دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 3 هەفتە

ئەمریکا هۆشداری دەداتە ئێران لە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل

هەرێم نیوز

بەهۆی پەرەسەندنی گرژییەکان لە ناوچەکە، لە نێو هەڕەشە و هەڕەشەکاریی ئیسرائیل و ئێران لەیەکتری دوای هێرشکردنە سەر باڵەخانەی کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق، ئەمریکا پەیامی بە ئێران گەیاندووە. ئەمریکا دەڵێت پاڵپشتی پۆڵایین لە ئیسرائیل دەکەین.

ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل لەگەڵ ئەمریکا و قوبرس، مەشقی هێرشکردنە سەر ئامانجە دوورەکانیان کردووە.  ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل ئەم هەواڵەی لە ژێر ناوی "ئامادەکاری بۆ ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران" بڵاوکردۆتەوە.

بەرپرسێکی ئەمریکی ئاشکرای کرد، هەفتەی ڕابردوو واشنتۆن لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانیدا پەیامیان ئاڵوگۆڕ کردووە. هەریەک لە رووسیا و ئەڵمانیاش داوای ڕاگرتنی گرژییەکان لە هەردوو لادەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی "سی ئێن ئێن"، ڕۆژی پێنجشەممە، بەرپرسێکی ئاگادار وتی: حکومەتی ئەمریکا هۆشداری داوە بە تاران لە ئەگەری هێرشکردنە سەر ئیسرائیل.

 ئەو بەرپرسە هەروەها وتی: ئێرانیش لە بەرامبەردا هۆشداری داوە بە ئەمریکا لە پشتیوانیکردنی تەلئەبیب.

جەختیشی لەوە کردەوە کە سەرەڕای ئاڵوگۆڕی پەیامەکان، ئەمریکا هێشتا لە ئامادەباشییەکی بەرزدایە بۆ پێشبینیکردنی هەر هەنگاوێکی ئەگەری لەلایەن ئێرانەوە.

 تەلئەبیب خۆی بۆ هێرشە نزیکەکانی ئێران ئامادە دەکات، کە ئەمە لە وەڵامی هێرشێکدایە بۆ سەر باڵەخانەیەکی تەنیشت کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق لە سەرەتای ئەم مانگەدا. کە بووە هۆی کوژرانی حەوت پلەداری باڵای ئێران.

 زۆرێک لە چاودێرانی ڕۆژئاوا و ناوخۆیی و هەندێک هەڵسەنگاندنی هەواڵگری دەریدەخەن کە ئێران لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، ڕەنگە دوای جەژنی ڕەمەزان، هێرشبکاتە سەر چەند کونسوڵخانەی ئیسرائیل.

هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە کە هێرشەکانی ئێران ناوەندە سەربازی و حکومییەکانی ناو ئیسرائیل یان ڕەنگە بارەگا دیپلۆماسییەکانی دەرەوەی ئەم وڵاتە بکاتە ئامانج.

 پێشبینی دەکرێت ئەم هێرشانە ڕاستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە ئەنجام بدرێت نەک لەلایەن میلیشیاکانی لە ناوچەکەدا.

گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات دوای کوژرانی محەمەدڕەزا زاهیدی، فەرماندەی سوپای قودسی سوپای پاسداران لە سوریا و لوبنان، و محەمەدهادی ڕەحیمی جێگرەکەی و پێنج ئەفسەر کە یاوەری ئەوان بوون لە هێرشەکەی سەر کونسوڵخانەکەدا، توندتر بوو.

 ئەم هێرشە، لە دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودس لە بەغدا لە ساڵی 2020 بە بەهێزترین گورز لە تاران ناوزەد کراوە.

ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، ئیسرائیل بەشێوەی هێرشبەری و بەرگریش لە ئامادەییەکی تەواودایە بۆ وەڵامدانەوەی ئێران.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP