هەرێم نیوز
کەمێک پێش ئێستا بەرپرسێکی باڵای حەماس ڕایگەیاند، بزووتنەوەکەیان لیستی ناوی ئەو بارمتانەیان ڕەوانەی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل کردووە کە بڕیارە ئازاد بکرێن.
بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، لیستی ناو و وێنەی ئەو سێ بارمتە ئیسرائیلییەی ڕادەستی نێوەندگیرەکان (ئەمەریکا، قەتەر و میسر) کردووە کە بڕیارە ئەمڕۆ لە چوارچێوەی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستدا ئازاد بکرێن.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەو سێ بارمتە ئیسرائیلییەی ئەمڕۆ ئازاد دەکرێن بریتین لە: مای جۆنین و ئێمیلی داماری و دۆرۆن شتنبەر.
لایخۆیەوە ئیسرائیل پشتڕاستی کردەوە کە لیستی ناوی ئەو بارمتانەی کە بڕیارە ئەمڕۆ ئازاد بکرێن بەدەست گەیشتووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل بەبیانوی ڕادەستنەکردنی لیستی ناوی بارمتەکانی ئیسرائیل، ئاگربەستی پێشێل کرد و چەند ناوچەیەکی لە غەززە بۆردوومان کرد.
پێشتریش حەماس رایگەیاند: بۆمبارانەکانی ئیسرائیل ڕادەستکردنی لیستی بارمتەکانی دواخستووە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو بارمتانەی ئەمڕۆ ئازاد دەکرێن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی چوارشەممە، 15ی1ی2025، ئەمەریکا، قەتەر و میسر کە نێوەندگیرییان دەکرد؛ ڕایانگەیاند، ئیسرائیل و حەماس لەسەر ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی بارمتە و بەندکراوەکان ڕێککەوتن.