هەرێم نیوز
ئیدارەی خۆسەری لە رۆژئاوای كوردستان ڕایگەیاند، هەر جۆرە چارەسەرێکی سەربازی رەتکردەكەینەوە، وتووێژ تاکە رێگایە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکیەکان.
ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی لە باکورو رۆژهەڵاتی سوریا، نیگەرانی قوڵی خۆی دەردەبڕێت بەرامبەر ئەو روداوە خوێناویانەی لە شارەکانی جرمانە و ئەشرەفیە سەحنایا لە گوندەواری دیمەشق رویاندا، كە چەندین کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.
ئیدارەی خۆسەر لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند و داوای هێورکردنەوەو راگرتنی توندوتیژییەكانی کردو، داوای لە دەسەڵاتدارانی دیمەشق کرد دەستوەردان بکات بۆ رێگریکردن لە دووبارەبونەوەی کردەوە توندوتیژییەكانی کەناراوەکانی سوریا، كە بەرگێكی تائیفی هەبوو.
جەختیشی لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی هۆکاری گرژییەكان و بونیادنانی سیستەمێکی دیموکراسی كردەوە، کە نوێنەرایەتی هەموو سورییەکان بکات بەبێ جیاوازی، بە تەواوی هەر جۆرە چارەسەرێکی سەربازیشی رەتکردەوەو رایگەیاندووە، وتووێژ تاکە رێگایە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکیەکان.
ئاشکراشیکرد، کۆتایی بە توندوتیژی بهێنرێت و دەستبكرێت بە پرۆسەیەکی سیاسی کە ماف و ئازادی بۆ هەموو سورییەکان دەستەبەر بکات، لە پێناو بونیادنانی داهاتویەکی دادپەروەر و دیموکراسی.