هەرێم نیوز
(فۆردۆ) دێیکەى پارێزگاى قومی ئێرانە و 47 کیلۆمەتر لەناوەندی پارێزگاکەوە دوورە، بەگوێرەى ئامارەکانى ئێران لەنێو شارەدێ و گوندەکانى ئێراندا لە جەنگی هەشت ساڵەى ئێران و عێراق دا لە 1980 تا 1988 بە هیچ شوێنێک بەئەندازەى فۆردۆ سەربازیی لێنەکوژراوە، بۆیە لە نێو دەسەڵاتدارانى ئێراندا دانیشتوانەکەى پێگەیەکی تایبەتیان هەیە، بەڵام ئێستا ناوى ئەو گوندە نەک هەر لەسەر ئاستى ئێران، بەڵکوو لە سەر ئاستى جیهانیش بووەتە ناوێکى ناسراو، بەڵام ئەمجارەیان لەبەرە ئەوەى وێستگەیەکى پیتاندنى یۆرنیۆمی تێدایە بووەتە هەڕەشەیەکی جدی لەسەر ناوچەکە و جیهان و یەکێک لەو شوێنانەى کە ئیسرائیل و ئەمریکا و رۆژئاواییەکان زۆرترین باسی دەکەن.
لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2009ـەوە دەسەڵاتدارانى ئێرانى بیریان لەوەکردەوە کە لەم شوێنە سەخت و پێچەدا وێستگەى دووەم دروستبکەن، لەدواى وێستگەی یەکەمی یۆرانیۆم کە لە یەکێک لە زنجیرە چیاکانى باشوورى تاران لە ساڵی 2006 بونیاد نرابوو، بەگوێرەى راپۆرتە رۆژنامەنووسییەکان لە قوڵایی زەویدایە کە زیاترە لە 80 مەتر و سەرچاوە سەربازییەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن بەهێزترین بۆمبی جیهان کە تا ئێستا دروستکرابێت تا 40 مەتر زەویی دەبڕێت، بەوەش زەمینەیەکى لەباری بۆ پاراستنى هێناوەتە پێشەوە، سەرچاوە رۆژئاواییەکان باس لەوە دەکەن لە ناوەڕاستى 2009 دا ئاگاداریی بونیادنانی ئەو وێستگەیە بوون، سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەکردووە کە ئەو شوێنەى وێستگەکەى تێدا بونیادنراوە سەربازگەیەکى تایبەتى سوپاى پاسدارانە و لە ڕووى بەهێزى و تواناى بەرهەمهێنانى لە دواى نەتەنزی ئەسفەهانەوە دێت، باس لەوەش دەکرێت بە سیستمێکى بەرگریی و دژە ئاسمانى بەهێز دەورە دراوە، لەم جەنگانەى ئێستاشدا چەند جارێک هێرشی کراوەتە سەر بەڵام زیانەکانى کەمی بەر ئەو وێستگەیە کەوتووە و ئاژانسى وزەى ئەتۆمى نێودەوڵەتى و رێکخراوى وزەى ئەتۆمی ئێرانیش جەختیانکردوەتەوە هیچ تیشکدانەوەیەکى نەبووە ئەوەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەى کە زیانی جەوهەریی بەرنەکەوتووە.
دواى ئەوەى باراک ئۆباماى سەرۆکی پێشووترى ئەمریکا باسی لەوە کرد لە فۆردۆى نزیکى قوم وێستگەیەکى ئەتۆمی خەریکی کارکردنە، ئێرانییەکان نکولییان لێکرد و دواتر لە 2003 بە ئاژانسی وەزەی ئەتۆمیان ناساند و پێیان راگەیاندن کە ئامانج لەو وێستگەیە لایەنى مەدەنییە و 20%ـى بۆ مەبەستى پزیشکی و بەشێکى دیکەى بۆ بەرهەمهێنانى کارەبایە و ئەوانى تری لە بوارەکانى پیشەسازیی و کشتوکاڵ و توێژینەوەى زانستیدا بەکاردەهێنن.
ساڵی 2018 ئاژانسى وزەى ئەتۆم رایگەیاند ئەوان چاودێریی وێستگەى فۆردۆیانکردووە و رێژەى وەبەرهێنانى یۆرانیۆم زیادیکردووە، بەڵام لە ساڵی 2019 دا عەلی ئەکبەر ساڵحی کە سەرۆکی پێشووى رێکخراوى ئەتۆمی ئێران بوو رایگەیاندووە لە فۆردۆ رێژەى پیتاندنى یۆرانیۆم تەنها 5%ـە ، لە ساڵی 2020 رادیتۆرەکانى بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم زۆر هەڵکشان و گەشتنە 1044 ئامێر و ریژەى وەبەرهێنان گەشتە 20%، لە 2023 ئاژانسى هەواڵی (CNN) بڵاویکردەوە رێژەى خاوێنى یۆرانیۆمەکەى فۆردۆ گەشتووتە 83,7%، بەڵام لە ساڵی 2024 ئاژانسى وزەى ئەتۆم بڵاویکردووەتەوە وێستگەکە فراوانتر کراوە و پەرەى پێدراوە، رۆژنامەى - تایمز ئۆف ئیسرائیل- بڵاویکردووەتەوە کە چوار شوێنى نوێیان دروستکردووە بەڵام هێشتا نەیانخستووەتە کار.
سەرچاوە ئێرانییەکان باس لەوە دەکەن پرۆژەکە بە چاودێری رێکخراوە ئەتۆمی ئێران و هەوڵی سەدان خوێندکار و مامۆستاى زانکۆی تەکنۆلۆجیاى شەریف (کە یەکێکە لە زانکۆ بەناوبانگەکانى ئێران و دەکەوێتە پارێزگای تاران و لە ساڵی 1966ـەوە دامەزراوە، کە پێشتر ناوى ئاریا مهر بووە و لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا ناوەکەى گۆڕاوە بۆ شەریف و گەورە زانایان و شارەزایانى ئەتۆم و فیزیای ئێران دەرچووى ئەو زانکۆیەن لە ریزبەندی زانکۆکانى ئێراندا لە پلەى سێیەمدایە و لە سەر ئاستى تەکنۆلۆژیاش لە ریزبەندی یەکەمدایە).