هەرێم نیوز
لەچەند مانگی رابوردودا قسەکردن لەبارەى دروستبوونى هەرێمەکان لەعێراق لە لایەن گروپ و دەستەو تاقمە شیعییەکانى عێراقەوە نەک هەر رەتدەکرایەوە بەڵکو روبەڕووى لێشاوى دانەپاڵی خیانەت و هەوڵی دابەشکاریی عێراق لێکدەدرایەوە، ئەوە لە کاتێکدا زۆرینەى داواکارییەکان لە لایەن حیزب و دەستەو تاقمی سونەکانی عێراقەوەبوو، کە بەردەوام شیعەکانیان بەوە تاوانباردەکرد کە قۆرغکاریی دەکەن و دەیانەوێت دەسەڵات هەرلای خۆیان بێت و هەژموونیان بەسەر پێکهاتەو نەتەوەکانى تری عێراقەوە بەردەوام بێت.
باس لەوەدەکرێت یەکێک لە هۆکارەکانى ناچارکردن و لابردنى محەمەد حەلبووسى لە سەرۆکایەتى ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە مانگی تشرینى دووەمی 2024 دا ئەوەبوو کە خوازیاری دروستکردنى هەرێمێک بوو بۆ سوننەکان کە سنوورى پاریزگاکانی ئەنبار، نەینەوا و سەڵاحەدینى دەگرتەوە.
ئەوە سەرەڕاى ئەوەى لە مادەى 119ـى دەستوورى هەمیشەیی عێراقدا هاتووە کە پارێزگایەک و زیاتر دەتووانن ببنە هەرێمێک و دەستوریى تایبەت بە خۆیان هەبێت بەمەرجێک لەگەڵ دەستوورەکەى ناوەند پێچەوانە نەبێت، بەڵام شیعەکان ئەم داواکارییانەیان بە گوماناوى وێناکردووە.
رەتکردنەوەى هەرێمە دەستوورییەکان سنوورى هێزە شیعییەکانیان تێپەڕاندووە و گەشتووەتە ئاستى گەورەترین دامەزراوەی یاسایی عێراق و فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی کە خۆی شیعەیە لەناوەڕاستى شوباتى 2024ئەم بیرۆکەى رەتکردووەتەوە و تەنانەت رێگر بووە لەوەى بەراودی هەرێمێکى نوێ بە هەرێمى کوردستان بکرێت، بەپاساوى بەسەرچوونى روداوەکانى 2003 بیرۆکەى هەرێمەکان رەتدەکاتەوە و پێیى وایە هەڕەشەن لەسەر یەکپارچەیی خاکی عێراق و ئاسایشى نیشمانى دەخاتە مەترسییەوە.
بەڵام ئەمڕۆ دۆخەکە گۆڕاوە، باس لەوە دەکرێت دەکرێت لە نۆ پارێزگاى ناوەڕاست و باشوورى عێراقدا هەرێمێک بۆ شیعەکان دروستبکرێت، نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا بە ناڕاستەوخۆ باسی لەو هەرێمە نوێیە کردووە وگوتوویەتى بەشێکى زۆر نەوتى عێراق دەکەونە ئەو پارێزگایانەوە و زیان بە پارێزگاکانى تری عێراق دەگەیەنێت بە تایبەتى ئەوانەیان کە نەوتیان نییە، بەڵام ئەمجارەیان رەتى بیرۆکەى هەرێمێک بۆ شیعەکان نەکردووەتەوە.
حسێن موئنیس ئەندامی ئەنجوومەنى نوێنەران کە ئەندامی کەتیبەکانى حزبوڵاى عێراقیشە بە روونتر لەسەر ئەو بابەتە قسەى کردووە و گوتوویەتى هەرکاتێک قسە دێتەوە سەر پێکهێنانى حکومەت لەناو پێکهاتەى شیعەدا باس لەوە دەکرێت کە کێ دەبێتەوە بە سەرۆکوەزیران ، بەڵام دەکرێت بە شێوەیەکى دیکە ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت ئەویش ئەوەیە کە هەرێمێکى فیدراڵی سەربەخۆی بۆ خۆیان دابڕێژنەوە لە سنوورى ئەو نۆپارێزگایەى کە شیعەن.
لە هەمان کاتدا رەتکردنەوەى وەها بیرۆکەیەک رەخنەى زۆری لێگیراوە و بەشێکى زۆریش لە شیعەو سونەکان رەخنەى توندی روبەڕوو دەکەنەوە، ئیبراهیم عەبادی نوسەر و شارەزای بوارى گروپە ئیسلامییەکان دەڵێت: دروستکردنی هەرێمێک لەو پارێزگایانەدا دەوڵەت بەرەو شکستێکى گەورە دەبات لەبەر ئەوەى ئەو ناوچانە پڕیەتى لە سەرچاوەى سروشتى و هەژارییەکی زۆر لە ناوچەکانى تر بڵاودەبێتەوە ، دەوڵەت ناتوانێت بەرگەى ئەو دۆخە بگرێت ، هەلى کار کەم دەبێتەوە لەناوچەکانى تر و تواناى دامەزراندن کەم دەبێتەوە.
ئاماژەى بەوەشکردووە ئەو هەرێمە دەبێتە ستەمێکى ئابوورى -ئەگەر بەراوردى بکەین بە هەرێمى کوردستان- لەبەر ئەوەى هەرێمە پێشنیازکراوەکە داهاتى زۆرتر دەبێت لەچاو هەرێمى کوردستاندا، لەبەر ئەو هەموو رێژە زۆرەى کە لەو پارێزگایانەدا لە نەوت و غاز هەیە، بەو رێژەیە لە هەرێمى کوردستان بوونى نییە.
عەبادی باسی لەوەشکردووە حکومەتى عێراق لەسەر بنەماى هاووڵاتیبوون پەرەپێبدرێت نەک لەسەر بنەماى ئایین و نەتەوە و پێکهاتە، بەڵام لە ئێستادا بانگەشەیەک هەیە پێچەوانەى ئەم بۆچوونەیە و مەرامی تایبەتبیان لەو بارەیەوە هەیە ، ئەوانە پێیان وایە هەرێمى شیعەى پێشبینیکراوە دەبێتە مانگایەکی پڕلەشیر و بە ئارەزووی خۆیان دەیدۆشن و لایەنەکایش بە پۆستى سیاسییەوە سەرقاڵدەکەن، نازانن ئەوە پێچەوانە دەشکێتەوە لە سەر بودجەى گشتى و جارێکی تر کێشە بۆ هەرێمى کوردستان و هەندێک ناوچەى ترى عێراق لە رووى ئابوورییەوە دروستدەبێتەوە.
سەرەڕاى ئەو بانگەشەیەى کە هەندێک لە سەرکردە شیعیەکان دەیکەن، پێچەوانەیە لەگەڵ مێژوو قوربانییەکانى شیعەکانى عێراق، بەڵام نابێت بێئاگابین لەو گۆڕانکارییانەى کە لەم داوییانەدا لە ناوچەکەدا رویاندا و کاریگەریی هەرێمى و نێودەوڵەتییان هەیە، ئەوەى کە لە سوریا رویدا ، ترسی دابەشبوونى نەتەوەیی و پێکهاتەکان، هەستکردن بە پەراوێزخستن، یان حەزکردم بە گەڕانەوەى شیعە بۆ ئەو سەردەمانەى کە هەموو شت لەدەستى خۆیاندا بووە، هەموو ئەمانە وادەکات کە پێداچوونەوەیەک بە حساباتی خۆیاندا بکەنەوە، ئەو دۆخەى کە هاتووەتە پێشەوە پریەتى لە دڵەڕاوکێ و ترس و گومانی و ناوخۆیی و هەرێمى و نێودەوڵەتى