هەرێم نیوز
سەرەتایەک وەک پێناسە:
بەرتیل بەوە پێناسە دەکرێت کە بڕێک پارەلەلایەن یەکێک لە تاکەکانی کۆمەڵگەوە دەدرێت بە تاکێکی دیکە بە مەبەستی حەقکردن بە ناهەق، یاخود بە ناهەقکردنی حەق، یاخود پێدانی ئەو شتەی کە شیاو نییە لە بەرامبەر بڕێک کە هەردوولا لەسەری ڕێکدەکەون.
دیاردەیەکى کۆمەڵایەتى ترسناک:
بەرتیل یەکێکە لە گەورەترین دیاردەکان کە لە کۆمەڵگەکاندا تا ئێستا بەدیارکەوتووە، بە تایبەت لەو مامەڵانەی کە لایەنێک تیایدا لە پۆستێکی دیاریکراودایە و دەسەڵاتێکی هەیە دەتوانێت لە ڕێگەیەوە بە قازانجی خەڵکی فەرمان بدات، ئیدی ئەم دەسەڵاتەی دەقۆزێتەوە بۆ سوودە تایبەتییەکانی خۆی لەسەر حسابی سوودی گشتی، چەندین هۆکاری بەرتیلدان هەیە کە بەرتیلدەر ناچار دەکات بۆ ئەم کارە پیسە یاخود وەرگر ناچار دەکات قبووڵی بکات.
هۆکارەکانی سەرهەڵدانى بەرتیل:
هۆکارەکانى بەرتیدان و بەرتیل وەرگرتن زۆرن، بەڵام دیارترینیان کێشە ئابورییەکان، بڵابوونەوەى گەندەڵی ، کەم و کزیی لێپێچینەوە، لاوازی دەسەڵاتى یاسا و بێباووەڕی بەرامبەر ئایین.
کاریگەرییەکانى بەرتیل:
کاریگەرییەکانی بەرتیل لەسەر کۆمەڵگە زۆرن لەوانەش بڵاوبوونەوەی فیتنە لە ناو خەڵکیدا، دەرکەوتنى ستەم و ستەمکاریی، خواردنی ماڵی یەکدی بە ناهەق، پێشێلکاریی لە مافەکانی مرۆڤ، دەستدرێژی بۆ سەر موڵک و ماڵی خەڵکی. بڵاوبوونەوەی گەندەڵی لەسەر هەموو ئاستەکان لە دەوڵەتدا لە ڕێگای ئەو ئاڕاستانەی کە ماف بە خاوەن پارە دەدات نەک خاوەن ماف، ئەمەش لە هەر وڵاتێکدا هەبوو دەبێت فاتیحەى لەسەر بخوێنرێت.
بڵاوبوونەوەی ڕق و کینە لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگا مرۆڤایەتییەکان بەهۆی ئەو ستەمەی لەسەر ئاستی کەرتەکان دروست بووە، ئیدی هاوڵاتی هەست بە ئاسایشی کۆمەڵایەتی ناکات، بە جۆرێک هەموو مافەکانی لە دەستی خەڵکی دیکەیە، چونکە لەوانەیە خەڵکی بە پارە بتوانن مافەکان بکڕنەوە، ئەمەش لە کۆمەڵگەى عیراقیدا زۆر هەستى پێکراوە، بەڵام ئێستا دەگوترێت دیاردەکە بەرەو کەمبوونەوە رۆشتووە.
بەراوردێک بۆ کەمبوونەوە:
ئەحمەد تەها روبەیعی ئەندانى لیژنەى دەستپاکی عێراق رایگەیاند رێژەى پێدانى بەرتیل لە فەرمانگەکانى حکومەت بەراورد بە ساڵانی رابوردوو کەمیکردووە. لە راپۆرتى لیژنەى داراییى پەرلەمانى عێراقدا هاتووە لە مانگی کانوونى دووەمدا لەکۆی 95 حاڵەتى پێدانى بەرتیل دا 20 کەس بەتاوانى بەرتیل وەرگرتن دەستگیرکراون، فەرمانی لێکۆڵینەوە و دەستگیرکردنیش بۆ 32 کەسى پلە باڵا دەرکراوە، 185 کەسیش حوکمی جۆراوجۆر دراون و 61 کەسیش دواى ئەنجامدانى تاوانەکانیان وڵاتیان بەجێهێشتووە.
کێ باجەکەى دەدات؟
سەعید یاسین موسا پسپۆڕی بوارى دەستپاکی و نەهێشتنی بەرتیل ئاماژە بەوە دەکات پێدان و وەرگرتنى بەرتیل گەورەترین نیشانەى گەندەڵی بەرپرسانە و حکومەت باجەکەى دەدات و هۆکارەکەشى لێنەپێچینەوە و رووبەڕوونەکردنەوەی گەندەڵکارانە لەگەڵ یاسا.
دیاردەکە بەرەو کەمبوونەوە رۆشتووە:
دکتۆر غازی فەیسەڵ حسێن بەڕێوەبەرى ناوەندی توێژینەوەى ستراتیژیی رایگەیاند هەرچەندە بەرتیل رووى لە کەمبوونەوە کردووە، بەڵام گەورەترین ئاڵنگارییەکانى بەردەم بەرەوپێشەوەچوونى حکومەتە لەبوارى نەهێشتنى گەندەڵیدا.