هەرێم نیوز
ئیتمار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، لە پەیامێکی توند و کتوپڕدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ڕایگەیاند، کە ئەو ڕێککەوتنە نوێیەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا واژۆی بکات، بە هیچ شێوەیەک بۆ تەل ئەبیب پابەندکەر نییە. ناوبراو جەختی کردەوە کە ئیسرائیل دەوڵەتێکی سەربەخۆی خاوەن سەروەرییە و پاشکۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نییە.
"ئیسرائیل کۆماری مۆز نییە"
وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "ئیسرائیل کۆماری مۆز نییە؛ وێڕای خۆشەویستی و سوپاسگوزاریی زۆرمان بۆ سەرۆک دۆناڵد ترەمپ، بەڵام پێویستە هەموان بزانن کە ئیسرائیل دەوڵەتێکی بێهێز و پاشکۆ نییە تاوەکو بڕیاری بەسەردا بسەپێنرێت." بن گڤیر ئاشکرایشی کردووە کە ئەم هەڵوێستە توند و ڕاشکاوەی خۆی گەیاندووەتە بەنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل.
بن گڤیر ستراتیژیی سەربازیی داهاتووی وڵاتەکەی خستووەتەڕوو و ڕایگەیاندووە کە دەبێت چەند مەرجێکی سەرەکی جێبەجێ بکرێن؛ لەوانەش: هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتیی حزبوڵڵای لوبنان، و پاشەکشەنەکردنی سوپای ئیسرائیل لەو خاکانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا کۆنتڕۆڵی کردوون و لە ژێرخانی چەکداری پاکی کردوونەتەوە.
هاوكات، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل جەختی لەوەش کردووەتەوە کە دەبێت بە تەواوی ڕێگری لە گەڕانەوەی چەکداران بۆ سەر سنوورەکانی باکوور بکرێت، و هۆشداریی توندیشی دا کە لەمەودوا هەر جۆرە هێرشێکی درۆن یان موشەکی لە خاکی لوبنانەوە ئەنجام بدرێت، وەڵامە دەستبەجێیەکەی پۆلیس و سوپای ئیسرائیل بۆردومانکردنی چڕی گەڕەکی "زاحییە" دەبێت لە ناوجەرگەی بەیروتی پایتەخت.