دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 4 هەفتە

ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە و تەوەرەی سەرەکی کۆبونەوەکە دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران دەبێت

هەرێم نیوز

سبەینێ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەش تایبەت دەبێت بە مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆران.

سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم راگەیاند، کۆبوونەوەکەی سبەینێ چوارشەممە کاتژمێر11ی پێش نیوەڕۆ بەڕێوەدەچێت و وەزیری دارایی دوایین پێشھاتەکان سەبارەت بە مووچەی مانگی شوبات دەخاتەڕوو.

بەپێی کارنامەکەی، کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران چوار خاڵی سەرەکی لە خۆ دەگرێت، کە بریتین لە:

1- دوا پێشهاتەکانی تایبەت بە مووچەی مانگی شوباتی 2024.

2- بابەتی بڕیار و رێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق تایبەت بە راکێشانی کاش بە دۆلار و دەرکردنی بڕیار بۆ میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی ئەو بڕیار و رێنماییانە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستانەوە.

3-خستنەڕووی کۆنووسی لیژنەی تایبەت بە جێبەجێکردنی بڕگەی سێیەمی مادەی 13ـی یاسای چاکسازی کە تایبەتە بە پابەندکردنی وەزارەتی دارایی کوردستان بۆ وەرگرتنەوەی قەرزە بازرگانییەکان.

4-خستنەڕووی نووسراوی سەرۆکایەتی دیوانی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 107ـی 21-12-2023 تایبەت بە خانەنشینی لە رۆشنیایی بڕیاری ژمارە 226ـی ئەنجوومەنی وەزیران لە 20ـی ئەیلوولی 2023 کە بە نووسراوی ژمارە 149 لە 14-1-2024ـی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ئاڕاستەی سکرتارییەتی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی 11ی ئازارى 2024، وەزارەتی دارایی عێراق بە چوار لیست نزیکەی 560 ملیار دیناری بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خستەسەر هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بانکى ناوەندیی عێراق، لە دوایین جاریشدا بەغدا 37 ملیار و 123 ملیۆن دیناری دیکەی بۆ مووچەی مووچەخۆران نارد, بەڵام  وەزارەتی دارایی و حکومەت دەڵێن بەهۆی ئەوەی بەشی تەواوی مووچە ناکات، دابەشی ناکات و چاوەڕوانی گەیشتنی تەواوی پارەکەن لە بەغداوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP