دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 3 هەفتە

خەونى تێكەڵ و پێكەڵى نەياران و سەركەوتنە هەميشەييەكانى هەرێم

 مەسرور بارزانی چۆن خەونی دژەکانی قەوارەی هەرێمی کردەوە بەخوری

لەوەتەى ئەمريكا هەيە حەزى لە هاوبەشى لاواز و هاوپەيمانى بێناوەرۆك نەبووە، تەنانەت وەك دەگوترێت دوژمنە بەهێزەكانيشى خۆشويستووە، لەم روانگەيەوە روونە كە بۆچى هێندە لەگەڵ مانەوەو بەرقەراريى هەرێمى كوردستاندايە، نەيارەكانيش ئەو راستييە بەباشى دەرك دەكەن بۆيە لەو كاتانەى كە هەولێر بڕياردەدات ئيتر ناچار بەبێدەنگى وكڕبوون دەبن، لە كاتێكيشدا كە هەرێم دەكەوێتە بەردەم مەترسييەوە پشتى تێدەكەن و لەكاتى سەركەوتنەكانيشدا خۆيان دەكەنە برابەش، ئەمەش رووى راستەقينەى ئەو هێزانە بەباشى دەردەخات، بەڵام ئەوە ئەمريكايە كە نايەوێت هەرێمى كوردستان بە تەنها بەجێبهێڵت و هاوڕێى نيوەڕێگەى بێت، بەڵكە دەيەوێت ئەو شەمەندەفەرەى بەڕێى خستووە بيگەيەنێتە دوامەنزڵ و دەستى نەيارەكانيشى بە كۆتا بگەيەنێت.

لە رۆژانێكەوە كە هەرێمى كوردستان تازە پێڕەوكە ببوو، ئەمريكاو فەرەنسا و و بەريتانيا لە ئەنجومەنى ئاسايشەوە بڕيارى هاوكاريكردنى مرۆيى و سياسى و سەربازييان كرد و هێڵى ٣٦ ى دژە فڕين و بنكەى ئەنجەرليكى توركيا و هێزەكانيان هێنايە وڵاتانى كەنداوو بەم شێوەيەش هەرێم رەگوڕيشەى چووە هەناوى زەوى و ئەوەتا تا ئێستاش تا دێت باڵادەكات.

هەربۆيە مستەفا سەنەد و يوسف كيلابى ئەندامانى ليژنەى دارايى لە پەرلەمانى عێراق و يەكەم نەيارى هەرێمى كوردستان دانيان بەو شكستە گەورەيەدا نا و بە تەنزێكى پڕ لە ئازارەوە لە لاپەڕەى فەرمى خۆيان پيرۆزباييان لە سەرۆكى حكومەتى هەرێمى كوردستان كرد و گوتيان هەولێر براوەبوو، مستەفا سەنەد چووە بەردەم دادگاى فيدراڵى و دژى ناردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى كوردستان و وەزيرى دارايی عێراقيش سكاڵاى تۆماركرد و دواجاريش داواكەى رەتكرايەوە؟

ئەى كەواتە ئەم پيرۆزباييانە تا كوێ ئێشى پێگەياندوون؟

ئەوەى جێگەى سەرنجە، لەناوخۆى هەرێمى كوردستان لەكاتە سەختەكاندا بەرپرسە باڵاكان دەچنە ژێرباڵى ميللەت و بەتەنها جێيان ناهێڵن، بەڵام ژمارەيەكى تريان بە پێچەوانەوە لە بەرپرسيارێتى رادەكەن و لە كاتى برانەوەشدا خۆيان دەكەنە شەريكى سەركەوتنەكان، هەربۆيە سەير نەبوو كاتێك سەرۆكى ئەنجوومەنى وەزيران مژدە گەورەكەى راگەياند بە راشكاوانە گوتى: سبەى مەيەن و خۆتان مەكەن شەريكى سەركەوتنەكان، بەڵام هەروا دەرچوو، يەكێك دەڵێت ئەوە تيمە پارێزەرەكەى ئێمەبوون و توانييان مووچە لە بەغدادەوە بپچڕن و يەكێكى تريش دەيگوت ئەوە تيمە پەرلەمانەكەى ئێمەبوون كە بە دەم و لەفزە عەرەبييەكەيان توانييان سودانى قەناعەت پێبكەن كە مووچە رەوانەبكەن و چەندانى تر، ئەوان دەزانن كە خەڵكيان بۆ ناخەڵێت، بەڵام سەرقاڵى خەڵەتاندنى خۆيان و جەماوەرەكەيانن.

ئەوان ئاگادارى ئەوە نين كە ئەمريكا بەلەبەرچاوگرتنى پێگەو هێزى دبلۆماسى و ئابورى هەرێمى كوردستان بە دوو ئاڕاستە فشاريان خستووەتە سەر عێراق بۆ ئەوەى ملكەچى داواكانى هەرێمى كوردستان بێت، لە لايەكەوە بە ئاشكرا بە عێراقييەكانيان گوتووە پێش لەوەى فرۆكەكەى سودانى بەرەو واشنتۆن بەڕێ بكەوێت دەبێت كێشەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى كوردستان تەواو بووبێت و لە لايەكى تريشەوە سەركردەكانى چوارچێوەى هەماهەنگييان لەوە ئاگادار كردووەتەوە كە چيتر لەو بازرگانييانە بێدەنگ نابن كە لەگەڵ ئێران هەيانە و بەردەوام چاوپۆشييان لێكردووە، ئەگەر لە گەڵ هەرێمى كوردستان نەرمى نەنوێنن ئەوا ئەوانيش چاوێك بەو بابەتانەدا دەخشێننەوە، هەر بۆيە لە ناكاوو لە ماوەى كەمتر لە ٢٠ رۆژدا دوو مووچەيان ناردو بەڵێنى ئەوەشيان داوە كە هەروا بەردەوام دەبن و سەردانى سەرۆكايەتى هەرێم و ئەنجوومەنى وەزيرانيش سەلمێنەرى ئەو راستييانە بوون.

دوایین هەڵوێستی "ئەنتۆنی بلینکن" وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕوون و ئاشکرا بوو کە دەڵێ، پێویستە پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند چارەسەر بکرێ و پێویستیشە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێ، ئەمە وتەى کارۆخ خۆشناو، چاودێری سیاسی و سەرۆکی ئەنیستیتۆتی توێژینەوەی ئەمریکی – کوردیيە سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەند.

سەبارەت بەو لایەنانەی کە لەکاتی چارەسەربوونی کێشەکان خۆیان دەکەن بە خاوەن، ئەو چاودێرە سیاسییە بە هەرێم نيوزى گوت، لە پرۆسەی دیموکراسی و بەر لە هەڵبژاردن، خەڵکێک خۆیان دەکەن بە هاوبەش یان خاوەنی سەرکەوتنەکان، جا ئەو کەسانە ئۆپۆزسیۆن بن یان هێز و لایەنی تر، بەڵام لە کاتی شکستەکاندا بەرپرسیارێتی هەڵناگرن و دەسەڵات بە بەرپرسیار دەزانن، ئەوەش کارێکی ئاساییە، چونکە کاری ئەوان ئەوەیە.

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە دوای کۆبونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە خەرجکردنی موچەی فەرمانبەران بە گوێرەی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بەردەوام دەبين، چونکە بەرپرسیارێتی حکومەتی عێراقە کە مافی هاوڵاتیانی تەواوی عێراق بپارێزن.

باسی لەوەشکردووە، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسیان لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتی عێراقيش كردووە. هەربۆيە لە ئێستاوە رێگەى ئەمريكا بۆ سەردانەكەى سودانى ئاچووخە و دواى گەڕانەوەش پێشوازيى لە ئەردۆغاندا كێشەى نەوتيش چارەسەر دەبێت و ئەم قۆناغەش بەسەركەوتنى ئيرادەى كوردستان كۆتايى دێت و جارێكى دى خەونە زڕەكان وەدى نايەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP