دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

لە ساڵی 2001ەوە "جەنگی تیرۆر"ی ئەمریکا ، زیاتر لە 800 هەزار کەسی کوشتووە و زیاتر لە 38 ملیۆن کەسی ئاوارە کردووە و زیاتر لە 8 تریلیۆن دۆلاری تێچووە

گلۆباڵ تایمزی چین
بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا دێت ئاڵۆزتر دەبێت. "ئایا ئەمریکا خۆی بۆ شەڕ ئامادە دەکات؟" - نیگەرانیی قووڵ سەرتاسەری ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرتۆتەوە سەبارەت بە ئەگەری دەستێوەردانی سەربازی ئەمریکا لە ململانێی ئێران و ئیسرائیل، کە ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی دۆخەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵ دەربچێت. لە کاردانەوە بە هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ شەڕ، ئایەتوڵڵا خامنەیی، ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند: ئێران "تەسلیم نابێت" و هۆشداریشی دا کە هەر دەستێوەردانێکی سەربازیی ئەمریکا "زیانێکی قەرەبوو نەکراو"ی لێدەکەوێتەوە. ئایا ئەمریکا تاقیکردنەوەیەکی توند ئەنجام دەدات یان ڕای گشتی بۆ شەڕ کۆدەکاتەوە؟ هەر دوو ڕێگاکە، تەنیا ئەوەی کە ئەمریکا بیر لە بەشداریکردن دەکاتەوە، خۆی ئاماژەیەکی زۆر مەترسیدارە،ئامرازە دیپلۆماسییەکان سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی ئێران تەواو نەبوون و هێشتا چارەسەری ئاشتیانە ئەگەری هەیە. کۆدەنگی هاوبەش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا ئەوەیە کە هێزی سەربازی ناتوانێت ئاشتی بۆ ناوچەکە بهێنێت - تەنها بە بەرزڕاگرتنی دیدگای ئاسایشی هاوبەش دەتوانرێت نیگەرانییە ڕەواکانی هەموو لایەنەکان بە تەواوی چارەسەر بکرێت. پێش ململانێی ئێستای ئێران و ئیسرائیل، پێشتریش ئەمریکا و ئێران پێنج خولی دانوستانیان لەسەر پرسی ئەتۆمی ئەنجامدابوو. لە کاتێکدا جیاوازییەکی بەرچاو مابووەوە و هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاو بەدەست نەهات، دانوستانەکان بەردەوام بوون. ئەگەر هێرشە سەربازییە کتوپڕەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران نەبوایە، خولی شەشەمی دانوستانەکان ئەنجام دەدرا. دیارە ئەوەی کە ململانێی دەستپێکرد، داڕمانی دیپلۆماسی نەبوو، بەڵکو سەرگەرمییەکی سەربازی بوو،پرسی ئەتۆمی ئێران زیاتر لە 20 ساڵە درێژەی هەیە. گرنگترین وانەی فێربوو ئەوەیە کە هەوڵی سیاسی و دیپلۆماسی تاکە ڕێگای دروستە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بە شێوەیەکی دروست. قووڵترین وانەی مێژوویی ئەوەیە کە ڕووبەڕووبوونەوەی بێوچان و فشار و تێکدانی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان تەنیا خزمەت بە ئاڵۆزکردنی زیاتری دۆخەکە دەکات. ئەمریکا بەرپرسیارێتی پرسی ئەتۆمی ئێران لە ئەستۆ دەگرێت. ئەگەر واشنتۆن بە شێوەیەکی تاکلایەنە لە پلانی کاری گشتگیری هاوبەش ، نەکشابایەوە و ئەگەر ڕێککەوتنەکە بە شێوەیەکی ڕێک و پێک و کاریگەر جێبەجێ بکرایە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە پرسەکە بەرەو دۆخی ئێستای خراپ نەدەبوو، هەر جۆرە بەکارهێنانێکی بێباکانە لە هێز دژی ئێران جێگەی قبوڵکردن نییە و پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە،لە ئەفغانستانەوە تا عێراق، مێژوو لە مێژە سەلماندوویەتی کە دەستێوەردانەکانی سەربازی ئەمریکا هەرگیز ئاشتیی نەهێناوەتە ئاراوە. بەڵکو وێرانکارییان بەجێهێشتووە و تۆوی ڕق و کینەیان چاندووە، تەنانەت زیانێکی قووڵیان بە کۆمەڵگەی ئەمریکی گەیاندووە. بەپێی پڕۆژەی تێچووی جەنگ لەلایەن زانکۆی براونەوە، لە ساڵی 2001ەوە بەناو "جەنگی تیرۆر"ی ئەمریکا، زیاتر لە 800 هەزار کەسی کوشتووە و زیاتر لە 38 ملیۆن کەسی ئاوارە کردووە و زیاتر لە 8 تریلیۆن دۆلاری تێچووە. سی ئێن ئێن هۆشداری داوە لەوەی "ڕەنگە ئەمریکا بەرەو شەڕێکی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڕوات"، واشنتۆنی بە "لە لێواری قومارێکی گەورە" وەسف کردووە، هاوکات جەختی لەوە کردووەتەوە کە "ئێران لیبیا و عێراق و ئەفغانستان نییە" و "مەرج نییە مێژوو خۆی دووبارە بکاتەوە". ڕاپرسییەکی ئەم دواییەی ئیکۆنۆمیست دەریخستووە کە لەسەدا 60ی ئەمریکییەکان دژی تێوەگلانی سەربازی ئەمریکان لە ململانێکاندا و تەنها لەسەدا 16ی ئەمریکی پشتگیری لە کردەوەی سەربازی دەکەن. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە تێوەگلانی قووڵتر لە ململانێی ئێران و ئیسرائیلدا ڕەنگدانەوەی ئیرادەی ڕاستەقینەی گەلی ئەمریکا نییە
بوونی سەربازی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئێستاوە بەرچاوە و گرژییەکانی ناوچەکەش بە ڕادەیەکی پێویست بەرزە. تەنانەت ئەگەر واشنتۆن تەنیا بۆ "ترساندنی" ئێران بێت، ئەوا تاکتیکی "زۆرترین فشار" هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئاشتی ناوچەکە تێکدەدات و پێچەوانەی دادپەروەری نێودەوڵەتییە. ئەولەویەتی بەپەلەی ئێستا بەردەوامبوون نییە لە دووبارە تەرخانکردنی هێزەکان یان جێگیرکردنی فڕۆکە هەڵگر و فڕۆکە جەنگییەکانی زیاتر، بەڵکو پەرەپێدانی ئاشتی و وەستاندنی شەڕە. پێویستە ڕێوشوێنی کاریگەر بگیرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی ململانێکان و دوورکەوتنەوە لە گێژاوی زیاتر لە ناوچەکەدا. گەڕانەوە بۆ چارەسەری سیاسی دیالۆگ و دانوستان، چاوەڕوانییەکی هاوبەشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە. پەرەسەندنی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خزمەت بە بەرژەوەندی هیچ لایەنێک ناکات
ئەمریکا وەک وڵاتێک کە کاریگەری تایبەتی لەسەر ئیسرائیل هەیە، پێویستە بە تایبەتی هەڵوێستێکی بابەتیانە و بێلایەنانە بگرێتە ئەستۆ و بەرپرسیارێتی پێویست لە ئەستۆ بگرێت و ڕۆڵێکی ئەرێنی و بنیاتنەر بگێڕێت لە کەمکردنەوەی گرژییەکان و ڕێگریکردن لە فراوانبوونی زیاتری ململانێکان. هێشتا خوێن لە غەززە دەڕژێت و پەنابەرانی سوریاش بەردەوامن لە سەرگەردانی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بەرگەی "جەنگی سەپێنراو"ی تر ناگرێت. ئەگەر ئەمریکا بەڕاستی هەوڵی "چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە" بدات، پێویستە ئاماژەیەکی ڕوونتر و چالاکتر بنێرێت سەبارەت بە پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، واز لە سووتەمەنیکردنی ئامێری جەنگ بهێنن، و بەرپرسیارێتی بەرەوپێشبردنی ئاشتی و وەستاندنی شەڕ لە ئەستۆ بگرن، نەک کێشەکان زیاتر ئاڵۆز بکەن یان ببنە بەشێک لە کێشەکە

گڵۆباڵ تایمزی چین- سەربە پارتی کۆمۆنیستی چین ولە ڕوانگەیەکی دیاریکراوی چینییەوە شرۆڤە لەسەر کاروباری جیهانی دەکات


و/ هەڵۆ حەسەن
سەرچاوە:
https://www.globaltimes.cn/page/202506/1336473.shtml



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP