەوڵ دەدەین هێڵی کەرکوک_ عێراق بەبەندەری جەیهانەوە بکەوێتەوە کار. لەلایەن خۆشیەوە د. بیلال رەئوف پسپۆری دارایی و بانک پێی وایە ئەمریکا نایەوێت عێراق چیتر غاز و کارەبا لە ئێران بکڕێت و بەهیچ شێوەیەک نەوتی کەرکوک هەناردەی ئێران بکات. رەئوف ئەوەشی وتووە، ئەمریکا بەسودانی وتووە هەوڵ دەدەین هەرچی زووترە بۆری کەرکوک_جەیهان بکرێتەوە و ئەر رێککەوتنەش هەڵوەشێننەوە کەلەگەڵ ئێراندا هەتانەو ساڵانەی بای نزیکەی شەش بۆ حەوت ملیار دۆلار کارەبا و غاز لە ئێران دەکڕن.

لەکۆتایی بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە، هاوکار و هەماهەنگی حکومەتی هەرێم بن و نەرمی بنوێنن و دەسەڵاتی دادوەریش سەربەخۆ و ئازادبێ. د. بیلال رەئوف، لەمبارەیەوە دەڵێت، ئەمریکا بە ئاشکرا لە بەیاننامەکەیدا پشتیوانی حکومەتی هەرێم دەکات و داواشی کردووە دادگای فیدراڵی سەربەخۆبێت و نەکەوێتەژێر فشاری لایەنە شیعەکانەوە، بۆیە ئەم پەیامانە بایەخ و گرنگی زۆری بۆ هەرێمی کوردستان هەیە و بەداخەوە میدیاکان لەسەری ناوەستن. هاوکات و لەسەردانەکەی سودانی بۆ نیۆرک چاوی بەبرایان نیلسن، بریکاری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ کاروباری هەواڵگری دارایی و تیرۆر کەوتووە کەپێشتر لەبەرنامەی سودانیدا نەبووە و لەسەر داوای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بووە، نیلسن وتویەتی هیچ سزایەکمان نییە بۆ بانکی ناوەندی عێراق.

لەبەیاننامەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکادا هاتووە، هەوڵ دەدەین بۆ چاکسازی لە سیستمی دارایی عێراق و رێگا نادەین دارایی عێراق ببرێتە دەرەوە و رێگری لەخۆدزینەوە لە سزاکان دەکەین و دەبێ عێراق رێگربێ لەپارەدارکردنی تیرۆرستان. د. بیلال رەئوف کەپسپۆری دارایی و بانکە دەڵێت، مەبەستی ئەمریکا لەوەیە کەنابێت ئەمریکا مامەڵە لەگەڵ ئێران و سوریا و روسیا و تەنانەت هەندێ گروپی میلیشیاکانی حەشدی شەعبیدا بکات کە لەلیستی سزادراوەکانی ئەمریکادان.

هەروەها مەبەستی ئەمریکا ئەوەیە کەنابێت ئەوان لە چوارچێوەی گروپی تیرۆری ئەمریکادان پارەدار بکرێن، بەتایبەتی حەشدی شەعبی. د. بیلال رەئوف ئەوەشی وتووە، یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانى عێراق ئەوەیە کە لە سەر ڕەزامەندی ئەمریکا قەرزى سوتەمەنى و کارەباى ئێرانى بە دینارى عێراقی داوەتەوە کە بریتى بووە لە شەش ترلیۆن دینار و ئەوەش وایکردووە دینارى کاشی لەبەردەستدا نەمێنێت و نەتوانێت یاساى بودجەکەى بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە دەبووە چەند مانگێک پێش ئێستا بچوایەتە بوارى جێبەجێکردنەوە ، هەربۆیە عێراق توانیویەتى تەنها پارەى موچە بە دینار ئامادە بکات، ئەمریکا رێگای داوەتە عێراق دۆلار بکاتە دینار، بەومەرجەی بەشی پێویست بێت و زیاتر نەبێت.

ئەو پسپۆڕەی دارایی و بانک دەڵێت، ئەمریکا رازی بووە دۆلاری پێویست بدات بە عێراق بەو مەرجەی نابێ ئەو پارەی کەلەبودجەدا هاتووە، بۆ هێزە چەکدارەکان بەتایبەتی بۆ حەشدی شەعبی کە نزیکەی چوار ترلیۆن دیناریان بۆ داناوە نابێ ئەو پارەیان بۆ خەرج بکەن، دەبێ تەنیا موچەیان بدەنێ و هیچی تر. ئەمریکییەکان بە سودانیان وتووە چاومان لێتانە و چاوی ئێمە تەیف سامییە و هەرچی بۆ کەرتی سەربازی خەرج بکەن دەگاتەوە بەئێمە و ئێمەش لێپرسینەوەتان لێدەکەین.

ئەوەش لەکاتێکدایە لەماوەی پێشوودا عێراق گەڕی لە هەرێم ئاڵاندبوو، سەرەڕای ئەوەی هەرێم پابەندییەکانی خۆی بەجێگەیاندبوو، بەڵام عێراق نەیدەویست شایستەکانی هەرێم بدات، هەتا دواین سەردانی شاندی هەرێم بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، ئینجا ئەنجومەنی وەزیران رازی بوون بۆ سێ مانگ و مانگانە بڕی 700 ملیار دینار بەقەرز بداتە هەرێم.

سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتی هەرێم بەهەرێم نیوزی راگەیاند، ئەمریکا لەم دوواییەدا بەچڕی هاتبووە سەرخەت بە سودانی وتبوو، ئەگەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم نەدەن، ئەوە ئێمە لە ئەمریکاوە پشکی هەرێمی کوردستان لە پارەکانی عێراق دەدەین، بۆیە لایەنە عێراقیەکان نەرمیان نواند و هاتنە پێشەوە.

ئەو سەرچاوە ئەوەشی وت، ئەمریکا پێویستە بەردەوام پشتیوانی حکومەت و خەڵکی هەرێم بێت، چونکە هەموو ئەو فشارانەی کەلە سەرمانە بەهۆی نفوزی ئەمریکیەوەیە لەکوردستان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP