دواین هەواڵ

تەندروستی‌

 01/06/2024

نۆرینگەیەک بۆ پشکنینی تەندروستیی حاجیانی کوردستان لە شاری مەککە دەکرێتەوە

هەرێم نیوز

تیمێکی پزیشکیی حکوومەتی هەرێم، نۆرینگەیەک بۆ پشکنینی تەندروستیی حاجیانی کوردستان لە شاری مەککە دەکاتەوە، وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، " تیمە تەندرووستییەکانمان ئامادەن بە باشترین شێواز خزمەتی حاجیانی کوردستان بکەن تا ئەو کاتەی بە تەندروستییەکی باش دەگەڕێنەوە باوەشی نیشتیمان". 

ئەمڕۆ شەممە 1ـی 6ـی 2024، وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، تیمێکی پزیشکیی 21 کەسیی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتیی دکتۆر دیار ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ڕاپەڕین، بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی بە حاجیانی کوردستان، سێ نۆرینگەیان لە شاری مەککە کردووەتەوە.

بەپێی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی تەندروستی، تیمە پزیشکییەکە تایبەتمەندن لە پسپۆڕییە جیاوازەکان، خزمەتگوزاریی تەندروستی پێشکەش بە حاجیانی کوردستان دەکەن لە بواری دەرمان و پێداویستییە پزیشکیەکانی کە حاجیانی کوردستان پێویستیان پێی دەبێت لە شاری مەککە لە کاتی بە جێگەیاندنی ئەرکە ئاینییەکانی فەریزەی حەج.

وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دووپات دەکەینەوە کە تیمە تەندرووستییەکانمان ئامادەن بە باشترین شێواز خزمەتی حاجیانی کوردستان بکەن تا ئەو کاتەی بە تەندروستییەکی باش دەگەڕێنەوە باوەشی نیشتیمان .




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP