هەرێم نیوز
یاریدەدەری سەرۆك وەزیرانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ئەو کاتەی من باسم لەم پلانانە کرد کە دژی هەرێم بەڕێوەیە هەندێک بەرپرسی باڵای کورد لەبەر بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان کە لێیان تێک نەچێت پێچەوانەی من قسەیان کرد و دەشڵێت: چارەسەری پرسی مووچە نزیكە.
ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردۆتەوە، چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێم لە کۆتا ڕۆژەکانیەتی و یەکلا دەبێتەوە.
دەشڵێت: بەس بۆ وەبیرهێنانەوە ئەو موناقەشە و وتوێژە توندەی دوێنێ 2025/7/8 لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە نێوان سەرۆک وەزیرانی عێراق و دکتۆر فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوە لەسەر پرسی مووچە و بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێم ڕوویدا، بەندە لە مانگی 1ی ئەمساڵدا بە نامەیەکی دوور و درێژ قیادەی هەرێمم لێ ئاگادار کردەوە بە تەفاسیل و بە زانیاری و دۆکیومێنتی دروست، کە ئەم پێشهاتانە ڕوودەدات و نیەتی خراپتریشیان هەیە ئەگەر ئەم بابەتانەیان بۆ بچێتە سەر، قۆناغ بە قۆناغ جێبەجێی دەکەن.
ئاشكراشی كردووە، من چەند مانگێك لە بەغداد بووم پیلان و عەقڵیەتی ئەوانم خوێندەوە، كە نیەتیان چیە بەرامبەر بە هەرێم و دەستكەوتەكانی، لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم 2025/1/11 بە ئامادەبوونی وەزیرە کوردەکان لە بەغداد و بەشێک لە سەرۆکی کوتلە کوردییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران بە وردی ئەم دۆخەی ئێستام بۆ باسکردن کە ڕوودەدات.
جەختیشی كردۆتەوە، ئەو کاتەی من باسم لەم پلانانە کرد کە دژی هەرێم بەڕێوەیە هەندێک بەرپرسی باڵای کورد لە حکومەتی بەغداد و هەندێک پەرلەمانتاری کورد لە بەغداد لەبەر بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان، کە لێیان تێک نەچێت پێچەوانەی من قسەیان کرد.
بە وتەی ڕێباز حەملان، بەکورتی ئەوەی ڕوودەدات بەرامبەرمان لە بەغداد سێ هۆکارە :
یەکەم؛ پیلانێکی سیاسی زاڵمانەیە و بریارێکی نادەستوری و نادادییە.
دووەم؛ بانگەشەی پێشوەختەی لایەنەکانە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
سێیەم: دەستی هەندێک کەس و لایەنی ناوخۆیی ناو هەرێمە کەبەردەوام جێبەجێکاری پلانەکانی هەندێک لایەنی شۆڤێنی عێراقین لە هەرێم .