هەرێم نیوز
لەدوای ڕووخانی ئەسەد، دەرگای زیندانە مەترسیدارەکانی سووریا کرانەوە، کە دڕندانەترین شوێن بوون بۆ نەیارانی بنەماڵەی ئەسەد و، جیهانی تووشی شۆککرد.
کەوتنی ئەسەد شەپۆلێکی خۆشی لە سەرتاسەری دیمەشق دروست کرد. بەڵام تەنها یەک ڕۆژ دواتر دیمەنە بە ئازارەکانی زیندانی سەیدنایە خۆشی خەڵکیان کردە نائومێدی.
لەسوریا و لە ژێردەسەڵاتی ئەسەد، بوونی زیاتر لە ٢٧ ناوەندی دەستبەسەرکردن و زیندانیان هەبوو. مەترسیدارترینیان زیندانی "سیدنایا" بوو.
ئەم زیندانە لە ساڵی ١٩٨٠دا یەکەمین زیندانییەکانی لەخۆگرتبوو ، زیندانێکی سەربازی بوو بە دووری ٣٠ کیلۆمەتر لە باکووری دیمەشق، هێمای سەرکوتی دڕندانەی حکومەتی بەعس بوو بۆ ماوەی 44 ساڵ.
زیندانی سەیدنایا بە "یەکێک لە نهێنیترین شوێنەکانی جیهان" دادەنرا. لە چەند دەیەی ڕابردوودا ناوی ئەم زیندانە ترسی لە دڵی سوورییەکان دا.
نازناوی ئەم زیندانە بە زمانی گەلی سوریا "کوشتارگەی مرۆڤ" بوو؛ لەو شوێنەی کە وێنەکانی مانگی دەستکرد لە ساڵی ٢٠١٧دا، کوورەیەکی سووتاندنیان دەرخست کە بە وتەی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، بۆ سووتاندنی تەرمی مردووەکان و لەسێدارەدان بەکارهێنرا.
زیندانەکانی سوریا لە سەردەمی حافز ئەسەدەوە ناوبانگێکی خراپیان هەبوو، باوکی بەشار ئەسەد کە هاتنە سەرکاری لە کودەتاکەی ساڵی ١٩٧٠دا لەگەڵ سێدارە و دەستگیرکردندا بوو، لە ماوەی ٣٠ ساڵی حوکمڕانیدا، لەوانە دوای کوشتنی دەیان هەزار کەس لە پارێزگای حەما لە ساڵی ١٩٨٢ و دەیان هەزار و ڕەنگە سەدان هەزار ڕەخنەگری خۆی خستە زیندانەکانەوە.
لە زیندانی سیدنایا لە هەفتەیەکدا دوو جار لە سێدارەدان ئەنجام دەدرا. ئەوانەی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، پێشوەختە لەو حوکمە ئاگادار ناکرێنەوە کە بەسەریاندا دەرچووە، بەڵام دوای دەرکردنی حوکمەکە، لەهەمان ڕۆژ یان ئەو ڕۆژەدا لەسێدارە دەدرێن.
لە ماوەی ١٠ ساڵی دواییدا، ٣٠ بۆ ٣٥ هەزار زیندانی لە سەیدنایە گیانیان لەدەستداوە؛ بەشێکیان لە سێدارە دراون، هەندێکیان لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژراون و بەشێکی دیکەش بەهۆی نەبوونی ئاو و خۆراک و چاودێری تەندروستی گیانیان لەدەستداوە.