دواین هەواڵ

جیهان‌

 پێش 2 هەفتە

پەرلەمانی ئەوروپا داوای فراوانکردنی گەمارۆکانی سەرئێران دەکات

هەرێم نیوز

پەرلەمانی ئەوروپا بە دەنگی ئەرێنی زۆرینەی ئەندامان، بڕیارنامەیەکی لەبەرامبەر هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل پەسەند کرد، کە تیایدا داوا لە یەکێتیی ئەورووپا دەکرێت پێداچوونەوە بە ستراتیژی خۆی بەرامبەر تاران بکات، گەمارۆکانی سەر ئێران فراوانتر بکات و سوپای پاسدارانیش وەک گرووپێکی تیرۆریستی دەستنیشان بکەن.

ڕۆژی پێنجشەممە، پەرلەمانی ئەورووپا وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، کە 435 ئەندامی مەجلیس بەشدارییان تێدا کرد، دەنگی بە بڕیارنامەیەک دا.

بەپێی ئەنجامی دەنگدانەکان، 357 ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا دەنگیان بەو بڕیارە داوە و 20 ئەندام دەنگی نەخێریان داوە.

پەرلەمان بەپێی ئەم بڕیارنامەیە داوایان لە یەکێتیی ئەورووپا کردووە کە پێداچوونەوە بە ستراتیجی خۆیدا بکات بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران و گەمارۆکان فراوانتر بکات.

ئەم بڕیارنامەیە بە ئاماژەدان بە کردەوەکانی سوپای پاسداران لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە ئەوروپا جەختی لەوە کردەوە کە زۆر درەنگ بووە بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە.

ڕۆژی چوارشەممە، بێرت جان ڕۆیسن، نوێنەری هۆڵەندا لە پەرلەمانی ئەوروپا، سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی ئێران و ئیسرائیل، حکومەتی ئێرانی بە "هێزی سەرەکی تێکدەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" وەسف کرد.

ناوبراو وتیشی: هێرشی ئەم دواییەی حکوومەتی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل جارێکی دیکە ئەم بابەتەی سەلماند.
کۆماری ئیسلامی ئێران ئێوارەی بە زیاتر لە 300 مووشەکی کروز، مووشەکی بالیستیک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر ئیسرائیل.

ئەمە یەکەم هێرشی ڕاستەوخۆی حکومەتی ئێران بوو بۆ سەر ئیسرائیل.

ئێران ئەم هێرشەی بە ڕەوا و لە چوارچێوە یاسا نێودەوڵەتییەکان زانی و وتی، ئەمە مافی ڕەوای خۆمان بووە و لەبەرامبەر هێرشی ئیسرائیل بووە بۆ سەر کونسوڵخانەکەیان لە دیمەشقی سوریا، کە بەهۆیەوە حەوت ئەفسەر و فەرماندەی باڵای ئێران کوژران.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP