هەرێم نیوز
ئیسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، پەیامێکی سەربازیی توندی ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و تاران کرد و ڕایگەیاند، کە هێزە چەکدارەکانیان بە هیچ شێوەیەک لەو ناوچانە پاشەکشە ناکەن کە کۆنتڕۆڵیان کردوون، و جەختیشی کردەوە کە هەر جۆرە هێرشێکی کتوپڕی ئێران بە توندی و ڕاستەوخۆ وەڵام دەدەنەوە.
ستراتیژیی هاوبەشی کاتس و نەتانیاهۆ لە ناوچەکەدا
ئەمڕۆ دووشەممە (١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، ئیسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لە لێدوانێکی فەرمیی ڕۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر داهاتووی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی و گوتی: "من و بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیران، لەسەر بەڕێوەبردنی سیاسەتێکی تەواو ڕوون و یەکلاکەرەوە هاوڕایین؛ ئەویش ئەوەیە کە دەبێت سوپای ئیسرائیل لە تەواوی ئەو ناوچە ئەمنییانەی کە لە لوبنان، غەززە و سووریا لە ژێر کۆنتڕۆڵیدان، بە جێگیری بمێنێتەوە."
ئەم لێدوانەی وەزیری بەرگری لە کاتێکدایە کە دوێنێ میدیا فەرمییەکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کرد، تەل ئەبیب بڕیاری داوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بەبێ گەڕانەوە بۆ لێکتێگەیشتنە دەرەکییەکان، پڕۆسەی بەرەنگاربوونەوەی ئێران و میلیشیاکانی بەردەوام بکات، و هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکانی لە خاکی لوبنانیشدا ڕانەگرێت.
هۆشداریی توند بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا مەلەفی ئێرانی هێنایە پێشەوە و هۆشداریی گۆڕینی هاوکێشەکانی دا، و دووپاتی کردەوە: "ئەگەر تاران بەهۆی پێشهات و ڕووداوەکانی ناوخۆی لوبنان و لێدانی حزبوڵاوە، بڕیار بدات هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، ئەوا ئێمەش بێدەنگ نابین و ڕاستەوخۆ هێرشی سەربازی دەکەینە سەر ناو جەرگەی خاکی ئێران."
ئەم هەڕەشە سەربازییە نوێیانەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل پاش زنجیرەیەک لێدوانی توندی بەرپرسانی دیکەی تەل ئەبیب دێت، کە ناڕەزایەتیی قووڵی خۆیان بەرامبەر بەو ڕێککەوتنە نیشانداوە کە ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت لە ڕۆژانی داهاتوودا لەگەڵ ئێراندا واژۆی بکات، و ڕاشکاوانە ڕایانگەیندووە کە ئیسرائیل پابەندی هیچ بڕیارێکی واشنتن نابێت.