هەرێم نیوز
وتەبێژی دەم پارتی ڕایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت لە هەر ساتێکدا کۆنگرەی پەکەکە ڕابگەیەندرێت و تەنیا پەیوەستە بە کاتەوە، ئەوەی گرنگە پاش کۆنگرەی پەکەکە چی روودەدات.
ئەمڕۆ، ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ئەنقەرە، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامدا و سەبارەت بە بابەتی کۆنگرەی پەکەکە، وتی: چاوەڕوان دەکرێت هەر ساتێک کۆنگرەی پەکەکە ڕابگەیەنرێت، پەکەکە دەتوانێت هەر ساتێک ڕابگەیەنێت کە کۆنگرە ئەنجامداوە، دەمەوێت پێتان ڕابگەیەنم، بە جدییەت و گرنگییەکی زۆرەوە ئێمەش چاوەڕێی ئەم هەنگاوە مێژووییە دەکەین.
ئاماژەی بەوەش کرد: وتمان پێویستە وشە قسە بکات نەک چەک. وتمان بۆ لادانی تەواوی چەکەکان و بۆ قسەکردن، بەرپرسیارێتییەکی زۆر گەورە دەکەوێتە سەر شانی سیاسەت. هەموو کەسێک دەبێت بە ئازایەتییەوە ئەم بەرپرسیارێتییە هەڵبگرێت و خۆبەخش بێت بۆی. وتمان ئەوەی هەوڵی پاراستنی دەدەن داهاتووی تورکیایە. ئەمڕۆش هەمان شت دەڵێین. هەر ساتێک چاوەڕوان دەکرێت پەکەکە کۆنگرەی ڕابگەیەنێت. ئەمە هەنگاوێکی گرنگە، بەڵام دوای ئەم هەنگاوەش گرنگتر دەبێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، یەڵدرای ئۆگور، سەرنوسەری ڕۆژنامە ”Serbestiyet”ی توركی وتبووی: وەک بیستومە پارتی كرێكاران کۆنگرەی هەڵوەشاندنەوەی خۆی بەستووە، کۆنگرە لە (3)ی ئایار دەستیپێکردووە و چەند رۆژێکی خایاندووە و كۆتایهاتووە، لە ئێستادا چاوەڕێی بڵاوكردنەوەی بەیاننامەكەی دەكرێت.
هاوكات رۆژنامەنوس “یوسف شەریف” شارەزای كاروباری توركیا، لەزاری سەرچاوە رۆژنامەوانیەكانەوە بڵاویكردووەتەوە، پارتی كرێكارانی كوردستان كۆنگرەكەی لە شاری سلێمانی رێكخستووە و عەبدوڵا ئۆجەلان، رابەری زیندانیكراوی پارتەكە بە تەلەفون بەشداری كۆنگرەیەی كردووە و، چاوەڕواندەكرێت لە ماوەی (48) كاتژمێری داهاتوودا، پەكەكە بەیاننامەیەك بڵاوبكاتەوە.
دوێنێ تەلەڤزیۆنی هەبەرتورک بڵاویکردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، رۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک لە وەزیر و پەرلەمانتارانی پارتەکەی وتوویەتی، "هەموو رێگرییەکانمان تێپەڕاندووە و ئەمڕۆ یان سبەی پەکەکە چەک دادەنێت و خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە."