هەرێم نیوز
لە وڵاتى چین ژمارەی تووشبووانی پەتایەکی هاوشێوەی ئەنفلەوەنزا زیادبووە و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداریدەداتە حکومەتی چین کە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری زیادبوونی ژمارەی تووشبووان بکات.
پسپۆڕانی نەخۆشخانەی بێیژینگ لە چین رایدەگەیێنن، هیچ نەخۆشییەکی نوێ بڵاو نەبووەتەوە و ئەوەی هەیە تەنیا نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەیە کە ژمارەی تووشبوونیان زۆربووە بەتایبەت لەنێو منداڵاندا.
د. ژاو شوونیینگ، بەرپرسی بەشی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە لە نەخۆشخانەی منداڵانی چین دەڵێت: هەوکردنێکی سەخت لەنێو منداڵاندا بڵاوبووەتەوە، بەڵام مەترسی دروست ناکات.
د. ژاو شوونیینگ دەشڵێت: بڵاوبوونەوەی هەوکردن بە جۆرە بەکتریایەک بەناوی مایکۆپلاسما زیادبووە کە ساڵانی رابردووش هەبووە، بەڵام ئەمساڵ زۆر زیاترە.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی زۆربوونی تووشبووان بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە چین مەرجەکانی خۆپاراستن و سنووردارکردنی تێکەڵاوی دژ بە کۆڤید-19 هەڵگرتووە.
لەم بارەیەوە رێکخراوەکە هۆشداریدەداتە چین، بەوەی کە کۆنتڕۆڵی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە بکات و لە بارودۆخەکە بکۆڵێتەوە، چونکە تادێت نیگەرانە و داوای وردەکاریی زیاتر لە حکومەتی چین دەکات.
ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC لە چین ئاشکرای دەکات، تەنیا لە نەخۆشخانەی باکووری چین 6.2٪ـی کەیسەکانی نەخۆشخانەکە هەوکردنی تووندی سییەکانیان هەبووە، ناوەندەکە ئەوەش دەردەخات، ئەمساڵ بەراورد بەم وەرزەی ساڵانی رابردوو 2.5 ئەوەندە ژمارەی تووشبووان بە هەوکردنی سییەکان زیادبووە.
بەگوێرەی ناوەندی کلیڤلاندی پزیشکی لە ئەمریکا، تووشبوون بە بەکتریای مایکۆپلاسما نیومۆنیا چەند نیشانەیەکی دەبێت وەکو ' کۆکەی وشک، تا، هەناسەتەنگی، هەوکردنی تووندی سییەکان'، هاوکات ناوەندەکە ئاماژە بەوەشدەکات کە هاوشێوەی پەتا ڤایرۆسییەکان، نەخۆشییەکە خێرا بڵاودەبێتەوە.
کلیڤلاندی پزیشکی رێنوێنیی هاووڵاتییان دەکات، بە جێبەجێکردنی رێنماییەکانی خۆپارێزی دەکرێت پێشگیری لە نەخۆشییەکە بکەن وەکو 'خواردنی خۆراکی تەندروست، شۆردنی دەستەکان، وەرزشی مامناوەندی رۆژانە، بەکارهێنانی دەمامک لە شوێنە قەرەباڵخەکان، پاکژکردنەوەی بەردەوامی دەستەکان و تێکەڵاونەبوونی تووشبووان'.