هەرێم نیوز
وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، داوایان لە بەغدا كردوە سەقامگیری هەرێم نەكرێتە ئامانج لەلایەن لایەنەكانەوە.
رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بە ئامانجگرتن و هێرشکردنە سەر هەر دامەزراوەیەکی دبلۆماسی ناو عێراق، پێشێلکردنی رێککەوتن و بنەما نێودەوڵەتییەکانە، بۆیە داوا لە حکومەتی عێراق دەکەن رێکاری تایبەت بەرامبەر ئەو گروپە چەکدارانە بگرنە بەر، هەروەها سەرکۆنەی هێرشی سەر دامەزراوەکانی عێراق و هێرشەکانی هەرێمی کوردستانیش دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، حوکومەتی هەرێم بە بەردەوامی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان هەماهەنگیدان بۆ رێگریکردن لەو هێرشانە و رێگری کردن لە گەیاندنی زیان بە هاوڵاتیانی سیڤیل.
لەبارەی یاسای قەدەغەكردنی چەكی بێمۆڵەتیشەوە رێبەر ئەحمەد رایگەیاند: ئێمە لە وەزارەتی ناوخۆ رژدین لەسەرئەوەی كە دەبێت یاساكە وەك خۆی جێبەجێ بكرێت بەم دواییانە دادگاكانیش هاوكارێكی باشبون و بەپێی یاساكە ئەوەی چەكی بێمۆڵەتی هەبوبێت سزای بەندكردن و دارایی بۆ دەرچوە، بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەكەم ئەوانەی چەكی بێ مۆڵەتیان هەیە سەردان بكەن بۆ تۆماركردنیان و بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشەكانیشیان پەنا نەبەنە بەر بەكارهێنانی چەك، چونكە تەنها كێشەكان زیاتر دەكات و هیچی تر.
وەشی خستەڕو، لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، لە هەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستان بنکەی دەنگدانی تایبەت بەو پڕۆسەیە ئامادەکراوە و ئاوارەکانی عێراق دەنگی تێدا دەدەن.
رێبەر ئەحمەد لەسەر پرسی شەنگال ئەوەشی رونکردەوە، هیچ هەنگاوێک لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی شەنگال بەرەو پێش نەچون، یەکێک لە هۆکارەکانیش نەگەڕانەوەی هاوڵاتیانی شەنگالە، چونکە ئاسایشی ناوچەکانیان پارێزراو نییە و وتیشی، "لە دەرەوەی ئیدارەی حکومەتی هەرێم چەند لایەنێک رێگری لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دەکەن."