دواین هەواڵ

جیهان‌

 21/02/2024

ئیسرائیل لەڕێی مووشەکەوە هێرشیکردە سەر سوریا

هەرێم نیوز

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەند مووشەکێکی ئیسرائیلی لە ناوچەی کەفەر سوسە لە دیمەشقی پایتەختی سوریا کەوتە خوارەوە.بەپێی زانیارییەکان لەم هێرشەدا سێ کەس کوژراون.

کەفەر سوسە گەڕەکێکی ئەمنییە لە باشووری ڕۆژئاوای دیمەشق کە لەژێر پارێزگارییەکی ئەمنی قورسدایە.

باس لەوەش کراوە کە ماڵی بەرپرسانی باڵای ئەمنی و چەند فەرمانگە و بارەگای دامەزراوە ئیتلاعاتییەکان و ناوەندێکی فەرهەنگیی ئێرانی لەم گەڕەکەدایە.

ئەم ناوچەیە لە مانگی شوباتی 2023یش لەلایەن ئیسرائیلەوە کرایە ئامانج.

ئاژانسی هەواڵی "دانشجو"ی ئێران باس لەوە دەکات کە هیچ کەسێک کە ڕەگەزنامەی ئێرانی هەبێت لە نێو ئەو کەسانەدا نەبووە.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی سوریا باسی کوژراو و بریندارەکانی نەکردووە، بەڵام وێنەی ئەو شوێنەی هێرشەکەی کراوەتەسەر بڵاوکردووەتەوە.

ئەو بینایەی کە ئامانجی سەرەکی هێرشەکە بووە، کۆمەڵگەیەکی ٩ نهۆمییە، نهۆمی چوارەمی لەلایەن چەند مووشەکێکەوە کراوەتە ئامانج.

 هەروەها ئێوارەی ئەمڕۆ تەقینەوەیەکی گەورە پایتەختی سوریای هەژاندووە.

بەگشتی حکومەتی ئیسرائیل هێرشەکان بۆ سەر ناوچەکانی سوریا نە پشتڕاستدەکاتەوە و نە ڕەتیدەکاتەوە، بەڵام میدیا ئیسرائیلییەکان باس لەوە دەکەن کە هێرشەکان کاری سوپای ئەو وڵاتە بووە.

 لەگەڵ ئەوەشدا ئیسرائیل چەندین جار ڕایگەیاندووە کە ڕێگە نادات ئێران لە سوریا چالاکی بکات.

 ئێران ڕایدەگەیەنێت، چالاکی ڕاوێژکاری لە سوریا هەیە و هێزەکانیشی لەسەر بانگهێشتی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد لە سوریا ئامادەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP