دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 09/12/2023

شەرعیەتى کۆمەڵکوژیی لە روەنداوە تا ئیسرائیل

هەرێم نیوز

دواى هێرشە لەناکاوەکەى چەکدارانى حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و هەڵگیرسانى جەنگێکی خوێناوى لە نێوانیاندا، بەپێچەوانەى پێشبینیەکانەوە ئیسرائیل نەیتوانییوە لەماوەیەکی دیارکراودا دۆخەکە لە بەرژەوەندیی خۆی یەکلایی بکاتەوەو کۆتایی بەو چەکدارانە بهێنێت کە ناوى لێناون جرج و مشک و دڕەندە، بۆ چارەسەرکردنى ئەو دۆخەش پەنا بۆ هەموو شتێک دەبات بە بێ گوێدانە بەها مرۆڤایەتیەکان و ڕەچاوکردنى یاسانێودەوڵەتییەکان.

هێرشى هەڵگەڕاوەى ئیسرائیل بۆ سەر کەرتى غەزە، درێژەى کێشاو ئەوە زیاتر لە دوو مانگە لە هەموو ڕێگەیەکەوە پەلامارى ئەو شارەدەدات و تادێت شوێنەواری وێرانکارییەکانى بەرەو زیاتر دەڕۆن و لەبەرامبەریش دا لە دۆزینەوەى ڕێگە چارەى نوێدایە بۆ ئەوەى بتوانێت لە لایەک دیلەکانى ڕزگاربکات و لە لایەکی تریشەوە جەنگەکە لە بەرژەوەندی خۆی یەکلایی بکاتەوە، دواجاریش پێشنیارى مەترسیداریان کردووە بۆ ئەو مەبەستە.

بەشێکى زۆر لە سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانیان تاوێک دەڵێن ئەوانەى لە غەزەن مرۆڤ نین و تاوێکی تریش دەڵێن نەوەى نازییەکانن و جاروباریش پێشنیاری بەکارهێنانى چەکى ئەتۆمی دەکەن و لە دوا پێشنیاریشدا جێگری سەرۆکی شارەوانى قودس ڕایگەیاندووە کە دیلە ئیسرائیلییەکان زیندەبەچاڵبکرێن.
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن لە دواى دامەزراندنى دەوڵەتى ئیسرائیلەوە لەسەرخاکی فەلەستین لە ساڵی 1948 ئەمە یەکەمجارە ئیسرائیل بەو شێوەیە ڕوبەڕوی شکت ببێتەوەو بەرپرسەکانیشی دانى پێدابنێن، لەگەڵ ئەوەشدا لەهیچ قوناغ و جەنگێکدا نە ئەوەندە مەسرەفى کردووەو نە ئەوەندەش زیانیان لێکەوتووەو نەئەوەندەش دڕندانە پەلاماریان داوە.

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بە شانازییەوە بە میدیاکانى گوتووە، ئابڵۆقەى غەزەمان داوە، نە ئاوو  نەکارەبایان دەدەینێ، ئەوانە شایستەى ژیان نین، ئەوانە جرجن، دەبێت کۆمەڵکوژبکرێن.

ئەم وتەیەى (یواف گالانت) وەزیریى بەرگریی ئیسرائیل کاردانەوەى زۆری بەدواى خۆیدا هێناوەو ڕێکخراوە "هیومان رایس ووچ" بە ڕێخۆشکەریی کوشتارى بەکۆمەڵ لێکی داوەتەوە و گوتویەتى داگیرساندنى گڵۆپى سەوزە بۆ بەرپرسە سەربازییەکان تا تاوانى جەنگی ئەنجام بدەن، هەربۆیە داواى لە ڕێکخراوى تەندروستى جیهانى کردووە لەسەر خەت بێت و ئاگاى لەو کێشانەبێت کە ڕووبەڕووى خەڵکی سڤیل دەبێتەوە.

دواى وتەکانى وەزیری بەرگریی شارى غەززە لە هەموو لایەکەوە پەلاماردراوە، ئەو شوێنانەى کە بەرهێرشەکان کەوتوون نەک هەر سیماى شاریان پێوە نەماوە بەڵکو لە گۆڕەپانى خوێنڕێژیی و ستەیجی شانۆیەکى ترسناک دەچێت، نە ماڵ و بازاڕو دوکان بەپێوە ماون و نە منارەى مزگەوت و نە زەنگی کڵێساکان.

وەک سەرچاوەکان باسیدەکەن ئیسرائیل توانایەکی بەهێزی هەیە لە کوشتن، تەختکردنى گوند و شارەکانى فەلەستین و لەو بوارەشدا مێژوویەکی دورودرێژى هەیە و لە کوشتنى مرۆڤەکانیش نکولیی نەکردووە بە تایبەتى ئەوانەى کە بە دوژمنی خۆی ناساندوونی.

سەرەڕای ئەوەى کە نەتەوەیەکگرتوەکان دەستدرێژى بۆ سەر هاوڵاتیانى مەدەنى و شوێنەئاوەدانەکان قەدەغەکردووە و نابێت بکرێنە ئامانجی سەربازیی، بەڵام سەردەمانێکى زۆرە گەمارۆی غەزەی داوەو ئەوەى پێیان کرابێت لەبەرامبەر ئەوەشارە ئاوەدانەدا درێغییان نەکردووە، کەژمارەى دانیشتوانەکەى زیاتر بوون لە 2 ملیۆن کەس، لەدواى پاساوى هێرشەکەى حەماسیش لە 7/10/2023 بۆ سەر سنوورەکانى هێندەى تر دەستکراوەى کردوون و لە هیچ ڕێگەیەک نەسڵەمیونەتەوە.
بۆ ئاسایی کردنەوەى ئەو هەنگاوانەى کە ئیسرائیل دەیەوێت ئەنجامی بدات، ئامادەکاریی میدیاییە، بانگەشەى ئەوەیە کە حەماسەکان سەری منداڵانى فەلەستینییان بڕیوە، مامەڵەى نامرۆڤانە لەگەڵ ژنەکانیان دەکەن و دەستدرێژیی سێکسییان کردونەتە سەر.
بەکارهێنانی دوستەواژە نامرۆڤایەتییەکانى وەک ناساندنی فەلەستینییەکان بە (جرج، مشک ، نازییەت، نامرۆڤ و ئاژەڵ) ڕێخۆشکەر بووە بۆ ئەوەى هەموو ڕێگەیەکیان لەدژ بگیرێتەبەر.
بۆ ڕوبوڕووبونەوەى حەماس، ئەندامێکی کنێست لەسەر لیستى حیزبی لیکۆد ریفیتال تالی، داواى لە سوپاى وڵاتەکەى کردووە کە "موشکەى قیامەت" لە دژى غەزە بەکاربهێنن و بێ بەزەییانە شارەکە تەختى زەویی بکەن.
هەربۆیە ئەوانیش نە دەستیان لە شوێنى نیشتەجێبوون پاراستووەو نە نەخۆشخانەو قوتابخانەکانی غەزە نەپاراستووە، ئەم بابەتەش هەر لە ئێستادا نەبووەو لە ساڵی 2015 دا بنیامین نەتانیاهۆی لە کۆنگرەیەکدا گوتوویەتى: موسڵمانى دڕندەمان لەناودایە، ئەوانەن کە بە ئیسلامی سیاسی و توندڕەو ناویان دەرکردووە.
لە پێشووتردا کاتێک کارەساتى مرۆیی ڕویدا، روەندا لە قۆناغی جەنگی ڕەگەزپەرستانەدا بوو، روەندا و بۆرۆندی لە جەنگێکی تۆقێنەری مرۆییدا بوون، روەنداییەکان دەستەواژەى "سیسرک" یان بۆ توتسییەکان بەکاردەهێنا و ئەوەش بووە هۆی ئەوەى ڕێگە بکرێتەوە بۆ کوشتاری زیاتر لە دوو ملیۆن مرۆڤ لە لایەن هۆتۆکانەوە و توتسییەکان قەتڵ و عام بکرێن.
لەو جەنگەدا هەزاران مرۆڤ کوژران، سەدان هەزار ئافرەت دەستدرێژییان کرایە سەر، دەیان هەزارکەسیان بەچەقۆ سەربڕان، هەندێک لەبەرپرسەکانیش پێشنیارى شێوازی ڕووبەڕووبونەوەى "سیسرک"یان دەکرد، کە مەبەستیان بوو لەڕێگەى مادە کیمیاوییەکانەوە لەناوببرێن. دواى 15 ساڵ لە کۆمەڵکوژییەکەى توتسی، یەکێک لە دەربازبووەکان ڕایگەیاند سەربازە هۆتۆییەکان گوتوویانە فیشەک بەکارمەهێنن، بە چەقۆ و تەور بیانکوژن.
لە دوا گۆڕانکارییشدا و دواى بڵاوبونەوەى وێنەى دەستگیرکراوە فەلەستینیەکان بە جل و بەرگی ژێرەوەیان، جێگری سەرۆکی شارەوانى قودس "ئەرییە کینگ" داوادەکات سەرجەم دەستگیرکراوەکانى حەماس بەزیندویی بکرێن بەژێرخۆڵەوە.
داواى مامەڵەى پێشێلکارى مافەکانى مرۆڤ لە دژى فەلەستینیەکان لە لایەن ئیسرائیلەوە، لەسەرەتاى جەنگەکەوە تا ئێستا چەند جارێک دووبارە کراوەتەوە و پاساویشیان ئەوەبووە کە حەماسەکان دەست لە هاوڵاتییەکانیان ناپارێزن.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل یواف گالانت ، پێشتر رایگەیاندبوو کە ئەوان لەبەرامبەر کۆمەڵێک ئاژەڵدا دەجەنگن کە لە شێوەى مرۆڤدان، وەزیری کەلتوری ئیسرائیلیش "عیمحای ئیلیاهۆ"  پێشنیارى ئەوەى کردووە کە بۆمبی ئەتۆمی لە غەزە بەکاربهێنرێت  و "نەفتالی بینیت" ى سەرۆک وەزیرانى پێشووش ڕایگەیاندبوو کە ئەوان لەگەڵ نازییەکان دەجەنگن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP