دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 2 هەفتە

وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم: نێچیرڤان بارزانی سەردانی بەغداد دەکات

هەرێم نیوز
وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت: کاتی هاتووە، ناکۆکییەکان بەلاوە بنێین و بوونی پەرلەمانێک کە نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی سەرجەم چین و توێژەکانی گەلی کوردستان بکات، ئامانجی هەمووان بێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەمنزیکانە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت سەردانی بەغدا دەکات.

دڵشاد شەهاب وتیشی: لە کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت چەند پرسێک تاوتوێ دەکرێن، لەنێویشیاندا بەشداریی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا.

ئاماژەی بەوەشکرد: سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە هەموو توانایەکییەوە کار بۆ بەشداریی پێکهاتەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات.

لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەوەیخستەڕوو، ئێستا هەوڵی جیددی هەن و جموجوڵەکان بەو ئاراستەیەن کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، چونکە پڕۆسەی هەڵبژاردن شتێک نییە تەنها بە ژمارەیەک بڕیار دەربچێت، دەبێت زەمینەسازی بۆ بکرێت. چەند لایەنێک تێیدا بەشدارن، لایەنی سەرەکی هاووڵاتییە و مافی دەستووریی خۆیەتی. کارەکتەری سەرەکیش، لایەنە سیاسییەکانن، بۆیە دەبێت ئەم زەمینەسازییە ڕەنگ بداتەوە.

وتیشی: بەهۆی ئەو ململانێیە سیاسییانەی لەسەر پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا هەبوون، زیانێکی زۆر بە هەرێمی کوردستان گەیشتووە.
ئێستا کاتی هاتووە، ناکۆکییەکان بەلاوە بنێین و بوونی پەرلەمانێک کە نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی سەرجەم چین و توێژەکانی گەلی کوردستان بکات، ئامانجی هەمووان بێت

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان باسی لە سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ هەولێر کردو وتی: ئاماژەیەکی گرنگە بۆ پەیوەندییەکان و زیندوێتیی هەرێمی کوردستان و کاریگەریی لە ناوچەکە، دەشڵێت: ئەو پەیوەندییە تازە نییە، گرنگیدان و پەرەدان بەو پەیوەندییانە، لە بەژەوەندیی هەردوولایە. ئێمە دراوسێی یەکدین، جیا لە پەیوەندیی ئابووری، دیپلۆماسی، بازرگانی و سیاسی، ئەو سنوورە دوور و درێژەی لەنێوان هەردوولا هەیە پارێزگاریکردنی ئامانجی هاوبەشی ئێمەیە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP