هەرێم نیوز
وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند: پەیامی ھۆشیاری تەندروستی و خۆپارێزی لە ڤایرۆسی نەخۆشی ئەیدز بەتەواوی مرۆڤایەتی بۆ سەرجەم تاک و کۆمەڵگاکان لەسەرتاسەری جیھان لەم ڕۆژەدا دەدرێت، کە رۆڵی کاریگەر و ئەرێنی دەبێت لە روبەڕووبونەوە و کەمکردنەوەی تووشبوون بە ڤایرۆسی نەخۆشی ئەیدز بە جێبەجێکردنی رێنماییەکانی خۆپارێزی و دوورکەوتنەوە لەو ئەگەرانەی کە دەبنە ھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی نەخۆشی ئەیدز HIV.
ڕۆژی جیهانی ئەیدز، 1ی 12، دەرفەتێکی جیهانی یە بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک و یەکخستنی هەوڵی دەزگا پەیوەندارەکان و خستنەڕووی هاوکاری و پاڵپشتیە بۆ توشبوانی نەخۆشی ئەیدز.
وەزارەتی تەندروستی ھەرێم ئاماژەی بۆ ئەوەکردوە، لە ھەرێمی کوردستان لە پڕۆگرامی کۆنتڕۆڵکردندا لەماوەی 10 مانگی ڕابردوو، 598 ھەزار تێستی پشکنینی خوێن بۆ دۆزینەوەی ڤایرۆسی HIV ئەنجام دراوە، بەتایبەتی بۆ کەسانی بیانی پێش پێدانی مۆڵەتی نیشتەجێبوون و پشکنینی پێش ھاوسەرگیری و کرێکاری شوێنە گەشتیارییەکان و ڕاگیراو و حوکمدراوانی ناو چاکسازییەکان و نەخۆشانی گورچیلەی درێژخایەن و سیل و ھەوکردنی جگەر و تالاسیمیا.
لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، لە دەرەنجامی پشکنینەکاندا، 72 حاڵەتی نوێ دەستنیشانکراوە کە بەشی ھەرە زۆریان ھاووڵاتییانی بیانی و ھاووڵاتییانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستانن و کاری پێویست بەرامبەریان ئەنجامدراوە، تووشبووانی بیانیش گەڕاونەتەوە وڵاتانی خۆیان و ھەموو حاڵەتەکانی نوێ و ساڵانی ڕابردووی دانیشتووی ھەرێمیش لەژێر چاودێری تەندروستی و خۆپارێزی دان.
جەختی لەوەشکردوەتەوە، لە ھەرێمی کوردستان بە بەراورد بە وڵاتانی جیھان، کەمتریین تووشبووی ئەو ڤایرۆسە تۆمارکراوە بە ھۆکاری سەرەکی پابەندبوون بە بەھا کۆمەڵایەتی و کەلتوری و ئاینی و پتەوی بەرنامەکانی پەتازانی لە ھەرێمی کوردستان.