دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 2 هەفتە

واشنتن پۆست هۆکاری پاڵپشتی نەکردنی میلیشیا عێراقییەکان بۆ ئێران ئاشکرا دەکات

هەرێم نیوز

لە ڕاپۆرتێکدا ڕۆژنامەی واشنتن پۆست بە وردی باس لە هۆکاری بێدەنگیی میلیشیاکانی عێراق لەم شەڕەی دواییدا دەکات و ئاماژە بە چەند خاڵێکی سەرنجڕاکێس دەکرێت؛ میلیشیاکان لە لەدەستدانی ئەو 3.5 ملیارە دەترسن کە لە بودجەی عێراق بۆیان دانراوە، هەروەها ئێران خۆیشی پێی باشبووە میلیشیاکان لەپێناو تێکنەچوونی عێراق بەبێدەنگی بمێننەوە و " میلیشیاکانی عێراق دوا کارتی ئێرانن".

ڕۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویکردووەتەوە،کاتێک هێزەکانی ئەمریکا لە کۆتایی هەفتەدا هێرشیان کردە سەر سێ دامەزراوەی ئەتۆمی ئێران، نیگەرانی لەنێو دانیشتوانی عێراقدا هاتە ئاراوە، وڵاتێک کە میلیشیاکانی لایەنگری ئێران کاریگەرییەکی بەهێزیان هەیە و زۆرینەی دانیشتووانەکەی هاوشێوەی ئێران موسڵمانی شیعەن. بەڵام ئەو میلیشیا عێراقیانە بە تەواوەتی بێدەنگ بوون.

دەشڵێت میلیشیاکانی ئێران بوونەتە یاریزانی سەرەکی حکومەتی عێراق و ملیاران دۆلار لە خەزێنەی دەوڵەتیان وەرگرتووە و تۆڕی بازرگانی بەرفراوان بەڕێوەدەبەن و دەسەڵاتی زیاتریان لە جاران بەدەستهێناوە. شرۆڤەکارانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێن ئەگەر ئەو گرووپانە بکرێنە ئامانج مەترسییەکان زۆرن.

لەهیب هێگڵ، شرۆڤەکاری باڵای گروپی قەیرانەکان لە کاروباری عێراق دەڵێت: “ئەم گروپانە بە جۆرێک لە جۆرەکان تێکەڵبوون لەگەڵ حکومەتی عێراق، جا لە ڕێگەی گرێبەستی بازرگانییەوە بێت یان سیاسەت”. - ئیتر بۆچی ئەم کەسانە دەستبەرداری ئەم پێگەیە ببن؟دەکرێت گرژییەکان بگاتە ئاستێک کە ئەم گروپانە ڕوو لە توندوتیژی بکەن، "بەڵام ئەو گروپانە تا دەتوانن بێدەنگ دەبن."

چەکداران لە عێراق لە مێژە بەشێکی سەرەکین لە تۆڕی بەرفراوانی هاوپەیمان و بریکارەکانی ئێران لە سەرانسەری ناوچەکەدا، لەوانە حەماس، حیزبوڵڵا لە لوبنان و حوسییەکان لە یەمەن. ئەم تۆڕە بەهێزە لەلایەن قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێران، کە بەرپرسە لە ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکان، دروستکراوە و لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن سەرۆک دۆناڵد ترەمپ لە بەغدا کوژرا.

لەمڕۆدا ئەم گرووپانە لە دامودەزگاکانی حوکمڕانی عێراقدا کاریگەرییان هەیە و بوونەتە دەسەڵاتداری ئابووری و جێبەجێکاری سیاسی. شرۆڤەکارانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرپرسانی عێراق دەڵێن، عێراق تاڕادەیەکی زۆر لە ململانێی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا لە دژی ئێران دوورکەوتووەتەوە، بەهۆی بەرژەوەندی هاوبەشی نێوان گروپە چەکدارەکان و پشتیوانە ئێرانییەکانیان.

میلیشیاکانی عێراق، ئەگەر بەهۆی چوونە شەڕی ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکاوە، گورزیان بەر بکەوێت، ئەوا دەتوانێت ئەو 3.5 ملیار دۆلارە بخاتە مەترسییەوە کە لە بودجەی عێراقدا بۆیان تەرخانکراوە، کە بەپێی وەزارەتی گەنجینەی عێراق، ئەم پارەیە بۆ پێدانی مووچەی میلیشیاکان و پێشکەشکردنی جۆرەکانی دیکەی پشتیوانییە.

ئێرانیش بە هەمان شێوە سوود لە ئارامیی دراوسێکەی وەردەگرێت. بەرپرسێکی باڵای عێراقی کە وەک ئەوانی دیکە کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کراوە بۆ ئەم ڕاپۆرتە، بە مەرجی ئەوەی ناوی ئاشکرا نەکرێت لەسەر بابەتێکی هەستیار قسەی کردووە، دەڵێت: "عێراق تاڕادەیەکی زۆر لە دەرەوەی ململانێکان ماوەتەوە بەهۆی خواستی ئێران بۆ پاراستنی دۆخی ئێستا". ئەوان لەوە تێدەگەن کە سەقامگیری عێراق زۆر گرنگە بۆ ئاسایشی نیشتمانی خۆیان و هەروەها بۆ دۆخی ئابووریشیان.”

بەگوێرەی توێژەرانی دامەزراوەی بیرکردنەوەی کاروباری نێودەوڵەتی چاتام هاوس، لە کاتێکدا حکومەتەکانی ڕۆژئاوا هەوڵی گۆشەگیرکردنی ئێرانیان داوە بە سزاکان، عێراق بووەتە سیی ئابوری ئێران. نەک هەر عێراق هاوبەشێکی بازرگانی سەرەکییە، بەڵکو ئێران سوود لە ئاڵوگۆڕی دراوی عێراقی وەردەگرێت بۆ گواستنەوەی پارە، هەروەها بەندەرەکانی عێراقیشی بەکارهێناوە بۆ دەستکاریکردن و گۆڕینی ناوی بەرهەمە نەوتییە سزادراوەکانی خۆی، ئەمەش دەستڕاگەیشتنێکی بەنرخی بۆ تاران بۆ ئابووری نێودەوڵەتی دابینکردووە.

توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە عێراق پەناگەیەکی پارێزراویشی بۆ گروپەکانی دیکەی پاڵپشتیکراوی ئێران دابین کردووە، چونکە کەوتوونەتە ژێر فشارەوە. دوای کوژرانی حەسەن نەسروڵڵای سەرۆکی حیزبوڵڵا لەلایەن ئیسرائیلەوە لە مانگی ئەیلولدا، دەیان کەسایەتی باڵای بازرگانی حیزبوڵڵا گەشتیان کرد بۆ عێراق، کە گروپەکە وەبەرهێنانی دارایی بەرچاوی تێدا کردووە.

پێدەچێت گروپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران بۆ ئێستا لە پەراوێزدا بمێننەوە. ڕەنگە ئێرانییەکان ئەمە وەک بژاردەیەک بۆ جێگیرکردنی داهاتوو ببینن. ئێرانییەکان هەوڵی ئەوە نادەن هەموو کارتەکانیان بە یەکجار یاری پێبکەن.

بەهەمان شێوە بەرپرسێکی باڵای عێراق ئاماژەی بەوەدا کە ئەم گروپانە "دوا کارتی ئێرانن".

بەرپرسێکی تاقمی عەسائیب حەق کە لایەنگری ئێرانە، کە ڕۆڵیان لە حکومەتی عێراقدا هەیە، ڕایگەیاند، کوتلە چەکدارەکانی عێراق لەسەر "چاوەڕوانی هۆشیارانە" ماونەتەوە. ئەو بەرپرسە وتی: "ئێمە نامانەوێت بەشداری شەڕ بکەین، هەرچەندە لایەنەکانی بەرەی مقاوەمە ئامادەن وەڵام بدەنەوە، بەڵام ئەمە بەندە بە ڕەوتی ڕووداوەکان و کاریگەرییەکانیان لەسەر وڵاتەکەمان."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP