دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

هێرشی وێرانکەری ئەلیکترۆنی ئیسرائیل و ئێران بۆ سەر یەکتر

هەرێم نیوز

هاوکات لەگەڵ هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل و ئێران، شارەزایانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی هۆشداری دەدەن لەوەی لە پشت پەردەوە، ئەگەرچی بە بێدەنگی، بەڵام شەڕێکی دیجیتاڵی وێرانکەریش ڕوودەدات، کە ڕەنگە بەم زووانە کاریگەری لەسەر کۆمپانیا ئەمریکییەکان هەبێت.

بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، گرووپی هاککردنی “چۆلەکەی دڕندە” ڕایگەیاند کە هێرشیان کردووەتە سەر ئاڵوگۆڕی دراوی کریپتۆی ئێرانی نۆبیتێکس. پێش ڕاگەیاندراوی گروپەکە، کۆمپانیای نۆبیتێکس هێرشێکی ئەلیکترۆنی لەسەر پلاتفۆرمی دارایی دیجیتاڵی ڕاگەیاندبوو و ڕایگەیاندبوو کە تیمە تەکنیکییەکان لێکۆڵینەوە لە دۆخەکە دەکەن.

بەگوێرەی I24، ئەم گرووپە هاککەرە، گروپێکن کە پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە، لە هێرشەکەدا 49 ملیۆن دۆلاریان گواستووەتەوە بۆ هەژمارە نەناسراوەکان. ئەو گرووپە هاککەرە دەڵێ، کۆمپانیای نۆبیتێکس یارمەتی حکومەتی ئێرانی دەدا بۆ خۆدزینەوە لە سزاکان و پارەدارکردنی تیرۆر.

هەروەها ڕۆژێک پێش ئەم هێرشە، گرووپەکە بەرپرسیارێتی هێرشێکی ئەلیکترۆنی بۆ سەر بانکی سپەهـ و ژێرلقەکانی ڕاگەیاندبوو.

لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی ئەکسیۆسی ئەمریکی ڕایگەیاندووە کە لە نێو هێرشە دیجیتاڵییە بەرامبەرەکانی هاکەرەکانی ئێران و ئیسرائیل، ئەگەری زۆرە بەم زووانە کۆمپانیا ئەمریکییەکان بکرێنە ئامانج.

بەگوێرەی ئەکسیۆس، ئێان و ئیسرائیل لەو وڵاتانەن کە خاوەنی هەندێک لە هاکەرە لێهاتووەکانی جیهانن و پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتەش دەتوانێت لە سەرانسەری فەزای ئەلیکترۆنیدا بڵاوبێتەوە و ژێرخانی گرنگ و تۆڕە بازرگانییەکان و زنجیرەکانی دابینکردنی جیهانی تێکبدات.

ڕێکخراوەکانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی ئەمریکا داوایان لە کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە کردووە کە لە ئامادەباشیدا بن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەگەری هێرشە ئەلیکترۆنیەکانی ئێران بۆ سەر ژێرخانی ناوخۆیی ئەمریکا.

کۆمپانیای Radwareی ئاسایشی ئەلیکترۆنی کە بنکەکەی لە ئەمریکایە، مەزەندە دەکات کە هێرشە ئەلیکترۆنیەکانی ئێران بۆ سەر ئامانجە ئیسرائیلییەکان لە دوای هێرشە مووشەکییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر تاران ڕۆژی هەینی بە ڕێژەی 700 لەسەد زیادی کردووە.

بەڵام شارەزایان پێیان وایە کە قەبارە و سروشتی هێرشە ئەلیکترۆنییە ئەگەرییەکانی ئێران بۆ سەر ڕێکخراوە ئەمریکییەکان بەندە بە ڕادەی وەڵامدانەوەی ئەمریکا بۆ ململانێی سەربازی. بۆ ئێستا ئیدارەی ترامپ بە هاوپەیمانەکانی ڕاگەیاندووە کە تا ئێران ڕاستەوخۆ ئەمریکییەکان نەکاتە ئامانج، دەستوەردان لە شەڕی ئێستا ناکەن.

ئۆستین وارنیک، بەڕێوەبەری هەواڵگری ئاسایشی نیشتمانی لە کۆمپانیای فلاشپۆینت بە ئەکسیۆسی ڕاگەیاندووە، ئەگەر ترەمپ بڕیاری گۆڕینی ئەم سیاسەتە بدات، ئێران دەتوانێت هاکەرەکانیشی بەرەو هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی دژی ژێرخانی ئەمریکا ئاراستە بکات.

هەندێک لە سەرچاوە ئیسرائیلییەکان وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەوڵەکانی ئێران بۆ دزەکردنی ئەلیکترۆنی لە تۆڕەکانی ئیسرائیل، ڕایانگەیاندووە کە ئاستی چالاکیی ئەلیکترۆنی تاران لە ئێستادا بەرز نییە، چونکە لە ئێستادا زۆربەی سەرچاوەکانی لەسەر شەڕی فیزیکی چڕکردووەتەوە.

بە گوتەی ئەوان، ئێران لە ئێستادا سەرنجی لەسەر زانیاری ناڕاست و هێرشی بچووکترە و ئامانجی ئێستایان دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێی گشتییە لە ئیسرائیل.

ئیسرائیل خۆی بە هەڕەشەیەکی بەهێزی ئەلیکترۆنی دادەنرێت و مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە لە ئۆپەراسیۆنە ئەلیکترۆنییە ئاڵۆزەکان، دیارترینیان هێرشی ستۆکسنێتە کە بەرنامەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامیی کردە ئامانج.

هەروەها یەکەکانی هەواڵگری ئیسرائیل بە تایبەت یەکەی 8200 بە توانای سیخوڕی ئەلیکترۆنی زۆر پێشکەوتوویان ناسراون. پێشتر بۆبی گیلبارد، ئەفسەری پێشووی یەکەی 8200ی سوپای ئیسرائیل کە بە دەزگایەکی هەواڵگری دادەنرێت، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست جەختی لەوە کردبووەوە کە زۆربەی هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی ئێران ناڕاستەقینە و بێ بایەخن و تەنیا ئۆپەراسیۆنی دەروونین.

بە وتەی ناوبراو، سەرەڕای هەوڵەکانی ئێران بۆ دزەکردنی ئەلیکترۆنی، ئیسرائیلییەکان نەک هەر چالاکییە ئۆنلاینەکانیان ڕانەگرتووە، بەڵکو بە کەڵک وەرگرتن لە ئامرازە دیجیتاڵییەکان بە خێرایی زیاتر لە پێشوو کارەکانیان ئەنجام دەدەن.

بەڵام شارەزایان پێشبینی دەکەن کە لەم بارودۆخەی ئێستادا هێرشی ئەلیکترۆنی لە هەردوولاوە ڕەنگە فۆرمێکی جددیتر وەربگرێت و نەک تەنها تاران و تەلئەبیب هەڕەشە بکات، بەڵکو کاریگەری لەسەر وڵاتانی دیکەی جیهان هەبێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP