دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 4 هەفتە

ئێران بۆ تۆڵەسەندنەوە لە هێرشەکەی ئیسرائیل لە دوو ڕێیانێکدایە

هەرێم نیوز

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی ئێران ڕووبەڕووی کێشەیەکی گەورە بووەتەوە دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر کونسوڵخانەکەی لە دیمەشق.  ئەو کێشەیەی کە هاتۆتە ئاراوە، پەیوەندی بە چۆنیەتی تۆڵەسەندنەوە و ئەوەی کە چۆن تاران بتوانێت مامەڵە بەم کێشەوە بکات بەبێ ئەوەی ململانێکان لە ناوچەکەدا پەرە پێبدات، کە بە وتەی زۆرێک لە شرۆڤەکاران بەنیازی نیە ململانێکان لە ناوچەکە گشتگیربێت و تەشەنەی زیاتر بسەنێت.

لە میانەی هێرشەکەی ڕۆژی دووشەممە بۆ سەر باڵەخانەی کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دیمەشق، حەوت فەرماندە و ئەفسەری سپای پاسدارانی کوژران کە لە نێویاندا محەمەد ڕەزا زاهیدی فەرماندەی سوپای قودسی ئێران لە سوریا و لوبنان بوو.

بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران هەریەک لە ئەمریکا و ئیسرائیلیان بە هۆکاری ئەم هێرشەیان دەستنیشان کردووە و ڕایانگەیاندووە تۆڵە دەکەنەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆیتەرز کە لە ڕۆژی چوارشەممە بڵاوکراوەتەوە، ئێران چەند بژاردەی تۆڵەسەندنەوەی هەیە: ئێران دەتوانێت داوا لە گروپە بە میلیشیاکانی بکات هێرش بکەنە سەر پێگەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە یان ڕاستەوخۆ ئیسرائیل بکەنە ئامانج.

لە هەمان کاتدا تاران دەتوانێت بەرنامە ئەتۆمییەکەی خێراتر بکات.  بەرنامەیەک کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ماوەیەکی زۆرە هەوڵدەدەن پەرەی پێنەدرێت.

بەشێک لە بەرپرسانی ئەمریکا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاند، واشنتۆن لە دوای هێرشەکەی ئەم دواییەی ئیسرائیل بە وردی چاودێری بارودۆخی ناوچەکە دەکات بۆ ئەوەی بزانێت ئایا گروپە میلیشیاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران وەک ڕابردوو هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا کە لە عێراق و سوریا جێگیرکراون یان نا.

بە وتەی کاربەدەستانی ئەمریکا تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی ئەگەری نیازی گروپە بە وەکالەتەکانی ئێران بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە لە تۆڵەسەندنەوە لە ئۆپەراسیۆنە کوشندەکەی ئیسرائیل لەبەردەستدا نییە.

ڕۆژی سێشەممە واشنتۆن هۆشداریی بە تاران دا کە هێرش نەکاتە سەر سوپای ئەمریکا.

ڕۆبێرت وود، جێگری نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: ئێمە درێغی ناکەین لە بەرگریکردن لە سەربازەکانمان.  هۆشدارییەکانی پێشوومان بۆ ئێران و هێزە بە میلیشیاکانی دووپاتدەکەینەوە کە هەوڵی خراپ بەکارهێنانی دۆخی ئێستا نەدەن و هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا دەستپێنەکەنەوە.

سەرچاوەیەک کە بە وردی چاودێری پێشهاتەکانی ئەم دواییە دەکات، کە داوای کردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، ئێران ڕووبەڕووی دووڕیان بووەتەوە، چونکە لە لایەک پلانی تۆڵەسەندنەوەی هەیە لە پێناو ڕێگریکردن لە ئۆپەراسیۆنەکانی داهاتووی ئیسرائیل، و لە لایەکی دیکەشەوە دەیەوێت لە شەڕێکی تەواوەتی و ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل دوور بکەوێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، دەسەڵاتدارانی ئێران هەوڵدەدەن کاردانەوەی خۆیان بەرامبەر هێرشەکەی ئیسرائیل بەشێوەیەکی مامناوەند بێت، بەجۆرێک دەریبخات توانایان هەیە، بەڵام نیازیان نییە پەرە بە گرژییەکان بدەن.

بە پێی ئەم سەرچاوەیە، خاکی ئیسرائیل و باڵیۆزخانەکانی ئیسرائیل و دامەزراوە جوولەکەکان لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان دەتوانن ببنە ئامانجی ئەگەری حکومەتی ئێران.

جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەگەر ئێران لەم حاڵەتەدا وەڵامی هێرشی ئیسرائیل نەداتەوە، ئەوە نیشانەی ئەوە دەبێت کە کۆماری ئیسلامی تەنیا "پڵنگێکی کاغەزی"یە لە بواری ڕێگریکردندا.

هەروەها بەرپرسێکی ئەمریکی ڕایگەیاند، بە هۆی گرنگی هێرشەکەی ئەم دواییەی ئیسرائیل، ڕەنگە ئێران ناچار بێت بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل بکاتە ئامانج نەک سەربازانی ئەمریکی بە مەبەستی تۆڵەسەندنەوە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا نووسیویەتی، ئەگەری وەڵامدانەوەیەکی دیکەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەتوانێت پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمی تاران بێت، بەڵام - بەرزکردنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ 90% و زیندووکردنەوەی هەوڵەکان بۆ دروستکردنی چەکێکی ڕاستەقینە - دەتوانێت کاردانەوەی پێچەوانەی هەبێت و ببێتە هۆی هێرشکردن ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP