هەرێم نیوز
دواى ئەوەی رۆژى هەینى رابوردوو بەشێوەیەکى چاوەڕوان نەکراو ئیسرائیل هێرشى کردە سەر ئێران لە ناوەڕاست و رۆژئاوای ئەو وڵاتە نزیکەى پەنجا شوێنى کردە ئامانج و ژمارەیەکى زۆر لە زانا و شارەزایانى بوارى ئەتۆم و سەرکردەکانى سوپاى پاسدارانی کردە ئامانج، دەسەڵاتدارانى ئێران شۆک بوون، چوون لە لایەک ئەو شەوە بنیامین نەتانیاهۆ لەبۆنەیەکى کۆمەڵایەتى و خێزانیدا دەیگوزەراند و لە لایەکی تریشەوە یەک رۆژ دواتر دەبوو گەڕی شەشەمی دانوستانەکانى نێوان ئێران و ئەمریکا لە سوڵتان نشینى عومان بەڕێوەبچێت، بۆ شاردنەوەى ئەو شکستە گەورەیە ئێران پەناى بردە بەردەم کۆمەڵە پاساوێکى سەیر کە دواتر بە زییان شکایەوە بەسەریدا، ئەویش پاساوى بوونى سیخوڕ و شۆڤاری ئیسرائیلى لە ناو ئێراندا، ئەوە سەرەڕای ئاگادارکردنەوە پێشوەختەکانى شارەزایان و پسپۆڕانى سیاسی کە رۆژێک لە رۆژان ئەو جەنگەی ئێران لە دەرەوەى وڵاتەکەى دەیکان لەناوخۆی وڵاتەکەدا بەرۆکی خۆی دەگرێتەوە، شرۆڤەکارێکى ئێرانیش دەڵێت: ئەوەى سیخوڕیی بۆ ئیسرائیل کردووە و بووەتە لانەى جاسوسیی بەهاییەکانن.
بەهائیەکان گروپێکى ئاینین کەلەسەردەمی قاجارانەکانەوە بە هۆی سەید عەلى محمەد باب و بە پشتیوانی میرزا حسین عەلى نووری مازندەرانى پەرەى سەندووە و ناوىى سەید عەلى نراوە بەهائوڵا، لەسەردەمە جیاوازەکاندا بەهۆی بیروباوەڕی جیاوازیانەوە رووبەڕووی جینۆساید بوونەتەوە، هەندێک لەسەرچاوەکان باس لەوە دەکەن بابییەکان بە هەزاران کەسیان کوژراون، لەسەردەمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیشدا بە شێوەیەکی سەرەکی سەرزەنشت و جینۆساید کراون و لە هەموو مافێک بێبەش کراون، باس لەوەش دەکەن دەستگیرکردن، ئەشکەنجە، داگیرکردنى موڵک و ماڵ ، نەبوونى ئازادیی ، قەدەغەکردنى رێوڕەسمى ئاینیی بەشیان بووە، بەشێوەیەک هەموو مافێکى هاووڵاتیبوونیان لێوەرگیراوەتەوە. کەسانى شارەزا و بانگخواز و بابەکانیان لەسێدارە دراون بەتایبەتى لە تاران، تەورێز، هەمەدان، قەزوین و یەزد، لەگەڵ ئەوەشدا لەنێو هەموو چین و تێژەکاندا دەستى بەهائییەکان دیارە لە هونەرە جۆراوجۆرەکانەوە بیگرە تا دەگاتە پرۆفیسۆر و بازرگان و کەسایەتیی، هەر بۆیە بەرپرسانى باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران ئەم هێرشە ناوخۆییانەى ئەم دواییانەیان داوەتە پاڵ ئەوان و پێیان وایە ئەوانن کە سیخوڕیی بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا دەکەن و شارەزایانیش پێیان وایە ئەوە زەنگى خەتەرێکى دیکەیە کە بەرۆکی بەهائییەکانى ئەو وڵاتە دەگرێت.
ئەمیر موسەوی، ديپلۆماتكاری پێشوو و كەسایەتی نزیك لە دەسەڵاتدارانی ئێران و بەتایبەتى خودی رێبەرى ئەو وڵاتە ئاشكرایدەكات: رۆژی هەینی رابردوو لەدەستپێكی هێرشەكەى ئیسرائیلدا، هەوڵی كوشتنی خامنەیی دراوەو ناوی لەو لیستە (400) كەسیەدا هەبووە كە ویستویانە تیرۆريان بكەن.
موسەوی، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزۆنیی وڵاتەکەیدا ئاماژەی بەوەكردووە: پلانەكە كودەتایی سەربازیی بووە بە سەرپەرشتی ئەمریكاو ئیسرائیل و بە هاوكارى ناپاكانی ناوخۆ، نەک هێرشکردنی دووراودوور، خۆ ئەگەر ئەوە سەری بگرتایە پێدەچوو هێرشەکان ئەوەندە درێژەیان نەکێشایە، گوتیشی: ئەو رێكخراوەی كە بڕیاربووە كارەكە ئەنجامبدات (بزوتنەوەی بەهائیەكان)ە، كە بارەگای سەرەکییان لە شاری تەلئەبیبە، ئاماژەى بەوەشکردووە بەشێک لەو سیخوڕانەى دەستگیرکراون دانیان ناوە بە تاوانەکانیانداو لە ئێستادادەستكراوە بە پەخشكردنی دانپێدانانەكان لە تەلەفیزیۆنی ئێران، بزوتنەوەی بەهائییەكان كارەكەی گرتووەتە ئەستۆ بە هاوكاری رەزا پەهەلەوی كوڕی شای پێشوی ئێران و، هەندێك لایەنی موجاهیدنی خەلق و، هەندێك كەسانی بیانیش لەنێو بابەتەکەدا هەن، كە تائێستا ناسنامەكانیان ئاشكرانەكراوە.
وەک شارەزایان باسی دەکەن پاکتاوکردنی ناوخۆیی یەکێک بووە لەبنەما سەرەکییەکانى کۆماری ئیسلامی ئێران و دانپێدانان و بڵاوکردنەوەى دانپێدانەکانیش مێژوویەکى دوور و درێژی هەیە و ژمارەیەکى زۆر لەوانەى کە دانپێدانانەکانیان بڵاوکراوەتەوە دواتر رایانگەیاندووە هیچ بنەمایەک و بایەخێکی نییە لەبەر ئەوەى بەزۆر و لە ژێر ئەشکەنجەى دەروونی و جەستەییدا بووە، هەر بۆیە باوەڕیان وایە ئەم بابەتانە وەک ئەوە وایە کەسێک کەوتبێتە نێو شەپۆلەکانى دەریا و لەکاتى نوقمبووندا دەست بۆ کەف ببات بۆ ئەوەى دەربازیی ببێت، بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە بۆچی لەو هەموو هێرشەدا هیچ مەلایەک و عەمامە بەسەرێک نەکوژراوە بە خودی خامنەیشەوە؟ پێوستى بە وەڵامە.