هەرێم نیوز
تیمی ڕووناکی دەڵێت: "کارەبای 24 کاتژمێری، لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون، سیتییەکان و شووقەکان دەستپێدەکات".
تیمی ڕووناکی لە لێدوانێکی ڕۆژانامەوانیدا لەبارەی گەیشتنی کارەبای 24 کاتژمێریی بە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون ڕایگەیاند: "، پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و شووقە و سیتییەکانیش دەبنە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری هاوکات شێوازێکی تایبەتیان بۆ دەدۆزرێتەوە بە جۆرێک نە بارگرانی بکەوێتە سەر خەڵک، نە خاوەن پڕۆژەکان".
باسی لەوەشکرد: "لەڕووی نرخیشەوە هەمان نرخ دەبێت و بە پێنج لیڤیڵ دەبێت، بۆنموونە 400 کیلۆواتی یەکەم هەرزانە، 400 کیلۆواتی دووەم واتا لە 400 بۆ 800 کیلۆوات گرانترە. هاوشێوەی گەڕەکەکان ئەوانیش سەری مانگان پارە دەدەن و پسوولەیان بۆ دەچێتەوە، واتا پارەدانی پێشوەختە نامێنێت، لە پریپەیدەوە ئەبێتە پۆست پەیت".
ئەوەشی خستەڕوو: "پرۆسەکە لە سیتییەکان و شووقەکان لەڕووی میکانیکییەوە ئاڵۆزە، چونکە خۆیان پێوەری خوێندنەوەی کارەبایان هەیە، پێویست دەکات حکومەتیش پێوەری خۆی دابنێت، بۆیە حکومەت بڕیاری داوە پێوەری زیرەکیان بۆ دابنێت".