دواین هەواڵ

جیهان‌

 10/08/2024

سووریا؛ هێزەکانی ئەمەریکا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرانە ئامانج

هەرێم نیوز 

بەرپرسێکی ئەمەریکی بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، هێزەکانی ئەمەریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ڕێی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە هێرشییان کراوەتەسەر، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانیش هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.

بەرپرسەکەی ئەمەریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی " ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان ئاماژە بە هیچ زیانێکی گیانی نادەن، بەڵام هەڵسەنگاندنی تەندروستی بەردەوامە. لە ئێستادا هەڵسەنگاندن بۆ زیانەکە دەکەین."

هێرشەکە لە ناوچەی نیشتنەوەی ڕومالین ڕوویداوە، کە میوانداری هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی تێدایە.

ئەمە دووەمین هێرش بوو لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە کاتێکدا کە ناوچەکە خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەگەری هێرشی زیاتری ئێران و هاوپەیمانەکانی.

ڕۆژی دووشەممە دوو موشەکی کاتیوشا ئاڕاستەی بنکەی سەربازیی عەین ئەلئەسەدی ڕۆژئاوای عێراق کران و پێنج سەربازی ئەمەریکایی بریندار بوون، وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێرانی بە بەرپرس دانا لەو هێرشە.

ئەمەریکا 9000 سەربازی لە سوریا هەیە و 2500 سەربازی دیکەی لە عێراقدا هەیە کە دەڵێت ئەرکەکەیان پێدانی ڕاوێژ و یارمەتیدانی هێزە ناوخۆییەکانە بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی ڕێکخراوی داعش.

ئەم هێرشانە بۆسەر بنکەکانی ئەمەریکا لەکاتێکدایە، لە 31 ی مانگی حەوتدا سەرکردەی سیاسیی حەماس ئــ.ـیسماعیل هـ.ـەنـیە لە تارانی پایتەختی ئێران کوژرا، ئێران هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی کردووە لە دژی ئیسڕائیل، تاران ئیسڕائیلی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی کوشتنی هـ.ـەنـیە. ئیسڕائیل بەرپرسیارێتی کوشتنەکەی ڕانەگەیاندووە.

ئێران دەڵێت، ئەمەریکا بەرپرسە لە کوژرانی هـ.ـەنـیە ، ئەوەش بەهۆی پشتیوانییەکانییەوە بۆ ئیسڕائیل.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP